زیاتر لە چوار مانگە شەڕی نێوخۆی سوودان بەردەوامە؛ زیاتر لە 5000 کەس کوژراون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری وەدمەدەنی لە ویلایەتی جەزیرە لە نێوەڕاستی سوودان، دۆخی ئاوارەکانی شەڕە نێوخۆییە چوار مانگ و نیوییەکەی ئەو وڵاتە خراپە؛ ئاوارەکان خەون بەوەوە دەبینن کە دۆخەکە هێور ببێتەوە و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان لە خەرتووم.
 
هادی عەبدولکەریم، ئاوارەی سوودان دەڵێت، "زۆر لە هاوڕێکانم لەدەستدان؛ خزم و کەسوکار. ئامۆزایەکیشم بریندار بوو. ئەو لەنێو سوپادا بوو. دوێنێش قسەم لەگەڵ هەندێکیان کرد. نزا دەکەم دۆخی وڵاتەکەمان باش بێت و بگەڕێینەوە."
 
شەڕ و پێکدادانی ئەمجارەی سوودان لە 15ی نیسانی 2023 لەنێوان سوپای سوودان بە سەرۆکایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرۆکایەتیی محەممەد دەگەلۆ، ناسراو بە حمێدتی، دەستیپێکرد و تائێستاش بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک ئاگربەست راگەیێندراوە.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم چوار مانگ و نیوەدا زیاتر لە 5000 کەس کوژراون و نزیکەی 8000 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ هەروەها سێ ملیۆن و 300 هەزار کەس ئاوارە بوون. نزیکەی ملیۆنێک هاووڵاتییش چوونەتە وڵاتانی دیکە کە زۆربەیان لە وڵاتانی دراوسێی سوودان گیرساونەتەوە.
 
سەرەڕای زیانە مرۆیی و ئابوورییەکان، بەڵام پێناچێت شەڕەکە کۆتایی پێ بێت. عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی گشتیی سوپای سوودان دەڵێت، "جەنگەکەمان دەستپێنەکرد و هەرگیزیش خوازیاری نەبووین. ئەوان دەستیانپێکرد، بۆیە شکستیان پێدەهێندرێت و باجەکەی دەدەن. هەر کەسێکیش دەڵێت، رێککەوتن کراوە یان هەوڵ هەیە، لە خەیاڵدا دەژی، ئێمە لەگەڵ ناپاکان رێکناکەوین."
 
ئەم گوتەیەی عەبدولفەتاح بورهان لە کاتێکدایە، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، دەبێت هەرچی زووە کۆتایی بەو شەڕە بهێندرێت.
 
یانز لێرک، گوتەبێژی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی دەڵێت، "هۆشدارییەکەی ئەمڕۆمان ئەوەیە کە راستییەکەی تەواوی وڵاتەکە مەترسیی لەسەرە زیانێکی گەورەی پێ بگات. ئەمەش برسێتی، ئاوارەیی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و وێرانکاریی بەدوای خۆیدا دەهێنێت."
 
شەڕەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەبووە؛ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زیاتر لە شەش ملیۆن کەس لەو وڵاتە بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن و زیاتر لە 14 ملیۆن منداڵ پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە.