لە سوێد شەڕی براکوژییە و پەنجە کوردییەکان یەکدی دەشکێنن؛ 'زیاتر لە 50 کەسیان لە یەکدی کوشتووە'

رووداو دیجیتاڵ 

رووداو لە دیاسپۆرا پێنج ساڵە بەدواداچوون بۆ کردەوە تاوانکارییەکانی سوێد دەکات. دوو گرووپی تاوانکاریی کوردی پێشەنگی تاوانەکانی سوێدن، ئەو دوو گرووپە دەستیان داوەتە شەڕی براکوژی و پەنجەکانی یەکدی دەشکێنن، دەزگەی هەواڵگریی سوێدیش دەڵێت، "تواناکانمان بەشی ئەو هەموو تاوانە ناکات و فریا ناکەوین." کوردێک لە سوێد بە "رێوییە کوردەکە" ناوی دەرکردووە، لێرەوە چیڕۆکی ئەویشتان بۆ دەگێڕینەوە. 
 
ئوڵف کریستەرشۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لەسەر مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەی دەڵێت، "رۆژ بە رۆژ منداڵان و کەسانی بێگوناهی زۆرتر دەبنە قوربانیی ئەو هەموو تووندوتیژییە. دۆخەکە هێندە مەترسیدارە کە ناتوانم بە قسە باسی بکەم. سوێد هەرگیز ئەمەی ئێستای بەخۆیەوە نەبینیوە. هیچ وڵاتێکی ئەوروپا قەت ئەوەی بەخۆیەوە نەبینیوە."
 
ئەو سوێدەی چەندین سەدەیە گوللەی بۆ جەنگ تێدا نەتەقێنراوە، بەڵام چەندین ساڵە هەموو شەوێک بە تەقە و تەقینەوەی گرووپە تاوانکارییەکان رادەچڵەکێت. گەنجان و بۆ پارەی کەم و مادەی هۆشبەر یەکدی دەکوژن. زۆر جاریش خەڵکی بێگوناهـ دەبنە قوربانی.
 
یوسف، منداڵێکی سوێدییە باسی یەکێک لەو رووداوانە دەکات کە لەلایەن گرووپە تاوانکارییەکانەوە ئەنجامدراوە و دەڵێت، "سەرەتا وامزانی هەورە برووسکە بوو. بەڵام کە هاتینە دەرەوە، بینیمان ئۆتۆمبێلی پۆلیسی لێیە و ئاگرکوژێنەوە هاتووە. دەرگای تێکوپێک شکاومان بینی و لەسەر زەوی شووشەی زۆر کەوتبوو."
 
هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا ماوەی پێنج ساڵە کار لەسەر تووندوتیژییەکانی سوێد دەکات و باس لەوە دەکات هەر ساڵێک کە دەچێتە ئەو وڵاتە دۆخەکە مەترسیدارتر بووە و گرووپە تاوانەکارییەکان تووندتر و تاوانەکانیان ترسناک تر دەبن. 
 
یالێ پۆلیارێڤیۆز، بەرپرسی هەواڵگریی پۆلیسی سوێد، رایگەیاند، "کێشەکە ئەوەیە کە زۆر لە تاوانکارە گەورەکان لە سوێد هەڵاتوون. ئەویش لەترسی کوشتن یان دەستگیرکردن. کەسوکاریان بەجێماون و بەداخەوە ئەوانە بوونەتە ئامانجی دوژمنەکانیان. سەبارەت بەوەی کە ئێمە چی دەکەین، ئێمە دەبێ هەوڵبدەین زۆرترین ژمارەیان لێ دەستگیر بکەین. بەڵام بەداخەوە لەڕووی توانا و کەرەستەوە ئەوەی هەمانە بەشی ئەوە ناکات فریای هەموویان بکەوین."
 
رووداو دەپرسێت: کەواتە هاووڵاتیی ئاسایی سوێدی دەبێت لەخۆی بترسێت؟
 
پۆلیس: خۆزگەم دەخواست بتوانم بڵێم گەرەنتی دەدەم کە هیچ هاووڵاتییەک بەرناکەوێت. بەڵام بەداخەوە ناتوانم وابڵێم. شتەکە وا نییە کە بڵێیت ئەوانە بەشێوەی سیستماتیک دەچن کەسانی سێیەم دەکوژن. گوللەی وێڵە و کەسانی بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرن و جیاوازی لەنێوان کەسانی بێگوناهـ و کەسانی دیکە ناکەن کە ئامانجیانن. بەداخەوە ئەو مەترسیە هەیە. بەڵام بابەتەکە بەو شێوەیە نییە کە نەوێریت بێیتە سەرشەقام. 
 
لە ساڵانی رابردوو هاووڵاتییانی سوێدی بە ئاسایی لەبارەی رووداوە تاوانکارییەکان قسەیان دەکرد و باسیان دەکرد بەڵام ئێستا هەموو کەس دەترسێت و قسە ناکەن. 
 
سەلام کوردە یەکەم کەس بوو شەش ساڵ لەمەوپێش لە میدیای سوێدی و لەلای حکومەت زەنگی مەترسیی ئەو گرووپانەی لێدا. ئەوکات گوتی تاوەکو کار لە کار نەترازاوە فریاکەون. جاری رابردوو بەپێ پێکەوە چووینە شوێنی یەکێک لە تاوانەکان، ئەمجارە بە ئۆتۆمبێل لە یەکێک لەو شوێنانەوە تێدەپەڕین کە تەقەی لێکراوە.
 
سەلام کوردە زۆربوونی رووداوە تاوانکارییەکان لە ستۆکهۆڵم دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "رووداوەکان بەجۆرێک زۆربوون گەر رۆژێک کە بەیانییان هەڵدەستم لە رۆژنامەکان نەبینم تەقە یان رووداوێکی کوشتن هەبووە ئەوا نامۆیە. ئەو کەسانە زیاتر لە دەوروبەری ستۆکهۆڵم بە تایبەت ئەو تاوانە ئەنجامدەدەن بەڵام بە گشتیی تاوانەکان هەموو سوێدی گرتووەتەوە."
 
سۆراخکردن بۆ رەوا مەجید، 'رێوییە کوردەکە'
 
ئێستا ناوی کورد بەو تاوانانەی سوێدەوە دەبەسترێتەوە. دەگوترێت لە شارەکانی ئۆپسالا و ستۆکهۆڵم گرووپە کوردییەکان براکوژی دەکەن. زۆرتریش ناوی ئەم گەنجە دەهێندرێت و تۆمەتباری دەکەن. رەوا مەجید، لە میدیای سوێدیدا بە رێویی کورد ناوی دەهێندرێت. 
 
لە ستۆکهۆڵمین و دەمانەوێت بچینە ئۆپسالا. بۆئەوەی بزانین رێویی کورد و گەنجانی دیکەی کورد لە چ ژینگەیەکدا گەورە بوونە. هەرکەسێک دەزانێت دەچین ئامۆژگاریمان دەکات نەڕۆین. یەکێکیان بە تەلەفۆن قسەمان بۆ دەکات و داوا دەکات تەنانەت دەنگیشی بڵاونەکەینەوە. دەڵێت، "رەوا مەجید تێوەگلێندراوە، ئەگینا تاوانکاری گەورە ئەو نییە." وەک ئەو باسیدەکات "رێویی کورد" دەمێکە لە سوێد نەماوە، بەڵام گرووپەکانی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەیانەوێت بە زەقکردنەوەی ناوی ئەو پەردە بەسەر ناسنامەی تۆڕەکانیاندا بدەن. ئەو قسە دەکات و ئێمە ناتوانین لە راستی و ناڕاستی قسەکانی دڵنیابینەوە. 
 
دەچینە ئۆپسالا. ئەو شارەی هەرچەندە ئێستا لەگەڵ کورد و تاواندا ناوی دێت، بەڵام زۆر هونەرمەند و نووسەر و کەسایەتیی ناسراوی کوردستان تێیدا ژیاون. لەوانەش عەدنان کەریم. 
 
لە ئۆپسالا زۆر کورد بەبێ کامێرا قسە دەکەن، بەڵام کە کامێرا دەردەکەوێ شتەکە دەگۆڕێت. دواجار یەکێک رازی دەبێ بەو ئۆتۆمبێلەی پێمانە بە کۆڵانەکانی ئۆپسالادا بمانگێڕێت. بەردەوامیش خۆی لە ناوهێنانی رێویی کورد یان گەنجانی دیکەی ناسراوی کورد لە ئۆپسالا لادەدات.
 
ئەو کەسە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ئەوەی لێرە دەقەومێ لە برسێتیدایە، لێرە ئەفریقی هەیە بە سەت هەزار کرۆن خەڵکی کوشتووە، پێی دەڵێن، فڵان کەس بکووژە و ئەوە سەت هەزار کرۆن.
 
تیمی رووداو دەباتە شوێنێک لە ئۆپسالا، کە ماوەیەک بەر لەوە ژنێکی لێکوژراوە و دەڵێت، "ئێرە ئەو شوێنەیە کە ئەو ژنەی لێکوژرا، ئێرە بووەتە حەلەب."
 
لە هەمان ئەو گەڕەکەی کوردەکان براکوژییان تێدا راگەیاندووە، کامێراکانی رووداو دیمەنێکی سەیر تۆماردەکەن، ئەویش ئەوەیە کە قەلەڕەشێک گۆشتی قەلەڕەشێکی دیکە دەخوات.
 
ئەو کەسەی لەگەڵ تیمی رووداو لە ئۆپسالا دەگەڕێن، باسی ژنێک دەکات کە پێشووتر کوژراوە، "ئەوەی کوژراوە زوڵمی کردووە و ئەوانی دیکە هاتوون کوشتوویانە، ئەو ژنە کە کوژراوە، 10 منداڵی هەیە، کە سێ دانەیان منداڵی نڤیشکانن. کوردەکان زۆریان ئێرەیان بەجێ هێشتووە، من خۆشم ئێرەم بەجێ هێشت چونکە کێشەی زۆر تێدابوو."
 
کورتەی باسەکە ئەوەیە کە لە ئۆپسالا تۆڕێکی بازرگانی هەیە بەناوی (فۆکس ترۆت)، کە پۆلیسی سوێدی دەڵێت، رەوا مەجید سەرۆکی تۆڕەکەیە. لێرە دەڵێن لە ماوەی رابردوودا لەنێو تۆڕەکەدا ناکۆکی دروست بووە لەنێوان رەوا مەجید و ئەم پیاوە، کە ئەویش کوردە و ناوی ئیسماعیل عەبدۆیە و خەڵکی باکووری کوردستانە. لێرەوە پەنجەکان دەستیان بە شکاندنی یەکدی کردووە. بەم دواییانە دایکی ئیسماعیل عەبدۆ تەقەی لێکرا و کوژرا. کەسوکاری ئەو دوو کوردە ناوچەکەیان جێهێشتووە و تەنانەت هەندێکیان سوێدیشیان جێهێشتووە، هەندێک لەوانەی مەترسییان لەسەرە کە ژمارەیان 150 کەس دەبێت، لەلایەن پۆلیسی سوێدییەوە دەپارێزرێن. 
 
ئۆپسالا هێشتا شینگێڕە. هەمووی چەند رۆژێکە تەقینەوەیەک ژنێکی بێگوناهی لە ماڵەکەی خۆیدا کردووەتە قوربانی. چیرۆکی رووداوەکە بەم شێوەیەیە: 
 
"یەکێک لە گرووپە تاوانکارییەکان لە بەردەم ماڵی ئەو ژنە ویستوویانە کەسێکی دیکە بکەنە ئامانج، بەڵام ژنێکی گەنج دوو هەفتە پێش ئێستا [بەر لەوەی رووداو راپۆرتەکە ئامادەبکات] بەرکەوتووە، هیچ پەیوەندییەکی بە ناکۆکی نێوان ئەو گرووپانەوە نەبووە، سوها سەعد دەبێتە قوربانی لەو رووداوە، جگە لەوەش چەندین ماڵی دیکە زیانیان بەردەکەوێت." 
 
شەو درەنگە. لە پارکێکی ئۆتۆمبێل لە ستۆکهۆڵم چاوەڕێی کوردێکم بە ناوی خوازراوی ئێزێل. کوردێک کە ساڵانێکە لە زیندانەکانی سوێددایە و ئەمڕۆژانە ئازادکراوە. هەرچی ئێزێل و تیمی رووداوە  دەزانن شوێنەکەیان مەترسیدارە و کاتەکەشی گونجاو نییە. بەڵام گفتوگۆکە پێویستە. 
 
سەبارەت بە گرووپە تاوانکارییەکان قسەی کرد و گوتی، "من هەردوو گرووپەکە دەناسم، هەردوولایان کوردن بەڵام، خەڵکی وڵاتانی دیکەشیان لەگەڵدایە، چونکە گرووپەکان گەورەن، پارەشیان زۆر زۆرە، گەنجێکی زۆرییان لەگەڵە." سەبارەت بە کوشتن و تاوانە جۆربەجۆرەکان، باسی لەوەکرد، "ئەوەی کە دەکرێتە ئامانج بێ تاوان نییە، تەنیا ئەوانەی کە لەخۆوە بەردەکەون بێتاوانن، ئەگینا ئەو گروپانە ئامانجەکانیان بەر لەوە دیاری دەکەن، تاوەکو ئێستا کوردەکان و سۆماڵییەکان نزیکەی 100 کەسیان لێ کوژراوە." 
 
لەبارەی ناسنامەی ئەو تاوانبارانەی لەو گرووپانە کاردەکەن، "ئەوان کەسانی سادەن، خەریکی کارن، بەڵام کە تێوەگلان لەم کارە بەو شێوەیە ناوییان دەرچوو، ئەم گرووپانە پارەی زۆرییان هەیە بۆیە گەنجان تێوەدەگلێن، کاتێکیش چوونە ئەو بازنەیەوە ناتوانن رزگار ببن."
 
خۆی ماوەیەکی کەمە لە زیندان هاتووەتە دەرەوە و یەکێک بووە لەو گەنجانەی لەگەڵ ئەو گرووپانە تێوەگلاوە باسی ئەوە دەکات کە ئەو بەهۆی پێکهێنانی ژیانی هاوژینییەوە لەو گرووپانە دوور کەوتووەتەوە و ئێستا بووە بە رابردوو، بەڵام وەکو باسی دەکات رۆژێک هاتوونەتە سەر ماڵەکەی و داوایان لێکردووە سەرانە بدات و ئەمیش گوتوویەتی، "من سەرانە بە هیچ کەس نادەم، ئەگەر شەڕتان دەوێت، خوێن، خوێن." 
 
تاوانەکان هێندە زۆرن کە پۆلیسی سوێد دەستەوەستانە. سەرۆکوەزیران داوا لە سوپا دەکات بەهانای پۆلیسەوە بچێت. 
 
سەرۆکوەزیرانی سوێد دەڵێت، "لە چەند بوارێکدا گۆڕانکاری دەکەین. لەلایەن حکومەتەوە رێنمایی دەدەینە هێزە چەکدارەکان و پۆلیس کە یارمەتی یەکدی بدەن. بەتایبەتیش کە شارەزایی هێزە چەکدارەکان لە هەندێک بواردا دەتوانێت لە چوارچێوەی یاساکانی ئێستادا یارمەتیدەرێکی گەورە بێت."
 
رەوا مەجید ساڵانێكە لە سوێد ناژیت. ئەو کوڕی ماڵباتێکی ناسراوی سلێمانییە. زانیاریی پشتڕاستکراوە لەسەر ژیانی لە دەرەوەی سوێد کەمە، بەڵام لێرە دەگوترێت وەڵاتینامەی تورکیی وەرگرتووە و وێنەیەکی پاسپۆرتێکیشی بە ناوێکی دیکە بڵاوکراوەتەوە. دەشگوترێت لەم ساڵانەدا لەنێوان سلێمانی و ئیستەنبوڵ و شارەکانی دیکەی تورکیادا هاتوچۆی کردووە و پاسپۆرتێکی عێراقیی بە ناوێکی دیکەوە هەبووە. بەمدواییانەش لەسەر سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکراوە. 
 
ئەم زانیارییانە فەرمی و پشتڕاستکراوە نین. بەڵام ئەگەر راست بن و لە ئێران دەستگیر کرابێت، شانسێکی خراپی هەیە و دەبێتە پاروویەکی چەوری مامەڵەپێکردن لەلایەن تارانەوە. چونکە سوێد حەمیدی نووریی لەلایە کە بە تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانییانی سیاسی لە ئێران زیندانیی هەتاهەتایی بۆ بڕدراوەتەوە. ئێرانیش ئەحمەد رەزا جەلالیی لەلایە کە هاووڵاتییەکی سوێدیی ئێرانییە و تاران دەڵێت بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕیوەتەوە. 
 
هەروەها بەمدواییانە دەرکەوتووە کە رۆڵەی ئەو ماڵباتە سوێدییەش لە ئێران زیندانییە. یۆهان فلۆدەروسی کارمەندی یەکێتیی ئەوروپا. بۆیە ئەگەر رەوا مەجید لە ئێران بێت، لە باشترین حاڵەتدا لەگەڵ دوو سوێدییەکەی دیکەدا مامەڵەی ئازادکردنی زیندانییانی لەگەڵ حەمیدی نووری پێدەکرێت. هەڵبەت ئەگەر سوێد رەوا وەربگرێتەوە و دەنگی ئەوانە سەرنەکەوێت كە دەڵێن، با نەیەتەوە.