دۆخی کۆچبەران و مردنی سێ کۆچبەری کورد لە سنووری بیلاڕووس - پۆڵەندا
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 300 کۆچبەری کورد لە سنووری بیلاڕووس - پۆڵەندا گیریان خواردووە و داوای هاوکاری بەپەلە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەن. یەکێک لە کۆچبەرە کوردەکان بە رووداوی راگەیاند، لە چەند رۆژی رابروودا چەند کۆچبەرێک بەهۆی برسیێتی و سەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی شەممە 30-10-2021 چەند کۆچبەرێکی کورد لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنەوە قسەیان لەگەڵ رووداو کرد و باسیان لە سەختیی ژیان لەنێو دارستانەکانی نێوان بیلاڕووس - پۆڵەندا کرد.
کاروان کامیل سوورچی یەکێکە لەو کۆچبەرانە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "نزیکەی 300 کۆچبەری کوردی شارەکانی هەرێمی کوردستان ماوەی چەندین هەفتەیە لەنێو دارستانێکی نێوان بیلاڕووس - پۆڵەندا گیرمان خواردووە و لە ژیانێکی ناخۆش و سەختتدا دەژین، نە ئاو هەیە نە نان."
ئەو کۆچبەرە کوردە چیرۆکی گیانلەدەستدانی دوو کۆچبەری کوردی لەنێو ئەو دارستانانەدا بۆ رووداو گێڕایەوە و گوتی "ئەمڕۆ شەممە منداڵێکی تەمەن 11 ساڵی خەڵکی هەولێر بەهۆی سەرما و نەبوونی نان و ئاو گیانی لەدەستدا، هەروەها گەنجێکی دیکەش کە هەر خەڵکی هەولێرە گیانی لەدەستداوە."
بەگوتەی ئەو کۆچبەرە کوردە چەند کۆچبەرێکی دیکەش لە چەند رۆژی رابردوودا گیانیان لەدەستداوە. دەشڵێت "مامەڵەی پۆلیسی بیلاڕووس زۆر خراپە و دەست و قاچی چەندین کۆچبەریان شکاندوون، دوای ئەوە هیچ یارمەتییەکمان نادەن و ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات کۆچبەری زیاتر دەمرن."
ئەو کۆچبەرانەی لەنێو دارستانەکەدا گیرییان خواردووە خەڵکی شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، رانیە و حاجیاوا) و چەند شارێکی دیکەن.
یەکێک لە کۆچبەرەکان لەڕێگەی رووداوەوە داوای هاوکاریی بەپەلە لە کاربەدەستدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە بە هانایانەوە بچن و رزگاریان بکەن.
کۆچبەرێکی کورد: 7 رۆژە پۆلیسی بیلاڕووس قاچی شکاندووم
لە ڤیدیۆکەدا کە بۆ رووداو ناردوویەتی کۆچبەرێکی کورد دەڵێت "خەڵکی زاخۆم و ماوەی 7 رۆژە پۆلیسی بیلاڕووس قاچی شکاندووم و لێیانداوم، دوو ئامۆزاشم سەریان شکاوە." دەشڵێت "منداڵمان هەیە تەمەنی 2 ساڵە، هیچ نان و ئاومان نییە و لەژێر ئەو بارانە خەریکە هەموومان دەمرین."
لە ڤیدیۆیەکی دیکەدا منداڵێک بە کوڵ دەگری و دەڵێت، ئەوە براکەمە و قاچی شکێنراوە و ناتوانێت بڕوات، باوکیشم بزربووە و نازانین لەکوێیە.
کۆچبەرێکی کوردی خەڵکی زاخۆ: سێ کۆچبەر مردوون و پۆلیس سووتاندوونی
غایب عومەر کۆچبەرێکی کوردی خەڵکی زاخۆیە و بەگوتەی خۆی ماوەی مانگێک و چوار رۆژە لە دارستانەکانی بیلاڕووسە، ئەو دەڵێت " لە نزیک دارستانەکانی ئێمە چەند شوێنێکی دیکە هەیە کە خەڵکی کوردی تێدایە و بەشێک لەوانە مردوون، من هەواڵم هەیە کە سێ کۆچبەری کورد مردوون و پۆلیس سووتاندوونی."
ئەو کۆچبەرە کوردە لەڕێگەی رووداوە داوا دەکات کە بەپەلە بەهانایانەوە بچن "چونکە ژیان و گوزەرانمان زۆر خراپە و بەخوا بەخوا قوڕاو دەخۆینەوە و هیچ نان و ئاوێک نییە ئێمە پێی بژین."
کۆچبەرێکی کورد، کە ماوەی 14 رۆژ بوو کوردستانی جێهێشتبوو، شەوی پێنجشەممە لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووس گیانی لەدەستدا، کەسوکارەکەشی داوایان لە لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کرد هاوکاریان بکەن بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی.
گەنجەکە گەیلان دلێر ئیسماعیلە و تەمەنی 25 ساڵە، دانیشتووی گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر بوو، شەوی پێنجشەممە لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووس گیانی لەدەستداوە.
دەیان کۆچبەری دیکەی خەڵکی باشووری کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە دارستانە چڕ و پڕەکانی سەر سنووری پۆڵەندا و بیلاڕووس گیریانخواردووە، کە پاسەوانی سنووریان بۆ دانراون و ناهێڵن تێپەڕبن و بچنە وڵاتی دیکە.