ئەمریکا و کۆریای باشوور مانۆڕە سەربازییەکانیان فراوان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا جێگیرکردنی چەکی پێشکەوتووی وەک فڕۆکەی جەنگی و بۆمبهاوێژ لەسەر نیمچەدوورگەی کۆریا زیاد دەکات، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی لەگەڵ کۆریای باشوور لە وەڵامی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور. گوتیشی، ئەمریکا بە هەموو جۆرە چەکێک، بە ئاسایی و ئەتۆمیشەوە، بەرگریی لە هاوپەیمانەکەی دەکات. 
 
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئەمڕۆ لە سیئۆل لەگەڵ لی جۆنگ سوپ، وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور کۆبووەوە و لەسەر ئەوە رێککەوتن کە مانۆڕە سەربازییەکانیان فراوان بکەن و "لە کاتی گونجاو و بە هاوئاهەنگی" چەکی ستراتیجیی ئەمریکا لە ناوچەکە جێگیربکرێن. 
 
وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و کۆریای باشوور هەروەها گفتوگۆیان لەسەر مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشی نێوانیان کرد کە بڕیارە بە مەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆریای باکوورەوە، لە مانگی شوبات بەڕێوەبچێت. 
 
سەردانەکەی ئۆستن بۆ سیئۆل لە کاتێکدایە کە کۆریای باشوور دەیەوێت دڵنیایی زیاتری پێبدرێت لەوەی کە ئەگەر کۆریای باکوور هێرشی ئەتۆمیی بکاتە سەر، ئەوا ئەمریکا چەکە ئەتۆمییەکەی بۆ بەرگریکردن لە کۆریای باشوور بەکاردەهێنێت. 
 
بەهۆی ئەوەی کە کۆریای باکوور لە ساڵی 2022 دەیان مووشەکی تاقیکردنەوە، کە بەشێکیان توانای هەڵگرتنی نووکی ئەتۆمییان هەبوو، نیگەرانییە ئەمنییەکانی کۆریای باشوور زیاتر بوون. مەودای بەشێک لەو مووشەکانەی کۆریای باکوور دەگاتە کۆریای باشوور و ئەمریکاش، ئەمە بەگوێرەی پیۆنگ یانگ. 
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەکەیان، ئۆستن و لی رایانگەیاند کە لەسەر بەردەوامیدان بە راهێنانە سەربازییە هاوبەشەکانی ساڵی رابردوو رێککەوتوون، کە لە یەکێک لەو راهێنانانەدا، فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیجیی ئەمریکا بەشداربوون و توانای خۆیان لە بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هێرشی ئەتۆمیی کۆریای باکوور پێشاندا. 
 
لە ساڵانی داواییدا، کۆریای باشوور و ئەمریکا مانۆڕە هاوبەشەکانیان کەمکردەوە، بەشێکی لە ماوەی ئیدارەی ترەمپدا بوو بۆ ئەوەی بوار بە هەوڵە دیپلۆماسیەکان لەگەڵ پیۆنگ یانگ بدەن، بەشێکی دیکەشی بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە بوو. 
 
ئۆستن گوتی: "ئێمە فڕۆکەکانی نەوەی پێنجەم، ئێف 22 و ئێف 35مان جێگیرکردوون، ئێمە کەشتیێکی فڕۆکە هەڵگری هێرشبردنمان دەستنیشانکردووە بۆ ئەوەی سەردانی نیمچە دوورگەکە بکات، دەتوانن چاوەڕێی چالاکی زیاتری لەو جۆرە لە داهاتوودا بکەن."