لە ئەنبار نزیکەی 250 پارچە چەکی سووک و قورس لە بارەگایەکی سوپا دەدزرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە فەوجێکی فیرقەی پێنجی سوپای عێراق لە پارێزگای ئەنبار، نزیکەی 250 پارچە چەکی قورس و سووک (ئەمریکی، ئەڵمانی و رووسی) و زیاتر لە 10 هەزار فیشەک دەدزرێن. فەرماندەی سرییەکە تۆمەتبارە بە بردنیان. وەزارەتی بەرگریی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروستدەکات و ژمارەیەک ئەفسەریش راگیراون.
بەرپرسێکی سوپای عێراق کە بە مەرجی ناونەهێنانی زانیارییەکانی بە رووداو داوە رایگەیاند: "ماوەی هەفتەیەک دەبێت دزینی ئەو چەک و فیشەکانە لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە ئاشکراکراوە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێندراوە، ژمارەیەک ئەفسەریش راگیراون، دزییەکە لە فیرقەی پێنجی سوپای عێراق کراوە، جگە لە چەک بڕێکی زۆری گاز و شتی دیکەشی تێدایە، لەنێویاندا پارەی سەربازەکانی سرییەکەش."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، چەک و فیشەکەکان لە کۆگەی فەوجی دووی لیوای 19ـی فیرقەی پێنج لە قەزای روتبەی پارێزگای ئەنبار دیارنەماون.
دزییەکە کاتێک ئاشکرابووە ئەفسەری کارگێڕیی فەوجەکە کە فەرماندەی سرییەشە، لە ئامادەنەبوونی فەرماندەی فەوج کارەکان بەڕێدەکات و ناوی (ع. ع)ـە. ئەو داوای گواستنەوەی لە شوێنی خۆی بۆ فیرقەی 11 کردووە و نووسراوی رەزامەندیی بۆ هاتووەتەوە، بەڵام دەرکەتووە، نزیکەی 250 پارچە چەک دیارنەماوە، جگە لە پارە و سووتەمەنی (گازوایل).
ئەو چەک و کەرەستانەی دیارنەماون ئەمانەن:
- 206 چەکی جۆری M16
- 24 چەکی جۆری M4
- 2 ئار پی جی
- 16 دەمانچەی جۆری واڵتەر
- لەگەڵ ژمارەیەک چەکی دیکە، لەوانە کڵاشینکۆف
- نزیکەی 10 هەزار فیشەک
- بڕێک گازوازیل
- بڕێک پارە
وەزارەتی بەرگریی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر هەریەک لەمانە پێکهێناوە: فەرماندەی فەوج، ئەفسەری هەواڵگریی فەوج، ئەفسەری کارگێڕیی فەوج، ئەمیندارانی کۆگەی هەڵگرتنی فەوج، عەریفی کارگێڕی، شۆفێر و نووسەری کارگێڕی.
بەپێی ئەو سەرچاوەیەی قسەی بۆ رووداو کردووە، ئەو کەسەی تۆمەتباری سەرەکیی دۆسییەکەیە هەڵاتووە، بەڵام سەرچاوەیەک باسی لەوەکردووە، پێنجشەممە 29ـی ئابی 2024، لە دەروازەیەکی نزیکی ئێران دەستگیرکراوە.
سەرچاوەکەی رووداو دەڵێت: "چەک و قەتەمەنییەکان لە بازاڕی رەشدا فرۆشراون."
لە 200 وڵاتی جیهان، عیراق 25ـەمین وڵاتە کە زۆرترین چەک بەدەستی خەڵکەکەیەوەتی. نزیکەی 20%ـی عێراقییەکان چەکی خۆیان هەیە، ژمارەی چەکی دەستی عێراقییەکان بە زیاتر لە 8 ملیۆن دانە مەزەندە دەکرێت.