لە شەڕی نێوان مافیاکانی نێو گرتووخانەیەکی ئیکوادۆر 116 کەس کوژران

30-09-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن ئیکوادۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە گرتووخانەیەکی ئیکوادۆر لە گوایاکیل شەڕ و پێکدادان لەنێوان دوو تۆڕی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان روویدا، بەو هۆیەوە 116 کەس کوژران کە 6 کەسیان سەریان لە جەستەیان جیابووەتەوە، 80 زیندانی دیکەش برینداربوون.
 
بەگوتەی پۆلیس، شەڕەکە لەنێوان هەردوو تۆڕی بازرگانی لۆس لۆبۆس و لۆس چۆنیرۆس لەسەر دەمەقاڵیێک روویداوە، ئەندامانی هەردوو گرووپ، بە چەک، بۆمب، چەقۆ و مشتەکۆڵە بەربوونەتە گیانی یەکدی.
 
بە دەیان کەس لە کەسوکاری زیندانیان لە بەردەم گرتووخانەکە ئامادەبوون بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ کەسوکاریان لەنێو قوربانیاندان یاخود نا.
 
ئەو رووداوە بە یەکێک لە خوێناویترین رووداوەکانی نێو گرتووخانەکانی ئێکوادۆر دادەندرێت لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا.
 
پۆلیس دەڵێت دوای پێنج کاژێر لە پێکدادان ئینجا توانیویانە کۆنتڕۆڵی گرتووخانەکە بەدەستبێننەوە، پۆلیس لە نێو گرتووخانەکەدا دەستی بەسەر چەندین چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.
 
فەرماندە ماریۆ پازمینیۆ، بەڕێوەبەری پێشووی هەواڵگریی سەربازی ئیکوادۆر بە میدیاکانی راگەیاند، ئەو شەڕە خوێناوییەی نێو گرتووخانەکە نیشانەی ئەوەیە گرووپەکان سیستەمی گرتووخانەکانی وڵاتیان کەوتووەتە ژێر دەست.
 
لە تەمووزی ئەمساڵ رووداوێکی دیکەی هاوشێوە لە گرتووخانەکانی ئیکوادۆر روویدا، ئەویش گیانلەدەستدانی نزیکەی 100 کەسی لێکەوتەوە، حکومەتی ئێکوادۆر باری نائاسایی بۆ سەرجەم گرتووخانەکانی وڵات راگەیاند.
 
هەر ئەمساڵ لە مانگی شوبات پێکدادان لەنێوان زیندانیان دروستبوو، 79 کەس کوژران، لە مانگی ئەیلوول گرتووخانەیەکی ئێکوادۆر بە درۆن هێرشی کرایە سەر، بەڵام قوربانی لێنەکەوتەوە.
 
حکومەتی ئیکوادۆر بڕیاریداوە هێزی زیاتر بنێرێت بۆ گرتووخانەکان، پارەی زیاتریش خەرجکات بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەم شێوەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە