لە ئوسترالیا گشتپرسی بۆ پاراستنی مافی خەڵکی رەسەنی وڵاتەکە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

ئوسترالییەکان گشتپرسی تایبەت بە مافی خەڵکە رەسەنەکەی وڵاتەکەیان دەکەن و ماوەی شەش هەفتە، هەڵمەتەکانی 'بەڵێ' و 'نەخێر' بۆ گشتپرسییەکە بەردەوام دەبن.
 
لە شاری داروین لە باکووری ئوسترالیا، چالاکڤانان داوا لە خەڵک دەکەن دەنگ بە هەمواری دەستووری وڵاتەکەیان بدەن و بە 'بەڵێ' لە گشتپرسییەکەدا دەنگ بدەن.
 
جۆرجیا کۆری، چالاکڤان لە داروین، دەڵێ "ئوسترالییەکان دەزانن ئێستا کاتی ئەوە هاتووە دان بە مافەکانی خەڵکی رەسەندا بنێن؛ داننان بەو مافانەش لەڕێگەی دەنگدانەوە، باشترین رێگەیە."
 
بڕیارە 14ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ئوسترالییەکان لە گشتپرسیدا دەنگ بدەن تاوەکو گۆڕانکاری لە دەستوور بکەن و، دەستەیەک بەناوی "دەنگ" دروست بکەن کە تایبەت دەبێت بە بەدەستهێنانی ماف و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکە رەسەنەکەی ئوسترالیا. 
 
بۆ ئەوەی ئەو گشتپرسییە سەرکەوتوو بێت، پێویستە رێژەی زیاتر لە 50٪ـی دەنگەکان 'بەڵێ' بن و لە کۆی شەش ویلایەتەکەی ئوسترالیاش، لە چواریان دەنگی 'بەڵێ' زۆرینە بێت. 
 
لە مێژووی ئوسترالیا، 44 پێشنیازی گۆڕانکاری لە دەستوور لە رێگەی 19 گشتپرسییەوە کراون، بەڵام تەنیا هەشت لەو گشتپرسیانە بە 'بەڵێ' بوون، کە دوایینیان لە ساڵی 1977 بوو. لە دوایین گشتپرسیشدا لە ساڵی 1999، زۆرینەی ئوسترالییەکان دژی گۆڕانکاریی دەستوور دەنگیان دا، کە ئامانجەکە ئەوە بوو؛ ئوسترالیا لە سیستمی پاشایەتییەوە بێتە وڵاتێکی کۆماری.
 
خەڵکی رەسەنی ئوسترالیا هەمیشە رەخنەی ئەوەیان لە حکومەتەکانی ئوسترالیا هەبووە کە مافەکانی پێشێلکردوون و وەکو هاووڵاتیی پلە دوو، مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.
 
ئەنتۆنی ئەلبەنیسی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا سەبارەت بە گشتپرسییەکە دەڵێ "بیرۆکەی 'دەنگ' لەلایەن خەڵکەوە پێشنیازکرا و هەر لەلایەن خەڵکیشەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت. لە 14ـی تشرینی یەکەم، هەموو ئوسترالییەک، هەلێکی لەبەردەمدا دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان یەکگرتووتر بێت و گۆڕانکارییەکی ئەرێنی دروست بکەین. بۆ ئاییندەیەکی باشتر، داوا لە ئوسترالییەکان دەکەم، بە 'بەڵێ' دەنگ بدەن."
 
ئەمڕۆ (30ـی ئابی 2023) لە سەرانسەری ئوسترالیا و بۆ ماوەی شەش هەفتە، هەڵمەتی بانگەشەکردن بە 'بەڵێ'، هەروەها بە 'نەخێر' بۆ گشتپرسییەکە دەستیپێکرد و ئەگەر دەنگی 'بەڵێ' سەرکەوتوو بێت، ئیدی دەستەی 'دەنگ' پێکدەهێنرێت و پێشنیاز و راسپاردەکانی لە پەرلەمانی ئوسترالیا تاوتوێ دەکرێن و دەنگیان لەسەر دەدرێت.