رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا رۆژی هەینی 31-01-2025 بە جیاوازییەکی کەمی دەنگ، پڕۆژەیاسایەکی رەتکردەوە کە بۆ سنووردارکردنی کۆچ، لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە بە پشتیوانیی پارتی راستڕۆی تووندڕۆی "جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا" (AfD) پێشکێش کرابوو.
هاوپەیمانیی CDU-CSUی پارێزگار، رۆژی چوارشەممە بڕیارێکی ناپابەندکەری بۆ تووندکردنی سیاسەتی کۆچ، بە پشتیوانیی پارتی AfD لە پەرلەمان تێپەڕاند.
هەوڵەکانی رۆژی هەینی بۆ پەسندکردنی یاسایەکی تەواو، شکستی هێنا. پڕۆژەیاساکە بە 338 دەنگی بەڵێ و 350 دەنگی نەخێر و 5 دەنگی بەتاڵ، رەتکرایەوە.
ئەنجامەکە لەلایەن هاوپەیمانیی فەرمانڕەوای سۆسیال دیموکرات و سەوزەکانەوە، کە گەورەترین لایەنی دژی پڕۆژەیاساکە بوون، بە چەپڵەلێدانێکی کورت پێشوازیی لێکرا.
دەنگدانەکە بۆ چەند کاژێرێک دواخرا، تاوەکو دوا گفتوگۆکان لەنێوان CDU-CSU و پارتە میانڕۆکانی دیکە بۆ دۆزینەوەی رێککەوتنێک ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەم هەوڵانە شکستیان هێنا و دەنگدانەکە بەگوێرەی پلان بەڕێوەچوو.
ئەلیس ڤایدەل، سەرکردەی AfD بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند کە ئەنجامەکە "شکستێکی تاڵ" بوو بۆ فریدریش مێرتس، سەرۆکی CDU و نیشانیدا کە ناتوانێت رێوشوێنەکانی سنووردارکردنی کۆچ جێبەجێ بکات.
رۆژی چوارشەممە، CDU کاردانەوەیەکی توندی نایەوە کاتێک بڕیارێکی ناپابەندکەری لەسەر کۆچ بە دەنگەکانی AfD دەرکرد، کە یەکەمین جار بوو لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە زۆرینەیەکی لەو جۆرە بە یەکگرتنی توندڕۆ و میانڕۆکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا پێکبهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ