کەپسولێک لە ئوسترالیا وندەبێت؛ بەقەد نینۆکێکە و تاوەکو 300 ساڵی دیکە مەترسییەکەی دەمێنێت


رووداو دیجیتاڵ 

بیستووتە کە دەڵێن، "وەک ئەوەیە لەنێو کاداندا بەشوێن دەرزیدا بگەڕێیت؟" ئەمە رێک دۆخی ئەم رۆژانەی ئوسترالیایە کە بەدوای کەپسولێکی تیشکدەردا دەگەڕێن دوای ئەوەی لە کۆمپانیایەکی مین بەربووەتەوە. مەترسییەکە بەجۆرێکە، تاوەکو نزیکەی 300 ساڵی دیکە هەر کەسێک ئەو کەپسولە هەڵبگرێتەوە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی و گیانلەدەستدانیشی هەیە. 
 
قەبارەی ئەو کەپسولە هەر بە ئەندازەی دراوێکی ئاسنین یان نینۆکی مرۆڤێک دەبێت. ئەو کۆمپانیایەی ونی کردووە باوەڕی وایە لەسەر رێگەیەکی خێرا لە گەورەترین ویلایەتی ئوسترالیا کە درێژایی 1400 کیلۆمەترە، کەوتووە، تیمەکانیش بەردەوامن لە گەڕان، بەڵام هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوتووە. 
 
کۆمپانیاکە ناوی ریۆ تینتۆیە و دووەم گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئاسن و دروستکردنی مینە کە لە ساڵی 1837ـەوە دامەزراوە. رۆژی رابردوو کۆمپانیاکە داوای لێبووردنی لە خەڵک کرد و رایگەیاند، "داوای لێبووردن دەکەین و ئێمە دەزانین ئەم پرسە جیدییە و خەممانە."
 
مەترسیداریی کەپسولەکە بەهۆی ئەو ماددەیەی ناویەتی کە پێی دەگوترێت Caesium-137، دەسەڵاتدارانی ئوسترالیا باوەڕیان وایە لەنێو ئەو کەپسولەدا ئەوەندە لەو مادەیە هەیە کە خەڵکی تووشی نەخۆشیی سووتانی پێست و شێرپەنجەی کوشندە بکات بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە بۆ ماوەیەک بەبێ ئاگایی بەرکەوتنیان لەگەڵ کەپسولەکە هەبێت. 

 

 
کۆمپانیای WA کە ئامێری تایبەت بە پاراستنی خەڵک لە تیشکدانەوە دروست دەکات دەڵێت: کاریگەریی ئەو ماددەیەی نێو کەپسولەکە بەجۆرێکە، ئەگەر بە دووریی یەک مەتر لە نزیکی کەپسولەکە بیت بۆ ماوەی یەک کاژێر، وەک ئەوەیە 17 جار تیشکی X بۆ سینگت بگریت. 
 
نەخۆشییەکی جیدی کە بەهۆی بەرکەوتن یان نزیکبوون لە کەپسولەکە تووشی خەڵک دەبێت، نەخۆشیی تیشکاوەرییە و ئەم کاریگەرییانەی لەسەر کەسی تووشبوو دەبێت کە لە چەند کاژێرێکەوە بۆ ماوەی چەند مانگێکیش دەکرێت بەردەوام بێت: 
 
- نەمانی ئارەزووی خواردن، بێهێزی و تا
 
- هێڵنج و رشانەوە و سکچوون
 
- گەشکە و بێهۆشبوون
 
کۆمپانیای WA دەشڵێت، ئەگەر کەسێک بە دەستی رووتی کەپسولەکە هەڵبگرێتەوە، ئەوا زیان بە پەنجەکان و پێستەکەی سەریان دەگەیێنێت. 
 
یەکێک لە ئەگەرە مەترسیدارەکان ئەوەیە منداڵێک بیدۆزێتەوە و لە گیرفانیدا هەڵی بگرێت، ئیڤان کێمپسۆن، پرۆفیسۆر لە بایۆفیزیا دەڵێت: ئەمە هەرچەندە دەگمەنە، بەڵام پێشتر روویداوە و دەکرێت دووبارە رووبداتەوە کە مەترسیی جدی بۆسەر تەندروستی و ژیانی منداڵەکە دروست دەکات.