لە سوێد تەنیا لە مانگی ئەیلوولدا 12 کەس کوژراون و پەنابەران تۆمەتبار دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵدا لە سوێد 12 کەس کوژراون، بەشێک لە باڵەخانەکان بەهۆی شەڕی گرووپە تاوانکارییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، دەسەڵاتدارانی سوێد دەڵێن، پەنابەران هۆکاری سەرەکی ئەو زیانانەن.
ئوولف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند، "پەنابەریی نابەرپرسانە و شکستی تێکەڵبوونیان ئێمەیان بە ئێرە گەیاندووە. تێکەڵنەکردنی خەڵک و هەبوونی کۆمەڵگەی هاوتەریب بوونەتە هۆی زیادبوونی تاوان کە بێباکانە دەتوانن لە منداڵان نزیک ببنەوە و راهێنان بە بکووژانی داهاتوو بکەن."
زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر لە سوێد دەژین، ئەوەش نزیکەی 20٪ی کۆی دانیشتووانی وڵاتەکەیە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 42 هەزار کەس چوونەتە ئەو وڵاتە و ساڵی رابردووش ژمارەکە 102 هەزار کەس بووە.
لە مانگی ئەیلوولدا، لەو وڵاتە 12 کەس بەهۆی رووداوەکانی تەقەکردن و تەقینەوەوە کوژراون، زۆرترین ئەو ناوچانەی لە سوێد تاوانی تێدا دەکرێت، ناوچە هەژار نشینەکانن. حکومەتی سوێد پلانی بۆ دوورخستنەوەی منداڵ و مێرمنداڵانە لە گرووپە تاوانکارییەکان هەیە.
ئەندێرس سۆرنبێرگ، بەرپرسی پۆلیسی نیشتیمانی سوێد دەڵێت، "تەنانەت منداڵیش هەن خۆیان پەیوەندی بەو گرووپانەوە دەکەن، پاراستنی منداڵان لە بوون بە بکووژ پێویستی بە هەوڵی پاراستنی بەردەوام و دوور مەودا لەلایەن هەموو کۆمەڵگەوە هەیە."
زیادبوونی تاوان ئەرکی پۆلیسی ئەو وڵاتەی قورس کردووە. مانگی ئابی ئەم ساڵ 69 کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون؛ ئەوە لە کاتێکدایە لە هەمان مانگی ساڵی 2021ـدا ژمارەکە تەنیا 14 کەس بوو، واتە رێژەکە 493٪ بەرزبووەتەوە.