"کۆمەڵەی خۆری نموونەیی" دۆزرایەوە

30-11-2023
هێمن بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
توێژەرانی گەردوون لە درێژەی گەڕانیان بەدوای ژیانی دیکەی جگە لە زەوی، شەش هەسارەیان دۆزییەوە کە قەبارەیان لە یەکدییەوە نزیکە و بەشێوەیەکی ئەندازەیی نایاب بە دەوری خۆرەکەیاندا دەسووڕێنەوە، ناویان ناوە "کۆمەڵە نموونەییەکەی خۆر."
 
کۆمەڵەی خۆرەکە ناونراوە HD110067 و 100 ساڵی رووناکی لە زەوییەوە دوورە. توێژەران دەڵێن، جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەوکاتەی 12 ملیار ساڵ لەمەوبەر شێوەی گرتووە و دروستبووە.
 
دووریی لە دەرەوەی زەوی بە ساڵی رووناکی دەپێورێت، هەر ساڵێکی رووناکی یەکسانە بە نزیکەی 9.5 ترلیۆن کیلۆمەتر، ئەمە ئەگەر بە ئامێرێک گەشت بکەیت کە بە خێرایی 300 هەزار کیلۆمەتر بڕوات لە چرکەیەکدا.
 
دکتۆر رافایل لوکو لە زانکۆی شیکاگۆ سەرپەرشتیی توێژینەوەکەی کردووە، ئەو لەبارەی کۆمەڵەی خۆری HD110067 دەڵێت، "نایابترین سیستمی کۆمەڵەی خۆرە تائێستا سەرنجدرابێت، چونکە سەرەتایەکی ئاڵۆزی نەبووە و هەر لە کاتی دروستبوونیەوە تائێستا تووشی پێکدادان نەبووە [لەگەڵ هەسارە و تەنی گەردوونیی دیکە]."
 
دکتۆر رافایل پێی وایە، ئەو رێکوپێکییەی لە هەسارەکاندا هەیە و ئەو تیشکە روونەی لە خۆری کۆمەڵەکەوە دەردەچێت، ئاسانکارییان بۆ دەکەن لە توێژینەوەکانیاندا، بەو هۆیانە ساناتر دەتوانن بەراوردی نێوان هەسارەکان بکەن و چۆنێتیی پێکهاتنیان شیبکەنەوە.
 
کاتێک لە ناوچەیەکی گەردوون چەند هەسارەیەک بە دەوری خۆرێکدا دەسووڕێنەوە، بەو ناوچەیە دەگوترێت کۆمەڵەی خۆر، وەکو کۆمەڵەی خۆرەکەی خۆمان کە لە خۆرێک، هەشت هەسارەی گەورە و هەسارەیەکی دیکەی قەزەم پێکدێت.
 
لە 30 ساڵی رابردوودا، گەردوونناسان هەزاران کۆمەڵەی خۆریان دۆزیوەتەوە، بەڵام هیچیان وەکو HD110067 ئەندازەیی نین. بەجۆرێک، تاوەکو چوارەم هەسارە بە رێژەی 1.5 لە پاش یەکدی بە دەوری خۆرەکە دەسووڕێنەوە. واتە کاتێک هەسارەی یەکەم سێ جار بە دەوری خۆرەکە دەسووڕێتەوە، هەسارەی دووەم دووجار دەسووڕێتەوە، بەڵام لە هەسارەی پێنجەمەوە سیستمەکە کەمێک خاوتر دەبێتەوە و وەکو چوارەکەی دیکەی پێش خۆیان هەماهەنگ نین.

 

 
ئەو کۆمەڵەی خۆرە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2020 لەلایەن سەتەلایتی TESSـی ناسا دۆزرایەوە، کە قەبارەی هەریەک لە شەش هەسارەکەی بە دوو بۆ سێ هێندەی زەوی خەمڵاندووە.
 
ئەم دۆزینەوەیە لە ئەنجامی گەڕانی توێژەرانی بواری گەردوونە بەدوای ئەگەری ژیانێکی دیکە لە دەرەوەی هەسارەکەی خۆمان.
 
پێش ئەم دۆزینەوەیە، لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، هەسارەیەک لە کۆمەڵەیەکی دیکەی خۆر دۆزرایەوە و دواتر ناوی K2-18bـی لێنرا، لە بەرگەهەواکەیدا ئاماژەی گازیی بەدەردەکەون کە ئەگەر گریمانەیی لێکیبدەینەوە، ئەستەمە بەبێ هەبوونی زیندەوەر لەسەر هەسارەکە دروستببن.
 
گەڕان بەدوای هەسارەی دیکەی شیاو بۆ ژیانی مرۆڤ بەردەوامە و هیواکان زۆرن، بەڵام تائێستا ئەنجامی یەکلاکەرەوە بەدەستنەهاتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

موئەیەد عەبدولڕەحمان

دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد

دکتۆر موئەیەد عەبدولرەحمان قوچی، دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی دەستەی گشتیی کۆنترۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان لە کەنەدا کۆچی دواییکرد و رۆژی چوارشەممە لە هەولێر کۆڕێکی ماتەمینی بۆ رێکدەخرێ.