جیهان
دیمەنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی ئۆکراینا لەکاتی هەڵدانی مووشەک بە ئاراستەی هێزەکانی رووسیا لە 2-1-2024، وێنە: Roman PILIPEY / AFP
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دەڵێت، هێزەکانی گوندێکی دیکەیان لە هەرێمی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵکردووە. سوپای ئۆکرایناش بەرپەرچدانەوەی ژمارەیەک هێرشی رووسیا رادەگەیێنێت.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، گوندی نۆڤۆترۆیسک کە 12 کیلۆمەتر لە شاری پۆکرۆڤسکەوە دوورە، لەلایەن سەربازانی رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە.
وەزارەتەکە باس لەوە دەکات، هێزەکانی رووسیا ژمارەیەک هێرشی سوپای ئۆکراینایان تێکشکاندووە و بە ئاراستەی خارکیڤ، ئەڤدیڤکا، دۆنێتسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن پێشڕەوییان کردووە، کۆمەڵێک تانک و تۆپی سوپای بەرامبەریشیان تێکشكاندووە.
وەزارەتەکە دەڵێت، سیستمی بەرگریی ئاسمانی، 61 درۆنی ئۆکرایناشی خستووەتەخوارەوە.
هاوکات سوپاسالاری ئۆکراینا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە 133 شوێن دا بە درێژایی بەرەکانی جەنگ لەگەڵ هێزەکانی رووسیا لەشەڕدا بوون؛ ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمەکانی چێرنیهێڤ، خارکیڤ و سەمی بەردەوام لە لایەن هێزەکانی رووسیاوە هێرشیان دەکرێتەسەر.
بە گوتەی سوپاسالاری ئۆکراینا، هێزەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کورسکی رۆژئاوای رووسیا کە دەکەوێتە سەر سنوور، توانیویانە بەرپەرچی 16 هێرشی رووسیا بدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ