رووداو لەنێو لایەنگرانی هاریس لە واشنتن؛ "ئێستا کاتی ئەوەیە ژنێک ببێتە سەرۆک''

30-10-2024
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
رووداو لەنێو لایەنگرانی کامالا هاریس لە واشنتن
رووداو لەنێو لایەنگرانی کامالا هاریس لە واشنتن
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
رووداو واشنتن 

ناشنەڵ ماڵ ئەو شوێنەی کامالا هاریس تێیدا قسەی کرد، کە دەکەوێتە جەرگەی واشنتن و زیاتر لە 20 هەزار کەس لەخۆدەگرێت، لە شەقامەکانی نزیکی ئەو شوێنە تاوەکو چاو بڕدەکات، خەڵک دەبینرێن.
 
خەڵکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانەوە چوون بۆ ئەوەی گوێ لە هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بگرن، لەنێویاندا هاوشێوەیەکی رێبەری کۆریای باکوور سەرنجی هەمووانی راکێشابوو، کە دەیگوت ''خۆم حەزم لە دیموکراتەکانە، بەڵام کە دەبمە کاراکتەری کیم، دەنگم بەرەو لای ترەمپ دەڕوات."
 
هاوارد ئێکس، یووتیوبەرە و لە شێوەدا لە کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور دەچێت، بە تەنزەوە قسەی دەکرد و بە رووداوی گوت "من، پشتیوانی لە ترەمپ دەکەم، چونکە ئەمریکا پێویستی بە پیاوێکی بەهێز هەیە، دیکتاتۆرێکی بەهێز، سەرکردەیەکی باڵا بۆ ئەوەی حوکمی خەڵک بکات. دیموکراسی کار ناکات و قسە و پرتەپرتی زۆری تێدایە. پیاوێکی کارات پێویستە کە دەسەڵات، بە هێز وەربگرێت."
 
لەنێوان لایەنگرانی هاریس، ژمارەیەکی زۆر گەنج دەبینرێن کە بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەن، ئەوان سیاسەتەکانی هاریسیان بەلاوە گرنگە.
 
تی جەی کێراڵ، خوێندکارە و دەڵێ "من لێرەم چوکە هیوادارم ببێتە یەکەم ژنە سەرۆکی ئەمریکا. من، باوەڕم بە کارەکان و سیاسەتەکانی هەیە، پێموایە ئەو کەسێکی گونجاوە بۆ کارەکە. لەسەرەتاوە چووە بۆ کۆلێژی یاسا، بووەتە سیناتۆر و جێگری سەرۆکی ئەمریکا. ئێمە پیاوی زۆرمان لەم پێگەیە هەبوون بۆ چەندین سەدە، ئێستا کاتی ژنێکە." 
 
سارا زبایۆس، فەرمانبەرە و لایەنگری کامالا هاریسە، دەڵێ "من دەمەوێ کامالا هاریس وەکو سەرۆکی ئەمریکا ببینم، دەمەوێ دڵنیاببمەوە لەوەی مافەکانی خۆم و مداڵەکانم پارێزراو دەبن، ئەو کات دەتوانم لە داهاتوویەکدا بژیم کە ترسی تێدا نەبێت."
 
سومەیە خان، خوێندکارێکی موسڵمانە لە ئەمریکا کە سەرپۆشی بەسەرەوەیە، ئەو بە رووداوی گوت "دەمەوێت کەسێک ببێتە سەرۆک کە داکۆکی لە مافی کەمینەکان، کۆچبەران، قوتابیان و هەژاران دەکات."
 
کامالا هاریس کاژێر 07:40ـی ئێوارە بە کاتی واشنتن گوتارەکەی دەستپێکرد و بەشی زۆری قسەکانی بە هێرشکردن لەسەر دۆناڵد ترامپ دەرباز بوو، دووپاتی کردەوە هەڵبژاردنی ئەو بە 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، گۆڕانکاریی گەورە دروست دەکات.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە