رووداو بەدواداچوون بۆ دۆخی پەناخوازانی کورد لە یۆنان دەکات
رووداو - یۆنان
بەشێک لە گەنجانی کوردی چارەنووس نادیار، لە کەمپی ریستۆنا لە یۆنان، بەسەرهاتی نەهاتیان بۆ رووداو گێڕایەوە. ئاسۆی تەمەن 36 ساڵ، خەڵکی سلێمانییە و لە چاوەڕوانیی بڕیاری دادگایە تاوەکو بزانێت داوای پەنابەرێتییەکەی قبووڵ دەکرێت یاخود نا.
ئاسۆ فارس، پەنابەر دەڵیت، "زیاتر لە ساڵێکە لێرەم [لە یۆنان]، بەڵام چارەنووسمان نادیارە، مەوعیدی دادگاییەکەم نزیکە و مانگێکم ماوە، دەمەوێت سەردانێک بکەم بزانم چی دەبێت، ئەگەر هیچم وەرنەگرت، دەڕۆم بەرەو بەریتانیا. دوایین ئومێد ئەوەیە کوردستان وڵاتێکی خۆش بێت و هەموومان بگەڕێینەوە بەرەو کوردستان، هیوامان وایە ئەو هەموو کێشە سیاسی و داراییەی هەیە چارەسەر بکرێت و بگەڕێینەوە، پێویست ناکات کەس پێمان بڵێت و ئەوکاتە خۆمان دەگەڕێینەوە."
مەسرور محەممەدی تەمەن 30 ساڵان، پێنج ساڵ لەمەوپێش رێی کۆچی گرتووەتەبەر و گەیشتووەتە ئەڵمانیا، بەڵام دوای چوار ساڵ دیپۆرتی یۆنان کراوەتەوە. ئەو دەڵێت، ""ئەگەر بمزانیبایە بەم شێوەیە نەدەهاتم."
کەمپی ریتسۆنا نزیکەی یەک کاژێر لە ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە دوورە، نزیکەی 1000 کۆچبەری تێدایە کە 200یان کوردن؛ زۆربەیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن.
عەبدولڕەحمان هۆرۆ خەڵکی عەفرینە، پێنج ساڵە دوور لە هاوژین و دوو منداڵەکەی لەو کەمپە گیریخواردووە، ئەو دەڵێت، هاوژین و منداڵەکانی لە تورکیان و لەو وڵاتەش کەسیان نییە.
هەرچەند سێ ژەمە خواردن دەدرێتە پەنابەرەکان، بەڵام بۆ هەموو پێداویستییەکانی ژیان، مانگانە تەنیا 70 یۆرۆیان پێدەدرێت کە ئەگەر دڵیان تبێ خەرجی بکەن، بە دوو بۆ سێ رۆژ، هیچیان بۆ نامێنێتەوە.