رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی فڕۆکەی شەڕکەری F-16 بە ئۆکراینا بدات بۆ ئەوەی لە دژی رووسیا بەکاریبهێنێت، بەڵام باس لەوە دەکات سەردانی پۆڵەندای هاوپەیمانی دەکات.
رۆژی دووشەممە، 30ـی کانوونی دووەمی 2023، کاتێک لە کۆشکی سپی پرسیار لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کرا، کە ئایا ئەو لەگەڵ ئەوەدایە فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 16 بنێردرێنە ئۆکراینا کە سەرکردەکانی وڵاتەکە داوایانکردووە؟ بایدن بە "نەخێر" وەڵامی دایەوە و گوتی، "من دەچمە پۆڵەندا. هەرچەندە نازانم کەی."
ئەوەش دوای ئەوە دێت لە وڵاتانی رۆژئاوا دواجار لەم مانگەدا رەزامەندییان دەربڕی بۆ پێدانی تانک بە ئۆکراینا؛ بەریتانیا بە تانکی چاڵێنجەر، ئەمریکا بە ئابرامز و ئەڵمانیاش بە پێدانی لیۆپارد بڕیاریانداوە هاوکاریی ئۆکراینا بکەن.
ئەم هاوکارییە لە چەکی پێشکەوتوو و قورس بۆ ئۆکراینا، وایکرد هیوای ئەوە لای ئۆکراینییەکان دروستببێت کە وڵاتانی رۆژئاوا فڕۆکەی شەڕکەریشی پێبدەن، لەنێویدا فڕۆکەی ئێف 16، بەڵام پرسەکە هێشتا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە یەکلایی نەکراوەتەوە.
بەڵام رۆژی دووشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی کە پێدانی فڕۆکەی جەنگی بە ئۆکراینا شتێک نییە لە کردن نەیەت.
لەگەڵ ئەوەی ساڵیادی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا نزیکدەبێتەوە، چاوەڕواندەکرێت بایدن سەردانی وڵاتانی ئەوروپا بکات بۆ ئەوەی پاڵپشتیی بۆ ئەو هاوپەیمانییە پێشانبدات هاوکاریی ئۆکراینا دەکات. پۆڵەندا یەكێکە لەو وڵاتانەی چەقی هاوکارییەکانی گرتووە، چەک دەداتە ئۆکراینا و یەكێکە لە سەرەکیترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ