یەکەم دیبەیت؛ ترەمپ و بایدن بە هێرشکردنە سەر یەکدی دەستیانپێکرد

30-09-2020
بەهێز کامیل
نیشانەکردن دیبەیتی سەرۆکایەتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کاژێر 04:15 خولەکی بەرەبەیان بەکاتی هەولێر، یەکەم دیبەیتی خولی 46ەمینی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەنێوان جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دەستیپێکرد. هەر لە سەرەتاوە یەکدیان بە "درۆزن، هیچ نەزان و شکستخواردوو" تۆمەتبارکرد و تەوەرێک نەبوو لەسەری هاوبۆچوون بن، لە هەموو شتێکدا دژی یەکدی بوون.
 
کریس واڵەس، بەڕێوەبەری دیبەیتەکە هەر لە دەستپێکدا هەستی بە تووندی و سەختی بەڕێوەبردنی دیبەیتەکە کرد، بۆیە روو لە دوو بەربژێرەکەی سەرۆکایەتی و ئەو ژمارە کەمەی ئامادەبوون گوتی، ئەوان تەوقە ناکەن لەبەر پەتای کۆرۆنا، ئامادەبووانیش نابێ هاوار بکەن و قسە بکەن، بەربژێرەکانیش نابێت قسە بەیەکدی ببڕن، بەڵام دوایین داواکاری لە هیچ بەشێکی دیبەیتەکە جێبەجێ نەکرا و ترەمپ و بایدن زۆرترین قسەیان بەیەکدی بڕی.
 
قسەکردن لەسەر پرسی دادگەی باڵا 
 
چەند رۆژێک پێش ئەو دیبەیتە، دۆناڵد ترەمپ، بە بڕیاری سەرۆکایەتیی لە کۆشکی سپییەوە ئێمی بایرێتی وەک دادوەری باڵا دەستنیشانکرد، ئەوەش دوای کۆچی دوایی رووت بەیدەر.
 
یەکەم پرسیاری بەڕێوەبەری دیبەیتەکەش ئەو پرسە بوو، کە بە ترەمپی گوت بۆچی ئەو کارەت کرد و چاوەڕێی هەڵبژاردنت نەکرد، کە ئەوە داوای دیموکراتەکانە؟
 
ترەمپ بە لەخۆڕازیبوونەوە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و گوتی "ئێمە هەڵبژاردنەکانمان بردەوە و ئەنجوومەنی پیران و کۆشکی سپیمان هەیە، ئەوانەی دادگەی باڵا لایەنگری ئێمەن و خەڵکی شارەزاو ولیبڕاڵن، بایرێتیش کەسێکی باشە، بۆیە دیاریمان کرد بۆ ئەو پۆستە، لە هەموو ئەوانەش باشتر دەبێت کە لە دادگەی باڵا کاردەکەن". ترەمپ لە ستایشی دادوەرە تازەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی بەردەوام بوو و گوتی "پرۆفیسۆرەکەی بایرێتیش هەر ئەوەی پێگوتووم کە ئەو زۆر کەسێکی باشە، دیموکراتەکانیش دەسەڵاتیان هەبوایە بەخێرایی ئەو کارەیان دەکرد، بەڵام براوە نەبوون بۆیە نەیانکرد".
 
واڵەس رای جۆ بایدنیشی لەو بارەیەوە وەرگرت، ئەو هەمان رای خۆی دووپاتکردەوە، کە دەبوو بۆ دانانی دادوەری نوێی دادگەی فیدراڵی چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردن کرابا و گوتی "خەڵکی ئەمریکا مافیان هەیە لە دەستنیشانکردنی دادوەری باڵا، دەبوو چاوەڕێی کۆتایی هەڵبژاردنەکان بکرێت، دەبوو دوای دەنگدان ئەو کارە کرابا". 
 
بایدن، هەر لەوێدا یەکەم هەلی قۆستەوە بۆ دەستپێکردنی هێرش و گوتی "ترەمپ زۆرجار باسی دادگەی باڵای فیدراڵی کردووە، دەیانەوێت لەرێگەی ئەو دادگەیەوە سیستەمی ئۆباماکەیر هەڵبووەشێننەوە کە 100 ملیۆن کەس رزگار دەکات و بیمەی تەندروستی دابیندەکات، ئەو دادوەرەی ترەمپ دایناوە هەر لە ئێستاوە رایگەیاندووە دژی ئەو سیستەمەیە، هەر بۆئەوەش دایناوە، بۆئەوەی ژنانی دووگیان بخەنە مەترسییەوە".
 
ترەمپ قسەکانی بە بایدن بڕی و گوتی "من بۆ چوار ساڵ هەڵبژێردراوم نەک بۆ سێ ساڵ و نیو، بۆیە مافی خۆمە ئەو بڕیارە بدەم، ئینجا نازانم ئەو 100 ملیۆنەت لەکوێ هێنا لەخۆتەوە، بەڕاستی کێشەی تۆ ژمارەیە".
 
هێشتا زۆر تەوەر مابوو قسەی لەسەر بکەن، کەچی هەر لەم سەرەتایەوە قسەکانیان بەرامبەر یەکدی تووند بوو. بایدن گوتی لابردنی سیستەمی ئۆباماکەیر کێشە دروستدەکات وەکو ئەوەی ئێستا 200 هەزار کەس بە کۆرۆنا مردوون. ترەمپ دیسان قسەکەی پێ بڕی گوتی "تۆ سەرۆک بوویتایە 2 ملیۆن کەس دەمردن، تۆ هەر نازانی ئەو بابەتە چۆنە، ئیتر بۆچی دەتەوێت وا پیشانی خەڵک بدەی مەترسی هەیە، بۆچی لە خۆتەوە قسە دەکەی".
 
بەڕێوەبەری دیبەیتەکە زیاتر لەسەر ئەم مژارە وەستا و بە ترەمپی گوت: تۆ لە سەرەتاوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئۆباماکەیرت دا، بەڵام جێگرەوەت نەبوو بۆی. ترەمپ گوتی "هەمبوو". واڵەس دیسان گوتی "نەخێر، نەتبوو". ترەمپ جارێکی دیکە وەڵامی دایەوە و گوتی "ئەوەی من کردوومە بۆ خەڵکی ئەمریکا هیچ کەسێک نەیکردووە، ئەوەتا بایدن 70 بۆ 80 ساڵە لە سیاسەتدایە نەیتوانیوە کارێکی وەکو ئەوەی من بکات". ترەمپ لەکاتێکدا وای گوت، کە تەمەنی بایدن خۆی 77 ساڵە، دواتر راستیکردەوە کە بایدن 47 ساڵە سیاسەت دەکات.
 
واڵەس روویکردە بایدن و پرسیاری ئەوەی کرد، کە بۆچی بایدن دەیەوێت بڕگەیەک بۆ ئۆباماکەیر زیاد بکات، بایدن گوتی "ئەوەی من بۆ خەڵکە زۆر هەژارەکانە، ترەمپ ئەوەی کردوویەتی و دەیکات درۆیە، ئەوەتا ناتوانێت خۆی بێدەنگ بکات". ترەمپیش هەر قسەیکرد و گوتی "تۆ بۆ چەپ و سۆشیاڵ دیموکراتەکان خۆت دۆڕاند". بایدنیش گوتی "ئەوە تۆی هاوکاری کەس ناکەیت و خەمی هەژارانت نییە، نازانی هیچ بۆ خەڵک بکەیت". ترەمپ هەر وەڵامیدایەوە و گوتی "من دەمەوێت بە نرخی باشتر دەرمان بدەمە ئەمریکییەکان، ئۆباماکەیر هیچ باش نییە و هەڵەیە، ئەو بڕگەیەمان لێ لابردووە کە دەڵێ تەنیا بۆ ئەمریکییەکان، هەر نەدەبوو ناوی ئۆباماکەیر بووایە". دووبارە بایدن گوتی ترەمپ هیچ پلانێکی بۆ تەندروستی نییە، ترەمپ لەولاوە بێ ئەوەی هیچ بخاتەڕوو گوتی "هەمانە".
 
 
جارێکی دیکە دادوەری باڵا
 
بەڕێوەبەری دیبەیتەکە وەک ئەوەی ئەو پرسیارەی لە بڕگەی یەکەمی دیبەیەتکەدا لەبیرچووبێ، هاتەوە سەر باسی دادگەی باڵاو روویکردە بایدن و لێی پرسی: تۆ هیچ پشتگیریی لە بڕیارێکی ترەمپ ناکەی بۆ بابەتی دادوەری باڵا؟ بایدن لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بوو و گوتی "من دەمەوێ خەڵک دەنگ بدات". ترەمپ دیسان خۆی لە وەڵامی ئەو پرسیارەش هەڵقورتاند و گوتی "جا دیموکرات کێیان هەیە بۆ ئەو پۆستە؟". بایدن خێرا گوتی "ئەم قسانەی تۆ هیچ لە قسەی سەرۆک ناچێت".
 
کۆرۆنا.. بابەتە جیدی و پڕمشتومڕەکە
 
جۆ بایدن، رکابەرەکەی خۆی تۆمەتبار کرد بە گیانلەدەستدانی 200 هەزار کەس لە ئەمریکا بەهۆی پەتای کۆرۆنا و رایگەیاند "ترەمپ هیچی نەکردووە، لە مانگی شوباتەوە دەیزانی نەخۆشییەکی کوشندەیە، بەڵام چی کرد؟، شاردییەوە بۆئەوەی خەڵک نەترسێت". ترەمپ لە دوورەوە گوتی "ئەو قسەیەت هەڵەیە". بەڵام بایدن هەر بەردەوام بوو "من مانگی تەممووز گوتم هەموو پارەیەک کە لەبەردەستە دەبێت خەرج بکرێت و ترەمپ لە یاریگەی گۆڵفەکەی بێتە دەرەوە و لەگەڵ دیموکراتەکان گفتوگۆ بکات، بەڵام نایکات".
 
دۆناڵد ترەمپ دیسان بە بایدنی گوتەوە "تۆ سەرۆک بوویتایە 2 ملیۆن کەس دەمردن، تۆ نازانی چی روودەدات، تۆ سەرۆک بوویتایە دەرگات دەکردەوە و خەڵکێکی زۆرتر تووش دەبوون". ئینجا پەسنی کارەکانی خۆی کرد: "فاوچی خۆی گوتی ترەمپ هەزاران خەڵکی لە مردن رزگار کردووە و ترەمپ کارێکی زۆر مەزنی کردووە. ئێمە ماسک و ئۆکسجینمان هێنا، ئێستاش خەریکی تاقیکردنەوەکانی ڤاکسینین، بەڵام هەواڵەکان لەسەر تۆ بە باشی قسە دەکەن و لەسەر من بەخراپ، تۆ هەرگیز نەتدەتوانی وەک من بکەی".
 
سەرەی قسەکردنی بایدن هاتەوە و تەواو پێچەوانەی ئەو ستایشە قسەی کرد، کە ترەمپ بۆ خۆی کرد، بۆ ڤاکسین گوتی "ئێمە پشتگیریی ڤاکسین دەکەین، بەڵام باوەڕ بە درۆکانی ترەمپ ناکەین". ترەمیش گوتی "نا نا قسەم لەگەڵ زاناکان کردووە بەمزووانە بەردەست دەبێت".
 
ترەمپ: بایدن ناوی زانکۆکەی بیرچووەتەوە
 
لەوکاتەی جۆ بایدن باسی ستراتیژی خۆی و هەوڵەکانی و توانای خۆی دەکرد، ترەمپ هەڵیدایە و بە سەرسوڕمانەوە لە بایدنی پرسی "ئەوە تۆ باسی زیرەکی دەکەی، تۆ ناوی زانکۆکەت بیرنەماوە، تۆ 47 ساڵە خەریکی سیاسەتی هیچت نەکردووە".
 
بایدنیش باسی پرۆژەی دیموکراتەکانی بۆ کرد کە دەیانەوێت چی بکەن سەبارەت بە کۆرۆنا، "بەڵام ترەمپ هەر خەریکی یاری گۆڵفە و نایەوێت لەبارەی کۆرۆنا لەگەڵ دیموکراتەکان کۆبێتەوە". ترەمپیش هۆکاری گوێنەگرتنی لە دیموکراتەکان بە راشکاوی بە بایدن گوت: "ئێوە دەتانەوێ وڵات دابخەم، ئێستا ئێمە دەزانین کێ کێشەی هەیە و کێ کێشەی نابێت. حاکمە دیموکراتەکان ویلایەتەکانیان داخستوون، ئەوەش کارێکی باش نییە و بۆ مەبەستی هەڵبژاردن وادەکەن، دوای هەڵبژاردن وەک ئەنجامی هەڵبژاردن و بۆئەوەی بڵێن شت دەگۆڕین دەیکەنەوە".
 
توانجی هەردوو بەربژێر بۆ کۆبوونەوەکانیان
 
هەر لە چوارچێوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و سودەکانی بەستنی دەمامک، ترەمپ گوتی "من ماسک بەکاردەهێنم لەشوێنێک کە پێویست بێت، بەڵام لێرە پێویست ناکات مادام لەیەکدی دوورین، بەڵام بایدن 200 پێ (60 مەتر)یش دوور بێت دەترسێت و ماسکەکەی لانادات".
 
ترەمپ توانجێکی لە ئەنتۆنیۆ فاوچی، زانای نەخۆشییە گوازراوەکان لە کۆشکی سپی دا و گوتی "فاوچیش قسەی گۆڕی، یەکەمجار گوتی ماسک باش نییە دوایی گوتی باشە".
 
هەر لە سەرەتای بانگەشەکانەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کۆمارییەکان گوێیان نەداوەتە قەرەباڵخی و گەرموگوڕ کۆدەبنەوە، بەڵام دیموکراتەکان ئەوە ناکەن. لەو بارەیەوە گفوگۆکەیان بەمشێوەیە بوو:
 
- ترەمپ: من لە شوێنی کراوە خەڵک کۆدەکەمەوە
 
- بایدن: من ئەوە ناکەم
 
- ترەمپ: تۆ کەس گوێت لێناگرێ، من خەڵک زۆر دوام دەکەون، بەڵام بایدن سێ کەس لێی کۆدەبنەوە، بۆیە کۆبوونەوەی قەرەباڵخ ناکات
 
- بایدن: ئاخر ترەمپ لە خەمی خەڵکدا نییە
 
- ترەمپ: ئێمە هیچ خراپەیەکمان بۆ خەڵک نییە و 40 هەزار کەس کۆدەکەینەوە، تۆش ئەوەندە خەڵکت هەبووایە دەتکرد
 
ئابووریی ئەمریکا و بۆچوونی ترەمپ و بایدن
 
ترەمپ جگە لە هێرشکردنە سەر بایدن لە بابەتی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی، جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر چین و کۆرۆنای بە "پەتا چینییەکە" ناوبرد. "ئێمە بازاڕ و ئابووریمان داخست لەبەر پەتا چینییەکە، بایدن سەرۆک بووایە 2 ملیۆن کەس دەمردن، ئێستا ریکۆردمان تۆمارکردووە و خەڵک دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، بەڵام حاکمە کۆمارییەکانی ویلایەتەکان دایدەخەن و کارەساتیان خولقاندووە، ئێستا وڵاتەکەمان لەسەر رێڕەوێکی باشە، نامانەوێ ئەمانە (دیموکراتەکان) بێن و بڵێن دایخەنەوە".
 
دوو خولەک کاتی بایدن بوو بۆئەوەی لەسەر ئەم بابەتەش قسەبکات، بە جیاوازی کۆماری و دیموکراتەکان دەستیپێکرد: "جیاوازی ئێمە لەگەڵ کۆمارییەکان ئەوەیە کە ملیۆنێرەکان قازانج دەکەن، ملیۆنێرەکانی وەک ترەمپ باجیان نەداوە و دەوڵەمەندتر بوون". 
 
بایدن بۆئەوەی تانە لە ئیدارەکەی ترەمپ بدات رووی کردە کامێراکان و پرسیاری کرد "دەزانن خەڵک ژیانی چۆنە ئێستا"، ترەمپ لەلاوە گوتی "زۆر باشن".
 
بایدن دەڵێت کەمترین کەس کاریان هەیە، ترەمپ نایەوێت سەلامەتی خەڵک بپارێزێت، بۆیە دەیەوێ بازاڕ و قوتابخانەکان بکاتەوە، ترەمپیش گوتی "خەڵک دەیەوێ قوتابخانەکان و بازاڕ بکرێنەوە و بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان. من کە یاریی فووتبۆڵ (رەگبی)م گەڕاندەوە خەڵک زۆر شانازییان پێوە کردم".
 
ترەمپ بە خۆدزینەوە لە باج تۆمەتبار کرا
 
واڵەس، ئەو پرسیارەی لە ترەمپ کرد، کە چەند رۆژێکە میدیای ئەمریکای تەنیوە و دەڵێن، لەوەتەی ترەمپ بووەتە سەرۆک تەنیا 750 دۆلاری وەک باج داوە و داوایکرد سەرۆک ترەمپ راستیی بابەتەکە باس بکات. وەڵامی ترەمپ بەمشێوەیە بوو: "من ملیۆنان دۆلارم وەک باج داوە لەسەر داهات و دەرامەت. من 38 ملیۆن دۆلارم داوە و دەتوانم لیستەکەشتان بۆ ئامادەبکەم، راپۆرت هەیە 250 لاپەڕەیە کە باسی باجەکانی من دەکات".
 
بەڵام بایدن گوتی "مامۆستای قوتابخانە لە ترەمپ زیاتر باجی داوە". ئینجا باسی لەوەکرد کە ئەو دەیەوێ سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ترەمپ بۆ باج بگۆڕێت. کەچی ترەمپ پێی گوت: "ئەی بۆ 25 ساڵی رابردوو ئەمەت نەکرد؟" بایدن وەڵامێکی دایەوە کە تارادەیەک پەیوەندی با باسەکەوە نەبوو و گوتی "تۆ خراپترین سەرۆکی مێژووی ئەمریکا بوویت". ترەمپیش گوتی "لە 47 مانگدا بەقەت هەموو تەمەنی سیاسیی تۆ کارم کردووە کە 47 ساڵە".
 
جۆ بایدن جەختیکردەوە، کە ئەگەر ببێتە سەرۆک و سیاسەتی باج بگۆڕێت، دوو تریلیۆن دۆلار داهاتی وڵاتەکە زیاد دەکات، 7 ملیۆن هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنێت ، 6 ملیار دۆلاری دیکەش دەخاتە سەر قەبارەی هەناردەی ئەمریکا.
 
ئەمجارە واڵەس لەجیاتی ترەمپ قسەکانی بە بایدن بڕی و گوتی باسی باج دەکەین دواتر باسی پلانی خۆت بکە، ئینجا بایدن گوتی: "من دەمەوێت باجی سەر دامەزراوەکان 20% بۆ 28% زیاد بکەم". ترەمپ دیسان سەردەمی دەسەڵاتی دایەوە لە رووی بایدن و پێی گوت: "ئەی بۆ کە جێگری ئۆباما بووی نەتکرد؟". گوتیشی "ئەگەر تۆ بەو بیروبۆچوونانەوە ببیتە سەرۆک نیوەی کۆمپانیاکان لە ئەمریکا دەڕۆن".
 
بایدن بۆ ترەمپ: قسە لەسەر خەڵکی ئەمریکا بکە نەک خێزانەکانمان
 
بایدن و کوڕەکەی بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە گرێبەستی ملیار دۆلارییان لەگەڵ ئۆکراینیا کردووە و پارەشیان لە رووسیا وەرگرتووە. ترەمپ بڕی پارەکەشی ئاشکراکرد و گوتی "خۆت و کوڕەکەت 3 ملیۆن و 500 هەزارتان لە مۆسکۆ وەرگرتووە و بە ملیار دۆلاریش لە ئۆکراینیا". بایدن هێرشی کردە سەر ترەمپ گوتی "وانییە، با قسە لەسەر خەڵکی ئەمریکا بکەین نەک خێزانەکانمان".
 
بۆچی دەنگ بە بایدن و ترەمپ بدرێت؟
 
کریس واڵەس بڕگەیەکی دیبەیتەکەی تەرخانکرد بۆئەوەی: بۆچی دەبێ خەڵک ئێوە هەڵبژێرێت؟
 
وەڵامی ترەمپ: چونکە هیچ ئیدارەیەک بەقەت سێ ساڵ و نیوی من کاریان نەکردووە، ئەوان پێشتریش لە دەسەڵات و کۆشکی سپی بوون، بەڵام هیچیان نەکردووە، خەڵکێکی زۆر بە من دەڵێن باشترین کارت کردووە، دوای کۆرۆنا بونیادنانەوەی ئابووری دەستپێدەکەینەوە. دڵنیایی تەندروستیمان بۆ زۆر کەس دابینکردووە، ئینجا دەنگم پێبدەن لەبەر ئەوەی بایدن ناتوانێت ببێتە سەرۆکێکی باش.
 
وەڵامی بایدن: ئێمە لە سەردەمی ترەمپ لاوازتر بووین، نەخۆشتربووین، من دەمەوێت ئابووری هەستێنمەوە، هەر ئەوکاتەشی جێگری سەرۆک بووم وامان کرد. ملیاردێرەکان دەوڵەمەندتر بوون و لە کۆرۆنا پارەیەکی زۆریان کۆکردووەتەوە، لەبارەی تووندوتیژیش لە سەردەمی ئێمە کەمتر بوون، ئێستا زیاد بووە.
 
بایدن: کوڕەکەم جێی شانازییە.. ترەمپ: لەسەر کۆکایین دەرکرا
 
لە بەشێکی دیبەیتەکەدا جۆ بایدن ستایشی کوڕەکەی کرد، کاتێک لە عێراق لە ئەرکدا بووە و میدالیای رێزلێنانی پێبەخشراوە لەپێناو ئەو کارە باشانەی کردوونی بۆ خزمەتی وڵاتەکە و بە جێی شانازیی خۆی وەسفیکرد. کەچی ترەمپ گوتی "من باش دەیناسم، ئەو لەسەر بەکارهێنانی کۆکایین لە سوپا دەرکرا". 
 
کەشوهەوا
 
ترەمپ پێشتر لە لێدوانیدا بۆ میدیاکان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواو زۆریی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکەکان، گوتبووی زاناکان لەبارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا زۆر زانیارییان نییە. لەو دیبەیتەشدا کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا پلانی چییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، گوتی "من دەمەوێ هەوایەکی پاک هەبێت، بەڵام بازرگانی وڵاتەکەی خۆم تێکناشکێنم، کە لە سەردەمی ئۆباما ئەوەیان کرد. دەبێ باشترین کار بکەین ئاو و هەوای باشمان هەبێت. دەبێ ویلایەتەکان باشتر ئیدارە بدەین، ئەگەر کالیفۆرنیا و ویلایەتە گڕگرتووەکان و دارستانەکان باشتر ئیدارە بکرێن، ئاوا ناسووتێن".
 
بایدن یەکسەر بە هێرش بۆ سەر ترەمپ وەڵامی دایەوە و گوتی، ئەوەی ترەمپ کردوویەتی و لە پلانیدایە بیکات هەڵەیە، "ئێمە دەمانەوێت هەنگاو بەرەو وزەی سرووشتی بنێین، هەر بەو رێگەیە ئابوورییەکی بەهێز بونیاددەنێین بە پشتبەستن بە وزەی سرووشتی کە پێویستیمان بە سووتەمەنی و رێژەی دەردانی کاربۆن نەمێنێت. دووبارەش بەشداردەبم لە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس". 
 
دوایین داواکاریی
 
لە کۆتایی دیبەیتەکە هەردوو بەربژێر سەرپشککران لە دوو خولەکدا دوایین داواکاریی خۆیان بۆ کاتی هەڵبژاردن بڵێن. بایدن داوای لە ئەمریکییەکان کرد دەنگبدەن و رایگەیاند هەموو شتێک لە کۆنترۆڵی دەنگدەرانە. "ئێمە ئەنجامەکان قبووڵ دەکەین، کەچی ترەمپ دەڵێت دەسەڵات رادەست ناکەم، بەڵام ئەو هیچی بەدەست نییە، دەنگ بدەن و ئەم نەخوازراوانە دووربخەنەوە".
 
ترەمپیش لەدوایین ماوەی خۆیدا داوایکرد هەڵبژێڕدرێتەوەو گوتی "ئەمانە کارەسات بوون بۆ وڵاتەکەمان من هاتم و لامبردن" مەبەستی دیموکراتەکان بوو. گومانی زۆری خۆیشی بۆ ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان نەشاردەوە و روو لە بایدن گوتی " باسی رادەستکردنی دەسەڵات بەشێوەی ئاشتییانە مەکە، لە ئێستاوە ساختەکاری لە هەڵبژاردندا کراوە، بەڵام ئێمە هەر براوە دەبین و ئەوەش دەبینن. هەرچەندە هەڵبژاردنەکە دیارە ساختەکاری تێدا دەکرێت، چونکە 80 ملیۆن کارتی دەنگدان هەبێ هەر ساختەکاری تێدا دەکرێت".
 
بەشێک لە میدیای ئەمریکی لەبارەی ئەو دیبەیتە نووسیویانە: "بێسەروبەر" بوو.
 
کریس واڵاس مۆدێرەیتەری دیبەیتەکە کە لەنێو دیبەیتەکە بە ترەمپ و بایدنی گوت، "بێدەنگ بن"، بە پێکەنینەوە کۆتایی بە دیبەیتەکە هێنا و گوتی، "کاژێر و نیوێکی سەرنجڕاکێش بوو". 
 
دیبەیتی دوای ئەمەش لەنێوان کامالا هاریس، جێگری جۆ بایدن و مایک پێنس، جێگری دۆناڵد ترەمپ لە 7ـی تشرینی یەکەم لە ویلایەتی ئوتا دەبێت.
 
سی ئێن ئێن ـی ئەمریکی لەبارەی دیبەیتەکە دەڵێت، ترەمپ کۆنترۆڵی زیاتر بووە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە براوەی دیبەیتەکەیە. بەپێی داتاکانی سی ئێن ئێن، ترەمپ 39 خولەک و 6 چرکە قسەی کردووە، لەکاتێکدا بایدن 37 خولەک و 56 چرکە قسەی کردووە. 
 
دیاریکردنی براوە و دۆڕاوی ئەو دیبەیتە کە جەیک تاپەر، رۆژنامەڤانی ئەمریکی بە "خراپترین دیبەیت کە لە ژیانیدا بینیویەتی" ناوی دەبات، رەنگە هێندە ئاسان نەبێت. دواجار لە مانگی تشرینی دووەم و لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەردەکەوێت کێ براوە بووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ."

کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.