کۆڕەوی خەڵکی قەرەباخ بەردەوامە و حکومەتە خۆجێییەکەشیان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە

30-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی ناگۆڕنۆ قەرەباخ بۆ ئەرمینیا، وێنە: AFP
ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی ناگۆڕنۆ قەرەباخ بۆ ئەرمینیا، وێنە: AFP
نیشانەکردن ئەرمینیا هەرێمی قەرەباخ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گۆڕەپانەکانی یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا پڕ بوون لە ئەرمەنە هەڵاتووەکانی ناگۆرنۆ قەرەباخ؛ لە کۆی 120 هەزار دانیشتووی ئەو هەرێمە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 85 هەزاریان ئاوارەی ئەرمینیا بوون.
 
گیورچۆریا ئاسریان، هاووڵاتییەکی هەرێمی قەرەباخە لەبارەی ئاوارەبوونیان بۆ یەریڤان دەڵێت، "بەر لە هاتنی سوپای ئازەربایجان، زانیمان هەرێمەکەمان کۆتایی هاتووە؛ دەستبەجێ هاوشێوەی هەموو ئەرمەنەکانی دیکە ماڵ و حاڵمان بەجێهێشت و هاتینە ئێرە، نامانەوێت لەژێر سایەی سوپا و دەوڵەتی ئازەربایجاندا بژین، مردنمان باشترە."
 
هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباخ، ماوەی 30 ساڵە لەلایەن دەسەڵاتێکی خۆجێیەوە بەڕێوەدەبرێت، پاش هێرشە سەربازییەکانی ئازەربایجان، حکومەتە خۆجێیەکە بڕیاری داوە لە یەکەم رۆژی ساڵی 2024ـداخۆی هەڵبووەشێنێتەوە.
 
نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا دەڵێت، "بەهۆی سیاسەتی پاکتاوکردن کە ئازەربایجان دەیگرێتەبەر، کۆڕەوی ئەرمەنەکانی قەرەباخ بەردەوامە، لە چەند رۆژی داهاتوودا یەک کەسیش لەو ناوچەیە نامێنێتەوە؛ حکومەتی خۆجێی قەرەباخیش بڕياری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە."
 
ڤیدیۆی ساتی دەستگیرکردنی رووبەن ڤاردانیان، سەرۆکی پێشووی حکومەتی خۆجێی قەرەباخ بڵاوکراوەتەوە؛ هەواڵگریی ئازەربایجان دەڵێت، ئەویان لە رێڕەوی لاچین دەستگیرکردووە، کاتێك ویستوویەتی تێکەڵ بە کۆڕەوەکە بەرەو ئەرمینیا بڕوات. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ئازەرییەکان وەک تیرۆریستێک مامەڵە لەگەڵ رووبەن باردانیان دەکەن و سووکایەتیی پێدەکەن.
 
لە گرتە ڤیدیۆییەکی دیکەشدا، بەرگریی ئازەربایجان هەزاران پارچە چەکی دەستبەسەرکراوی سوپای جوداخوازانی قەرەباخ پێشاندەدەن.
 
ئەحمەد مامادۆڤ، هاووڵاتییەکی ئازەربایجانە لەبارەی دۆخی نێوان وڵاتەکەی و ئەرمینیا دەڵێت، "سەربازانی ئازەربایجان شەڕ بۆ بەها پیرۆزەکانمان دەکەن و سەریش دەکەون، ئێمەش هەمیشە ئامادەی شەڕین."
 
ئاقشین عەلیێڤ، هاووڵاتییەکی دیکەی ئازەرییە دەڵێت، "دەمەوێت بە جوداخوازەکان بڵێم باشتر وابوو بەر لەو هەموو قوربانییەکان، خۆیان رادەست بکردایە."
 
ژنێکی هاووڵاتیی هەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباخ لە ناوچەکەی خۆی هەڵاتووە و هاوشێوەی بەشێكی بەرچاوی ئەرمەنە قەرەباخییەکانی دیکە هۆکاری رووخانی دەسەڵاتی هەرێمەکەیان و کۆڕەوی گەلەکەیان بۆ کەمتەرخەمی و بێ باکی بەرپرسانی هەرێمی قەرەباخ دەگەڕێننەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.