لە فەرەنسا کەسێک 71 پیاو بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هاوژینەکەی بە کرێ دەگرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی فەرەنسا یەکێک لە "قێزەونترین" تاوانەکانی وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات. پیاوێکی بەساڵاچوو لە 10 ساڵدا دەیان پیاوی بە کرێ گرتووە بۆ ئەوەی دەستدرێژیی سێکسی بکەنە سەر هاوژینە 72 ساڵییەکەی و ڤیدیۆشیانی گرتووە.
 
ژنەکە بەهۆی ئەوەی دەرمانی بێهۆشکەری پێدراوە، ئاگاداری ئەو تاوانە نەبووە.
 
رۆژی هەینی 30-08-2024 پیاوێکی 71 ساڵەی خانەنشینی فەرەنسی لە شاری ئاڤیگۆن لە فەرەنسا دادگەیی کرا. 
 
دۆمەنیک ناوی پیاوەکەیە و بەوە تۆمەتبارە کە سەرەتا دەرمانی بێهۆشکەر و ئارامکەرەوەی داوەتە هاوژینە بەساڵاچووەکەی، پاشان چەند پیاوێکی بە ئۆنلاین بە کرێ گرتووە بۆ ئەوەی بێن و لە ماڵەکەی خۆیان دەستدرێژیی سێکسی بکەنە سەری. 
 
ئانتوان کەمیو، یەکێکە لە پارێزەرانی ژنە 72 ساڵییەکە کە قوربانی ئەو رووداوەیە و گوتی، "ئەم دادگاییە ئەزموونێکی مەرگەسات دەبێت بۆ ئەو ژنەی کە 10 ساڵە دەیان جار دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەری و ئاگادارنەبووە".
 
کەمیو راشیگەیاند، جگە لە هاوژینی ئەو ژنە، 51 کەسی دیکە دەستگیرکراون و دادگایی دەکرێن. دادگە داوای لە قوربانییەکە کردبوو کە بە نهێنی دادگاییەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەو رەتیکردەوە.
 
ئەو پارێزەرە گوتی، قوربانییەکە بڕیاری داوە لە دادگە رووبەڕووی دەستدرێژیکاران و هاوژینەکەی ببێتەوە کە 50 ساڵە پێکەوە دەژین.
 
بەگوێرەی پۆلیس، لە 10 ساڵدا ئەو ژنە 92 جار لەلایەن 71 پیاوەوە دەستدرێژیی کراوەتە سەر و ڤیدیۆ و وێنەی گیراوە. هەموو جارێکیش ژنەکە بێهۆش بووە و ئاگاداری هیچ نەبووە. هەندێکجار هاوژینی ژنەکە لە دەستدرێژییەکەدا بەشدار بووە. پۆلیس هێشتا نەیتوانیوە ناسنامەی 20 کەسیان دەستنیشان بکات.
 
دۆمەنیک و هاوژینەکەی لە گوندی مازان لە دووریی 33 کیلۆمەتر لە شاری ئاڤیگنۆن لە باشووری فەرەنسا دەژین.
 
سەرەتای ئاشکرابوونی تاوانەکە
 
لە ئەیلوولی ساڵی 2020دا دۆمەنیک لەلایەن پۆلیسی مۆڵێکی فەرەنساوە دەستگیرکرا، کاتێک خەریک بوو وێنەی ژێر تەنوورەی سێ ژنی دەگرت.
 
دوای ئەوەی پۆلیس دەستگیری دەکەن و کۆمپیوتەری دۆمەنیک دەپشکنن، دەبینن هەزاران وێنە و ڤیدیۆی ژنێکی تێدایە و دەستدرێژی دەکرێتەسەر؛ دواتر دەردەکەوێت ئەو ژنە هاوژینی خۆیەتی و وێنەگرەکەش خۆیەتی.
 
ژنە 72 ساڵییەکە ساڵی 2020 بۆی ئاشکرا دەبێت کە هاوژینەکەی چ تاوانێکی بەرامبەر کردووە و سکاڵای لەسەر تۆمار دەکات، بەڵام دوای لێکۆڵینەوەیەکی چڕ، دوای چوار ساڵ کەیسەکە چووە دادگە.
 
لێکۆڵەران لە کۆمپیوتەرەکەی دۆمەنیک چەند چاتێکیان دۆزیوەتەوە کە لە وێبسایتی coco.frـی فەرەنسییەوە کراوە و ئێستا لەلایەن پۆلیسەوە ئەو وێبسایتە داخراوە. لە چاتەکان دەردەکەوێت، دۆمەنیک خەڵکی بە کرێ گرتووە بۆ ئەوەی دەستدرێژیی بکەنە سەر هاوژینەکەی.
 
'هەندێکیان شەش جار چوون'
 
دۆمەنیک لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە، سەرەتا شەوان دەرمانی ئارامکەرەوەی داوەتە هاوژینەکەی بۆ ئەوەی بێهۆش بێت و خەوی لێبکەوێت.
 
بە گوتەی دۆمەنیک، سەرەتای ئەو تاوانە بۆ تەممووزی 2011 دەگەڕێتەوە کە ئەوکات دوو هاوژینەکە لە نزیک پاریس دەژیان و دوای دوو ساڵ چوونەتە مازان.
 
دۆمەنیک کاتێک پیاوەکانی بەکرێ گرتووە و بەگوێرەی چەند داواکارێکی گشتی، هانی پیاوەکانی داوە لەکاتی دەستدرێژییەکەدا جنێو و قسەی نەشیاو بە هاوژینەکەی بڵێن و هیچ ئاڵوگۆڕێکی پارە لە نێوانیان رووی نەداوە.
 
بەگوێرەی پۆلیس، دەستدرێژیکاران تەمەنیان لەنێوان 21 بۆ 68 ساڵدایە و یەکێکیان ئەفسەر، یەکێکیان خاوەن کۆمپانیا و یەکێکیشیان رۆژنامەڤانە؛ بەشێکیان سەڵت، خێزاندار و هەندێکیشیان لە هاوژینەکانیان جیا بوونەتەوە. زۆربەیان یەکجار و هەندێکیان شەش جار چوونەتە ماڵەکە بۆ ئەو کارە.
 
بەگوێرەی دۆمەنیک، لە نێو 71 پیاوەکەدا تەنیا سێ کەسیان دوای ئەوەی گەیشتوونەتە ماڵەکە ئەو کارەیان نەکردووە و گەڕاونەتەوە.
 
بیاتریس زاڤارۆ، پارێزەری دۆمەنیک گوتی، "دۆمەنێک لە تەمەنی 9 ساڵی لەلایەن پەرستارێکی پیاوەوە دەستدرێژیی سێکسی کرابوویە سەر".
 
ئەوە تاکە تاوان نییە کە دۆمەنیک لەسەری دادگایی دەکرێت. ئەو پیاوە بەساڵاچووە، تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و کوشتنی لەسەرە کە لە ساڵی 1991 کردوویەتی، بەڵام رەتی دەکاتەوە. 
 
بڕیارە دادگاییکردنی دۆمەنیک و دەستدرێژیکارانی سەر ئەو ژنە تاوەکو مانگی 12ـی ئەم ساڵ بەردەوام بێت.