بەشێک لە بەریتانییەکان نیگەرانی پاش برێکزیتن

 
رووداو - هەولێر

ئەمشەو 31-01-2020، بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا دەچێتە دەرەوە. لایەنگران و دژبەرانی برێکزیت لە لەندەن خۆپێشاندان دەکەن و دژبەران لە کاریگەرییە ئابوورییەکانی پاش برێکزیت نیگەرانن. هێزی ئەمنیی زۆر لە لەندەن بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی گرژی بڵاوەیان پێکراوە. هەروەها بەرپرسانی لەندەن بڕیاریان دا ئاهەنگەکانی تایبەت بە برێکزیت قەدەخەبکەن.
 
سێر جۆن هەیس، پەرلەمانتاری پارتی دەسەڵاتدار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "برێکزیت هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ بەریتانیا، چونکە لە کۆتاییدا ئازاددەبین. کۆنترۆڵی یەکێتیی ئەوروپا هەنگاوێکی گرنگە بۆ رەخساندنی ئەو هەلەی بەریتانیا دەمێکە لە دەستی دابوو. ئێمە دەتوانین بازرگانی لەگەڵ جیهاندا بکەین و پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ کۆن و تازەکانماندا بۆ ئابووریەکی بەهێز ببەستین".
 
بارۆنێس کاهاین، لایەنگری پارتی دەسەڵاتدارە و دەڵێت، "ئەوە ئێستا لەپشتی شانۆوە روودەدات. هەرکەس دێت قەڵەمەکەی دێنێت و دەڵێت لێرە چی بکەین و لەوێ چی بکەین و ئەمە بۆ وڵاتەکە باشە".
 
لۆرد شەیخ، سەر بە پارتی دەسەڵاتدارە و ئاماژە بەوە دەکات، "هەست دەکەم ئێمە لە دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا باشتر دەبین. خەڵک لە وڵاتەکەدا کار بۆ پارتی کۆنسەرڤاتیڤ دەکات، چونکە سەرکردەی پارتەکە و سەرۆکوەزیران کە بۆریس جۆنسنە، دەیویست بەریتانیا جیابێتەوە و خەڵکیش پاڵپشتییان کرد". 
 
بە هەمان شێوەی دەنگی بەرزی دەسەڵات، هێشتا ئۆپۆزیسیۆنیش دەنگە زوڵاڵەکەی خۆی بۆ خراپپیشاندانی لێکەوتەکانی ئەو جیابوونەوەیە لەدەست نەداوە.
 
لۆرد بارۆنێس جۆلی، سەر بە پارتی لیبراڵ دیموکرات باس لەوە دەکات، "ئێمە ئێستا متمانەمان لەسەر زۆربەی کرێکارانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپایە کە لە کارگەکاندان و پێویستە وەبەرهێنان باش بکەین. ئێمە ناتوانین ئابووریمان باش بکەین ئەگەر خەڵكێکی زۆری یەکێتیی ئەوروپامان لەدەست بچێت. کۆمپانیا بیانیەکانیش شکستدێنن، وەک بەشێک لە ژێرخانی ئابووریی ئێمە".
 
جێبەجێکردنی برێکزیت بۆ بەرەی جیابوونەوە چنینەوەی بەرهەمی دەنگەکانیانە کە بۆ ئەو جیابوونەوەیە دایان. بۆ بەرەی مانەوەش قۆناخێکی پڕ لە راڕایی و دڵەڕاوکێیە. 
 
هۆشەنگ یەکێکە لەو هاونیشتمانییانەی 12 ساڵە ئەڵمانیای بەجێهێشتووە و لە لەندەن کاردەکات. ئەو دڵەڕاوکێی برێکزیت تەنگی پێهەڵچنیوە و نیگەرانی کردووە.
 
هۆشەنگ، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی لەندەنە و دەڵێت، "ئێستا نازانین ئیشەکەمان لەدەست دەچێت یان نا. نازانین ئابووریی ئەم وڵاتە دوای برێکزیت چ گۆرانکارییەکی بەسەردا دێت. تاوەکو دێت دڵەڕاوکێ بۆ خەڵک دروستدەکات و کاریگەریی زۆری داناوە". 
 
پەرلەمانی بەریتانیا بە دەنگی 358 پەرلەمانتار بەرامبەر 232 پەرلەمانتار چوونەدەرەوەی بەریتانیای لە یەکێتیی ئەوروپا پەسندکرد. پەرلەمانی ئەوروپاش کە لە 751 پەرلەمانتار پێکهاتووە، بە زۆرینەی دەنگ برێکزیتی پەسندکرد و بە رۆیشتنی بەریتانییەکانیش 678 پەرلەمانتار دەمێننەوە کە نزیکەی پەنجا ساڵە لەنێو هۆڵێکدا پێکەوە کۆدەبنەوە.