رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ نوێنەرێکی خۆی رەوانەی ڤەنزوێلا کردووە و پەیامی بە سەرۆکی ئەو وڵاتە داوە، دەبێت بێ مەرج رێگە بدات پەناخوازە ڤەنزوێلییەکان بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەی.
رۆژی هەینی 31ی کانوونی دووەمی 2025 ماوریکۆ کلاڤێر کارۆن، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەمریکای لاتین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی، "سەرۆک ترەمپ چاوەڕێ دەکات نیکۆلاس مادۆرۆ [سەرۆکی ڤەنزوێلا] هەموو تاوانبارە ڤەنزوێلییەکان و ئەندامانی باندە تاوانبارییەکان وەربگرێتەوە کە هاتوونەتە ئەمریکا."
قسەکانی ماوریکۆ لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ریچارد گرێنڵ وەکو نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا بۆئەوەی لەگەڵ مادۆرۆ پرسی پەناخوازان یەکلایی بکاتەوە.
ماوریکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، "تەنیا داوای من لە حکومەتی مادۆرۆ، لە رژێمی مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا، ئەوەیە کە گوێ لە داواکارییەکانی گرێنڵ بگرێت و ئەوەی دەیخاتە سەر مێزەکە لەبەرچاوی بگرن، چونکە ئەگەر وانەکەن، بە دڵنیاییەوە لێکەوتەکانی دەبینن."
پەیوەندیی نێوان ڤەنزوێلا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندییەکی ئاڵۆزە.
ئەمریکا، ڤەنزوێلا بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکات و تۆمەتی ئەوەشی دەخاتە پاڵ کە پەناخوازان رەوانەی ئەمریکا دەکات؛ هەروەها پەیوەندییە بەهێزەکانی ڤەنزوێلا لەگەڵ رووسیا، چین و ئێران جێگەی نیگەرانی واشنتنە.
ئەمریکا ژمارەیەک سزای ئابووری قورسی بەسەر ڤەنزوێلادا سەپاندوون. هەرچەندە ئیدارەی بایدن سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلای سووکتر کردن، لەبەرامبەر ئەوەی ئەو ئەمریکیانەی لەوێ زیندانی کراون ئازاد بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتەکەی مادۆرۆ ئازادی نەکردوون.
حکومەتەکەی مادۆرۆ تاوەکو ئێستا 10 هاووڵاتی ئەمریکی لە وڵاتەکەی زیندانی کردوون، تۆمەتی ئەوەی داونەتە پاڵ کە ویستوویانە پلان دژی حکومەتی ئەو وڵاتە دابنێن.
ترەمپ لە 20ـی ئەم مانگەوە وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بووە، لەوکاتەوەش وەکو لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی دابوو، دەستی بە رەوانەکردنی پەناخوازان کردووەتەوە.
هەر دوای دەستبەکاربوونی، ترەمپ بە بڕیاریدا کە کۆتایی بە پارێزبەندی ئەو 600 هەزار ڤەنزوێلییە بهێنێت کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە ئەمریکا دەژین و لە سەردەمی بایدن رێگە لە دیپۆرتکردنەوەیان گیرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ