بەهۆی زریان و باهۆزەوە کارەبای 2.6 ملیۆن کەس لە فلۆریدا دەبڕێت

30-09-2022
هێمن عەساف
پێشبینی ئاوارەبوونی 2.5 ملیۆن کەس لە فلۆریدا دەکرێت
پێشبینی ئاوارەبوونی 2.5 ملیۆن کەس لە فلۆریدا دەکرێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زریان و باهۆزێکی بەهێز ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکای گرتووەتەوە، حاکمی ویلایەتەکە دەڵێت؛ زیانی زریانەکە زۆرە و پێشبینی دەکرێت سەرانسەری ویلایەتەکە بگرێتەوە. بەهۆی زریانەکەوە کارەبای زیاتر لە دوو ملیۆن کەس بڕاوە و پێشبینی دەکرێت، زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو لە دانیشتووانەکەی ئاوارە بن. ئیدارەی بایدن بڕیاریدا سێ هەزار و 200 کارمەندی فریاگوزاریی فیدراڵی رەوانەی فلۆریدا بکات.
 
رۆن دیسانتیس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدا دەڵێت، "دەزانین ئەمە زریانێکی بە‌هێزە و زیانی زۆری داوە و بەردەوامیش دەبێت و سەرانسەری ویلایەتی فلۆریداش دەگرێتەوە".
 
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ویلایەتی فلۆریدا، زریانەکە زیانی بە تۆڕی کارەبای ناوچەکانی رۆژئاوای باشووری فلۆریدا گەیاندووە و ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن و 600 هەزار کەس بێ کارەبا بوون و هۆشداریش دەدرێت کە رەنگە لانیکەم 2 ملیۆن و 500 هەزار کەس ئاوارە بن و ملیۆنێک خانووش مەترسییان لەسەرە زیانیان پێ بگات. 
 
زیانی ئابووریی ویلایەتەکەش بەهۆی ئەو زریانەوە لەنێوان 60 بۆ 70 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە. بەگوێرەی ئاژانسی کەشناسی فلۆریداش چاوەڕێ دەکرێت ئاستی بارانبارین بگاتە 61 سانتیمەتر و خێرایی باکەش بگاتە 241 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. 
 
جۆ کێتجام، دانیشتوویەکی شاری پونتا گۆردا دەڵێت، "زریانێکی زۆر بەهێز بوو، باکە بێوچان بوو، بەردەوام لە سەرمانەوە دەخولایەوە و گوێمان لە کەلوپەل و ئاسن بوو بەر باڵەخانەکان دەکەوت، تاریک بوو و نازانیت کە لە دەرەوە چی روویدەدا، بەڵام خوادامان لەپشت بوو و نزامان بۆی کرد و لەو دۆخە دەربازی کردین، ئێمە سەلامەتین".
 
بەرپرسانی ویلایەتەکە دەڵێن، ئیدارەی بایدن نزیکەی سێ هەزار و 200  کارمەندی فریاگوزاری فیدراڵی، رەوانەی ویلایەتی فلۆریدا کردووە بەمەبەستی پاراستن و هاوکاریکردنی دانیشتووانی ویلایەتەکە و بڕیاریشە لە ئەگەری خراپتربوونی دۆخەکە، هەزار و 800 کارمەندی دیکەش رەوانەی فلۆریدا بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.