بۆریس جۆنسن بۆ ترەمپ: تکایە دەستوەردان لە هەڵبژاردنی بەریتانیا مەکە
رووداو - هەولێر
بڕیارە 3-12-2019 ترەمپ بچێتە لەندەن بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ و 12ـی مانگی داهاتوویش لە بەریتانیا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیاش داوا لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات کە دەستوەرنەداتە هەڵبژاردنەکان.
ترەمپ مانگی رابردوو جێرمی کۆربین، سەرۆکی پارتی کرێکارانی وەک کەسێکی "زۆر خراپ" بۆ بەریتانیا ناوهێنا و ستایشی جۆنسنی کرد، کۆربینیش لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا ئەو ستایشەی ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر ئەندامانی پارتی پارێزگاران بەکاردێنێت.
ترەمپ گوتیشی، واباشە بۆریس جۆنسن لەگەڵ نیگیل فاراژ، سەرکردەی پارتی برێکزیت رێککەوتن ئەنجامبدات.
لە راپرسییەکاندا بۆ هەڵبژاردنی بەریتانیا کە بڕیارە لە 12ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، پارتی پارێزگاران پێشەنگە، بەڵام کەسایەتییەکانی ئەو پارتە ترس و نیگەرانیی خۆیان ناشارنەوە لەوەی کە ترەمپ لە سەردانە دوو رۆژییەکەیدا شتێک بڵێت زیان بە هەڵمەتەکانیان بگەیەنێت لە هەڵبژاردنەکەدا.
ئەگەری ئەوە زۆرە ترەمپ پرسیاری لەبارەی بازرگانییەوە لێبکرێت، بەڵام جۆنسن دەڵێت، خۆی بەدووردەگرێت لە گفتوگۆی بازرگانی ئەگەر پرسی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی مەرجی پێشوەختە بێت و دەڵێت "خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی بۆ فرۆشتن نییە".