وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ترەمپ لە کڕینی گرینلاند جدییە

31-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە چەند رۆژێکە دەستبەکاربووە دەڵێت، ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سوورە لەسەر کڕینی گرینلاند، ئەمە لە کاتێکدایە گرینلاند لەژێر سەروەریی دانیمارک دایە و ناڕەزایەتیی تووندی خۆیان بۆ ئەو داوایەی ترەمپ پێشانداوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 30-01-2025 مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، دڵنیاییدا کە ئەمریکا سوپا لە دژی دانیمارک بەکارناهێنێت، بەڵام گوتی: "گوتەکانی ترەمپ لەسەر گرینلاند گاڵتە نین."
 
روبیۆ گوتی: "ئەوەی سەرۆک ترەمپ مەبەستی بوو بیکات باسی کرد، کە کڕینی گرینلاندە. ئەمە تەنیا بەدەستهێنانی خاک نییە، بەڵکو ئەمە بەرژەوەندییەکی نیشتمانییە و پێویستە چارەسەر بکرێت."
 
دانیمارک ئەندامی ناتۆیە، لەمبارەوە روبیۆ گوتی: "ئێمە رێککەوتنێکی بەرگریمان لەگەڵ دانیمارک هەیە، ئەگەر گرینلاند پەلامار بدرێت، دەیپارێزین."
 
میتە فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک پێشتر لەسەر هەڕەشەکانی ترەمپ قسەی لەگەڵ هاوتا ئەورووپییەکانی کردبوو، هەروەها گوتیشی، لەگەڵ ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
 
روبیۆ گوتی، ئەو لەو پەیوەندییە بەشدار نەبووە، "بەڵام سەرۆک ترەمپ لەگەڵ خەڵک بە شێوەیەکی راستەوخۆ و راستگۆ قسەدەکات. من پێموایە لەزۆر باردا دیپلۆماسی باشترە."
 
روبیۆ نیگەرانیی خۆی لە چین دەربڕی و گوتی، ئەوان دەیانەوێت دەستیان بە بەستەڵەکی باکوور بگات؛ "شتێکی راستەقینەیە ئەگەر بڕوا بەوە بکەین کە لە کۆتاییدا، ئەگەری هەیە چین لە ماوەیەکی کورت، ئەوەی لە کەناڵی پەنەما کردیان، لە گرینلاند و شوێنی دیکەش بکەن."
 
رۆژی 28ی کانوونی دووەمی 2025 میتە فرێدریکسن سەردانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەلجیکای کرد و لەگەڵ سەرکردەکان باسی لە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی گرینلاند کرد.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، فرێدریکسن لە پاریس بە رۆژنامەڤانانی گوت، ماکرۆن زۆر پشتیوانیی لێ کردووە.
 
فرێدریکسن ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەوە پەیامێکی زۆر زۆر روونە... بە دڵنیاییەوە دەبێت رێز لە خاک و سەروەریی وڵاتان بگیرێت."
 
سەرۆکوەزیرانی دانیمارک لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاش لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەو وڵاتە کۆبوویەوە. دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا شۆڵتز گوتی: "نابێت بە هێز سنوورەکان بگوازرێنەوە."
 
هەروەها لارس لۆکی راسمسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک لە کۆپنهاگنی پایتەختی وڵاتەکەی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ترەمپ دەستی بە گرینلاند ناگات."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەم مانگە رایگەیاند، بەدووری نازانێت هێز یان گوشاری ئابووری بەکاربێنێت بۆئەوەی گرینلاند، کە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆی دانیمارکە، بکاتە بەشێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ترەمپ پێیوایە ئەوە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گرنگە.
 
رۆژی 27ـی ئام مانگە، دانیمارک لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپ رایگەیاند، دوو ملیار دۆلار بۆ ئاسایشی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکە تەرخان دەکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد، سێ کەشتی دیکەی جەنگی و درۆنی پێشکەوتوو دەنێرێتە هەرێمەکە و مانگە دەستکردەکانی بەرەوپێشەوە دەبات. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە چەپەوە بۆ راست: ئیمانوێل ماکرۆن و دۆناڵد ترەمپ، وێنە: AFP

ماکرۆن بۆ ترەمپ: نابێت ئاگربەست لە ئۆکراینا بە واتای خۆبەدەستەوەدان بێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و مژاری گەرم و سەرەکییان کۆتاییپێهێنانی جەنگی سێ ساڵەی نێوان ئۆکراینا و رووسیا بوو، هەرچەندە لەبەردەم کامێراکان دا وەک دوو دۆستی نزیک دەرکەوتن، بەڵام هەموو بۆچوونەکانیان لەسەر ئەو پرسە هاوبەش نەبوو.