رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرێس و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بەکارهێنانی ئەپی دەپسیک، ژیریی دەستکردی چینی لە کارمەند و ئەندامانیان قەدەخە دەکەن، لەبەرئەوەی گومانیان لەوە هەیە ئەپەکە خزمەت بە حکومەتی چین بکات.
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی باس لەوە دەکات، بەڕێوەبەری کارگێڕیی ئەنجوومەنی نوێنەران نامەیەکی بۆ نووسینگەکانی کۆنگرێس ناردووە و هۆشداری پێداون کە جارێ دیپسیک بەکارنەهێنن، چونکە "هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوە"ی ئەمریکادایە.
پێنتاگۆنیش دیپسیکی لەسەر هەموو کۆمپیوتەر و ئامێرەکانی قەدەخەکردووە، دوای ئەوەی کارمەندەکانی بێ ئاگاداری خۆیان، لە کاتی بەکارهێنانی ئەپەکەدا کۆمپیوتەرەکانیان بە سێرڤەرەکانی چینەوە گرێدرابوو.
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، کارمەندانی پێنتاگۆن لانیکەم دوو رۆژ دیپسیکیان بەکارهێنابوو پێش ئەوەی رابگیرێت.
ئەپە چینییەکە بە تێچوویەکی کەم و هێزێکی گەورەوە هاتە نێو گۆڕەپانی تەکنەلۆجیای جیهانی و بووە هەڕەشە لەسەر پێشەنگبوون و باڵادەستیی چات جی پی تی و گووگڵ جێمنای.
نەهەنگە شینەکە 27ـی کانوونی دووەم دوایین وەشانی خۆی بە ناوی R1 خستەڕوو، کە دەتوانێت لە زۆر بواردا خێراتر و وردتر لە چات جی پی تی و ئەپە ئەمریکییەکانی دیکە وەڵام بداتەوە. لەو رۆژەدا بازاڕی تەکنەلۆجیای ئەمریکا گورزێکی گەورەی بەرکەوت و نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار لە بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکانی هاردوێر و سۆفتوێری ئەمریکا دابەزی.
هەر هەفتەی رابردوو ئەپە چینییەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا بووە یەکەمینی ئەپستۆر و گووگڵ پلەی کە زۆترین جار دابەزێنراوە.
تەنانەت سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای OpenAI کە پەرەپێدەری ئەپی چات جی پی تییە، دانی بە پێشکەوتوویی دیپسیک دانا و گوتی "سەرسامکەرە".
زیادبوونی خێرای بەکارهێنەرانی دیپسیک نیگەرانیی بەرپرسانی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە کە گومانیان هەیە لە لایەن حکومەتی چینەوە بۆ سیخوڕیکردن بەکاربهێنرێت.
هێزی دەریایی ئەمریکا 24ـی کانوونی دووەم، لەبەر هەمان نیگەرانی، ئەپەکەی لە ئەندامانی خۆی قەدەخەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ