جیهان
جیمی کارتەر، 39یەمین سەرۆکی ئەمریکا و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بوو، لە تەمەنی 100 ساڵیدا کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا 9ـی کانوونی دووەمی وەکو رۆژی ماتەمینی بۆ گیانلەدەستدانی جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا راگەیاند. جیمی کارتەر 39یەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا، واتە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە کاتی هەولێر، گیانلەدەستدانی کارتەر لە تەمەنی 100 ساڵیدا لە شاری پلەینز لە ویلایەتی جۆرجیا راگەیێندرا.
جۆ بایدن بۆ یادکردنەوەی کارتەر لە پشووی ماڵباتەکەی لە ڤێرجن ئایلەندز گەڕایەوە و گوتارێکی پێشكێشکرد.
بایدن، کارتەری بە "نموونەی باڵا و هاوڕێ" ناوبرد.
لە گوتارە 10 خوولەکییەکەیدا، بایدن ئاماژەی بەوە کرد، کارتەر جگە لەوەی سیاسەتڤان بووە، لە بواری مرۆییدا بۆ یارمەتیدانی خەڵک کاریکردووە.
کارتەر لە 1977 بۆ 1981 سەرۆکایەتیی ئەمریکای کرد. لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، ئەمریکا رووبەڕووی خراپیی ئابووری، هەڵاوسان، بێکاری و قەیرانی وزەو بووەوە.
لە سیاسەتی دەرەوەدا، ژمارەیەک دەستکەوتی گرنگی هەبوو، لەوانەش لە ساڵی 1978 نێوەندگیری کرد بۆ ئەوەی رێککەوتنی ئاشتیی کەمپ دەیڤد لە نێوان میسر و ئیسرائیلدا واژۆبکرێت. هەروەها دانوستاندنی کرد بۆ واژۆکردنی دوو رێککەوتنامە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکردنی کەناڵی پەنەما لە دەستی ئەمریکاوە بدرێتەوە بە پەنەما.
هەر لە ماوەی سەرۆکایەتیی کارتەردا، لە ساڵی 1979، خۆپێشاندەرانی توڕە لە تاران هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ستافی نێردە دیپلۆماسییەکەیان بۆ ماوەی 444 رۆژ بە بارمتە گیران، کە ئەوە کاریگەریی زۆری لەسەر کار و ناوبانگی سەرۆکایەتییەکەی هەبوو.
یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1979 ئەفغانستانی داگیرکرد. ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی کارتەر بڕیاریدا بەشداری لە ئۆڵۆمپیادی 1980ـی مۆسکۆدا نەکات و سیاسەتی دەرەوەی گۆڕی.
کارتەر ساڵێک دوای تەواوبوونی خوولی سەرۆکایەتییەکەی، واتە ساڵی 1982 سەنتەری کارتەری دامەزراند کە لە بواری یارمەتیی مرۆیی، بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان و چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرانسەری جیهان کاردەکات.
لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ململانێ نێدەوڵەتییەکان و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ، کارتەر لە ساڵی 2002 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ