جیمی کارتەر؛ 39یەمین سەرۆکی ئەمریکا بناسە
رووداو دیجیتاڵ
شاری پلاینس لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا شوێنی لەدایکبوونی جیمی کارتەر، 39یەمین سەرۆکی ئەمریکایە. کارتەر لە تەمەنی 100 ساڵیدا لە هەمان شار کۆچی دوایی کرد.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "رۆژێکی خەمناکە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا زۆر لە بیرەوەری خۆشم لەبارەی کارتەرەوە وەبیر هاتەوە. بەبۆچوونی من، ئەمڕۆ ئەمریکا و جیهان سەرکردەیەکی ناوازەیان لەدەستدا. ئەو سیاسەتڤان لە هەمان کاتیشدا کەسێکی بەخشندە بوو."
کارتەر لە ساڵی 1977 بۆ 1981 سەرۆک بوو؛ لەو ماوەیەدا وڵاتەکەی رووبەڕووی خراپیی ئابووری، هەڵاوسان، بێکاری و قەیرانی وزە بووەوە.
ئیدارەکەی لە ساڵی 1978 نێوەندگیری لە نێوان میسر و ئیسرائیل کرد و واژۆکردنی رێککەوتنامەی کەمپ دەیڤیدی لێکەوتەوە.
لە ساڵی 1979، دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، خۆپێشاندەران لە تاران هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ستافی نێردە دیپلۆماسییەکە بۆ 444 رۆژ بە بارمتە گیران.
ساڵی 1979 رایگەیاند، لە ماوەی سەرۆکایەتیدا هیچ سەرکردەیەکی عەرەبی نەبینیووە کە لە کۆبوونەوەکاندا باس لەوە بکات دەبێت دەوڵەتێکی فەلەستینی دابمەزرێت.
رۆژی 22-9-2004، جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا رایگەیاند: "بەخت یاوەرم بوو، بەوەی لە تەمەنێکی گەنجێتیدا لە کۆشکی سپی دەرچووم، ئەوەش بۆ ئەوەی ئەو ناوبانگ، دەسەڵات و ئەزموونەکەم کە سەرۆکی مەزنترین وڵاتی جیهان بووم، بەکاربهێنم، تاوەکو دەستم بە سەرکردەکانی جیهان بگات و باشتر لە کێشەکانی جیهان بگەم و قسەیان لەسەر بکەم."
لە ساڵی 2002، کارتەر لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت.