لە ئاهەنگێکی هاڵۆویندا لە ئەمریکا دوو کەس کوژران و 16ـی دیکە برینداربوون

رووداو دیجیتاڵ 

لە ئاهەنگێکی هاڵۆویندا لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا، بە هەڕەمەکی تەقە لە خەڵکدا کرا، بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و 16ی دیکەش بریندار بوون. لەوبارەیەوە پۆلیس رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە. 
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا، لانیکەم دوو کەس لە شاری تامپا تەقەیان لە ئاهەنگەکە کرد. دواتر پۆلیس رایگەیاند، کەسێکی 22 ساڵیان بە تۆمەتی کوشتن دەستگیرکردووە و تۆمەتبارەکەی دیکە رایکردووە.
 
پۆلیس دەڵێت، ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەکاتی تەقەکردنەکە لەسەر شەقامەکان بوون، کە بە بۆنەی هاڵۆوینەوە بۆ ئاهەنگگێڕان و بازاڕکردن چووبوونە دەرەوە. 
 
هاڵۆوین جەژنێکی رۆژئاواییە و دەکەوێتە 31ـی تشرینی یەکەم، واتە سبەی. لەو رۆژەدا خەڵک هاوشێوەی کارەکتەرە ترسناکەکان جل دەپۆشن و شیرینی بە منداڵان دەدەن. 

 

ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە خەڵك بە جلی هاڵۆوینەوە لەسەر شەقامەکە دەخۆنەوە و لەگەڵ یەکدی قسە دەکەن، لەو کاتەدا تەقە دەکرێت و خەڵکەکە شپرزە دەبن، پاڵەپەستۆ دروستدەبێت و هەندێکیان خۆیان لە پشت مێزە ئاسنینەکانەوە دەشارنەوە. 
 
ڤیدیۆکانی دوای رووداوەکە دەریدەخەن ژمارەیەک کەس بە برینداری لەسەر زەوی کەوتوون و پۆلیس چارەسەریان دەکات. 
 
پۆلیس دەڵێت، تەقەکردنەکە بەهۆی دروستبوونی کێشەوە بووە لە نێو دوو گرووپدا. 
 
دامودەزگەکانی شاری تامپا رایانگەیاند، زۆربەی بریندارەکان چارەسەرکراون و نەخۆشخانەیان جێهشتووە.