رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لەم ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت مۆسکۆی پایتەختی رووسیایە. بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەم ساڵ بەفر بە کەمی لە شەقامەکان بینراوە. ئەمە بەشێک لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دڵخۆش و بەشێکیانی دڵتەنگ کردووە.
گالینا کازاکۆڤا، هاووڵاتییەکی رووسییە و لەبارەی کەشوهەوای ئەم ساڵی مۆسکۆ دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە من حەزم لە زستانی لەوشێوەیە نییە، حەزم لێیە بەفر هەموو شوێنێک بگرێتەوە بۆ ئەوەی کەشێکی زستانەی هەبێت. لەلایەکی دیکەش، نەبارینی بەفر وایکردووە کە بتوانین بەئاسانی بەسەر شەقامەکان پیاسە بکەین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کەشوهەوایە بۆ ژینگە زۆر خراپە و زیانی پێدەگەیێنێت."
کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە رووسیا بەخێرایی دەردەکەون و دیاردەی گەرمبوونی زەوی لەو وڵاتە بەراورد بە وڵاتانی دیکە 2.5٪ خێراترە.
تێکڕای پلەی گەرمای مانگی یەک لە ساڵانی رابردوو لە مۆسکۆ نزیکەی 10 پلەی ژێر سفر بووە، بەڵام ئەم ساڵ گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە، تاوەکو ئێستا تێکڕای پلەی گەرما 7 پلەی سیلیزی بووە.
بەشێکی رووسەکانیش بە کەشوهەوای لم شێوەیەی کەم بەفر دڵخۆشن.
ئۆلگا مێدڤێدیڤا، هاووڵاتییەکی دیکەی رووسییە و لەبارەی کەشوهەوای ئەم ساڵی وڵاتەکە دەڵێت، "راستییەکەی من حەزم لەم کەشوهەوایەیە. هەستێکی خۆشە کە بە شەقامەکاندا پیاسە دەکەیت. ئێستا دوای ماوەیەکی زۆر دەتوانین بە جلێکی ئاسایی هاتووچۆ بکەین."
پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەری گەورەی نەرێنیی لەسەر ژێرخانی رووسیا دەبێت و کەرتی کشتوکالیش پشکی شێری زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوای بەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ