لە ئەسیوپیا 71 کەس لە رێگەی شایی کەوتنە نێو رووبارێکەوە و گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بارهەڵگرێک کە بەشداربووانی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری دەگواستەوە، لە ئەسیوپیا کەوتە نێو رووبارێک و بەهۆیەوە 71 کەس گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە لە ناوچەیەکی باشووری وڵاتەکە روویداوە کە 300 کیلۆمەتر لە ئەدیس ئەبابای پایتەخت دوورە و لە ویلایەتی (سیداما)یە.
رۆژی یەکشەممە، 30-12-2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی سیداما رایگەیاند: "رووداوەکە رۆژی شەممە، 29-12-2024 روویداوە، تاوەکو ئێستا 68 پیاو و سێ ژن بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە."
وەسەنیەلە سایمن، بەرپرسێکی فەرمانگەی گواستنەوەی ئەسیۆپیا رایگەیاند: "ئەوەی رووداوەکەی کارەساتبارتر کردووە، گاشە بەردەکانی نێو رووبارەکەن، بەشێکی زۆری سەرنشینەکان و شوفێری بارهەڵگرەکەش بەهۆی پێداکێشان بە بەردەوە گیانیان لەدەستداوە."
سایمن گوتی: "چوار لەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە یەک خێزان."
بەگوتەی ئەو بەرپرسە ئەسیوپییە، شوفێرەکە کۆنتڕۆڵی بارهەڵگرەکەی لەدەستداوە کە 76 کەسی تێدابوو، لە بەردەم پردێک ویستوویەتی پێچ بکاتەوە.
تەندروستیی وڵاتەکە چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە و دەردەکەوێت، کەسانێکی زۆر لە نزیک بارهەڵگرەکە وەستاون و هەوڵدەدەن بە پەت سەرنشینەکان رزگاربکەن. لە هەندێک وێنەی دیکەش چەند تەرمێک دەردەکەون، کە لەسەر شەقام ریزکراون.
سایمن رایگەیاند، کارمەندانی نەخۆشخانەیەکی نزیک لە رووداوەکە بە زوویی گەیشتنە شوێنەکە، هەوڵی دەرهێنانی بریندارەکان، مردووەکان و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنەکانیان دا.
لەنێو سەرنشینەکان تەنیا پێنج کەس رزگاریان بوو، دوو کەسیان برینیان سەختە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون. سێ کەسەکەی دیکە رەوانەی ماڵەوە کراون.
ئەسیوپیا دووەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقایە لە رووی دانیشتووانەوە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر رووداوی هاتووچۆی لێ روودەدات. بەشێکی زۆری هۆکارەکەش بەهۆی خراپیی رێگەوبانی وڵاتەکەوەیە.
سەرەتای 2024 پاسێک لە باشووری ئەسیۆپیا کەوتە نێو رووبارێک، لانیکەم 28 کەس گیانیان لەدەستدا و 19ـی دیکەش بەسەختی برینداربوون.
لە ساڵی 2018 لە باکووری وڵاتەکە، بارهەڵگرێکی سوپا خۆی بە پاسێکی بچووکدا کێشا و 18 کەس گیانیان لەدەستدا.
لە ساڵی 2004 و 2005، دوو پاس لە شاخێک کەوتنە خوارەوە لە هەریەکێکیان لانیکەم 30 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کیشوەری ئەفریقا 4٪ـی هەموو ئۆتۆمبێلەکانی جیهانی لێیە و ساڵی پار 19٪ـی مردن بەهۆی رووداوی هاتووچۆ لەو کیشوەرە بووە.