رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ستۆکهۆڵم دەڵێت، هەر پێنج گومانلێکراوەکە کە لە کەیسی کوژرانی سەلوان مۆمیکا دەستگیر کرابوون، ئازاد کراون.
رۆژی هەینی 31ی کانوونی دووەمی 2025 راسموس ئۆمان، داواکاری گشتیی ستۆکهۆڵم رایگەیاند، "گومانەکان رەوێندرانەوە و هیچ هۆکارێک نابینم بۆئەوەی ئەو کەسانە بە دەستگیرکراوی بهێڵمەوە."
داواکاری گشتیی ستۆکهۆڵم ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی سەلوان مۆمیکا بەردەوامە.
سەلوان مۆمیکای تەمەن 38 ساڵ، رۆژی 29ی ئەم مانگە، لە شوقەیەک لە باشووری ستۆکهۆڵمی سوێد تەقەی لێکرا و کوژرا.
چەند کاژێرێك دوای کوژرانی، پۆلیسی سوێد رایگەیاند، پێنج گومانلێکراوی پەیوەندیداریان بە رووداوەکەوە دەستگیر کردووە.
مۆمیکا ساڵی 2018 چووە سوێد و ساڵی 2021 مافی مانەوەی سێ ساڵەی لەو وڵاتە وەرگرت؛ هاوینی 2023 کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەوەش کاردانەوەی تووندی موسڵمانانی جیهانی لێکەوتەوە.
بڕیار بوو کاژێر 11ی بەیانیی رۆژی 30 ئەم مانگە، دادگای ستۆکهۆڵم بڕیار لەسەر دۆسیەی هاندان دژی گرووپێکی ئایینی بدات کە دژی مۆمیکا و هاوڕێکەی سەلوان نەجم تۆمارکرابوو.
دادگای ستۆکهۆڵم رایگەیاند، "دوای پشتڕاستکردنەوەی مردنی یەکێک لە تۆمەتبارەکان، پێویستە حوکمەکە بگونجێندرێت، لەبەر ئەوەی ناکرێت کەسێکی مردوو حوکم بدرێت."
سەلوان نەجم بە میدیای سوێدی راگەیاند، پۆلیس شەوی پێنجشەممە لێکۆڵینەوەیەکی کورتی لەگەڵ کردووە و پرسیاری لێکردووە کە دوایین جار کەی مۆمیکای بینیوە.
سەلوان نەجم گوتی، "دوایین جار لەکاتی دادگاییکردنەکەدا یەکدیمان بینی. کاتێک تەواو بووین، پێمگوت، رەنگە زیندانی تاهەتایی بدرێین و پێکەوە پێکەنین."
سەلوان مۆمیکا لە پاییزی 2023 مۆڵەتی مانەوەی کاتیی لە سوێد هەڵوەشێندرایەوە و هەوڵیدا لە نەرویج داوای پەنابەری بکات، بەڵام دواتر گەڕایەوە سوێد و ساڵی رابردوو مۆڵەتی مانەوەی ساڵێکی پێدرایەوە.
فەرمانگەی کۆچی سوێد رایگەیاند، ئەگەر بگەڕێتەوە عێراق مەترسیی ئەشکەنجەدانی لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ