ساڵی رابردوو 12,640 کۆچبەری سووریایی داوای مافی پەنابەرێتییان لە هۆڵەندا کردووە


رووداو دیجیتاڵ

هۆڵەندا دەڵێت لە ماوەی ساڵی 2022 دا سەروو 35 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرێتییان پێشکێشی وڵاتەکە کردووە، کە سووریاییەکان پشکی شێریان بەرکەوتووە. 
 
رۆژی دووشەممە، 30ـی کانووونی دووەمی 2023، نووسینگەی ناوەندیی ئاماری فەرمیی هۆڵەندا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی 2022دا 12 هەزار و 640 هاووڵاتیی سووریا داوای پەنابەرێتییان پێشکێشکردووە. دەشڵێت، 70٪ـی داواکارییەکانیشیان لە نیوەی دووەمی ساڵەکە پێشکێشکراون.
 
بەگوێرەی نووسینگەی ناوەندیی ئاماری فەرمیی هۆڵەندا، لە هەمان ساڵدا حەوت هەزار و 240 کەس بۆ گەیشتن بە خێزانەکانیان، لە سووریاوە چوونەتە ئەو وڵاتە. 
 
نووسینگەکە دەشڵێت، پەناخوازە سووریاییەکان زۆرترینی ئەوانە بوون کە داوای پەنابەرێتییان پێشکێشی وڵاتەکە کردووە و 36٪ـی کۆی ئەو پەناخوازانە پێکدێنن. بە واتایەکی دیکە، لە هەر سێ کەس کە داوای پەنابەرێتییان پێشکێشکردووە، یەکێکیان سووری بووە. دەشڵێت، ژمارەی گەیشتنی کۆچبەرە سووریاییەکان بۆ ئەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی پێشتر 50٪ زیادیکردووە. 
 
هەریەکە لە ئەفغانستان، تورکیا و یەمەن لەدوای سووریاوە دێن، کە هاووڵاتییەکانیان داوای پەنابەرێتییان پێشکێشی هۆڵەندا کردووە.
 
ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی پێشتر، 44٪ زیادیکردووە، ئەوەش دوای ئەوە دێت رێکارەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا لە مانگی ئاداری 2022 هەڵگیران و گەشتکردن بۆ وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا ئاسانتر بوو. 
 
ئەو ژمارانە ئۆکراینییەکان ناگرێتەوە. تاوەکو ئێستا 87 هەزار ئۆکراینی بەهۆی جەنگەوە لە شوباتی ساڵی رابردووەوە روویان لەو وڵاتە کردووە و هەڵومەرجی پەنابەرێتییان جیاوازە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.