سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا: چاوپۆشی لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ئێران ناکەین


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە تووندی هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی ئێران و رایگەیاند: "سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە مایەی قبووڵکردن نییە. دەشڵێت، ئەوان وەکو ئیتاڵیا چاوپۆشی لەو مامەڵە تووندەی ئێرانییەکان دژی خەڵکەکەیان ناکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2022، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، لەبارەی سەرکوتکارییەکانی ئێران لە دژی خۆپێشاندەران رایگەیاند: "ئەوەی لە ئێران روودەدات مایەی قبووڵکردن نییە و ئیتاڵیا چیدیکە چاوپۆشی لێناکات."
 
هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەدا، تائێستا وڵاتەکە ویستوویەتی لە رێگەی دیالۆگ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران نیگەرانییەکانیان بگەیەنن، بەڵام هۆشداریی تووندی دایە بەرپرسانی تاران و گوتی: "ئەگەر سەرکوتکارییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران کۆتایی نەیەت و ئەگەریش هەڵوێستیان نەگۆڕن لەبارەی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر خەڵکانێکی بێتاوان، ئەوا ئیتاڵیاش بە تەواوەتی هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت."
 
سەبارەت بە گۆڕینی هەڵوێستی ئیتاڵیا بەرامبەر بە ئێران و گرتنەبەری هەنگاوی تووندتر، جۆرجیا میلۆنی گوتی "ئەمە پرسێکە دەبێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قسەی لەسەر بکرێت و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان، تاوەکو تێبگەین چۆن وا بکەین هەنگاوەکانمان کاریگەر بن."
 
ئەم لێدوانەی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لەبارەی ئێران، لە دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە دوای ئەوەی بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانی لە ئیتاڵیا کرد، داوای لە حکومەتی تاران کرد دیالۆگ لەگەڵ خۆپێشاندەران دەستپێبکات. 
 
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گوتی: "لەچک لابردن، یان بەشداریکردن لە خۆپێشاندان، تاوان نییە کە ببێتە هۆی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان."
 
لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئێران، رێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، ئاشکرایان کردووە زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستداوە و پتر لە 18 هەزار و 500 خۆپێشاندەریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن زۆربەی دەستگیرکراوەکان ئازادکراون.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئێران دوو خۆپێشاندەری لە سێدارە دا، کە تۆمەتباری کردبوون بەوەی دەستیان لە کوشتنی چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەدا هەبووە.