ئەم ساڵ نزیکەی 1700 پەناخوازی عێراقی داوای مافی پەنابەرێتییان لە بەریتانیا کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 20 هەزار و 100 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە و لەرێگەی بەلەمەوە روویان لە بەریتانیا کردووە. ئەگەر رێژەی چوونی کۆچبەران وەربگیرێت، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 44٪ زیادیکردووە.
 
ئاماری فەرمیی حکومەتی بەریتانیا کە رۆژی سێشەممە، 29-8-2023 بڵاوکرایەوە، ئاشکرای دەکات تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب 20 هەزار و 100 کۆچبەر لە فەرەنساوە و لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە، بەشێوەیەکی نایاسایی خۆیان گەیاندووەتە نێو خاکی بەریتانیا. لەگەڵ ئەوەش مانگی حوزەیرانی رابردوو، زۆرترین کۆچبەر روویان لە بەریتانیا کردووە کە لەو مانگەدا، سێ هەزار و 824 کۆچبەر چوونەتە بەریتانیا. ئەو ژمارەیەش بە زۆرترین کۆچبەر لە مانگێکدا دادەنرێت کە چووبێتنە ئەو وڵاتە.
 
ساڵی رابردوو، زیاتر لە 45 هەزار و 700 کۆچبەر بە بەلەم چووبوونە بەریتانیا، ئەوەش وەک ریکۆردێکی نوێ بوو بۆ بەریتانیا. رۆژی 27ـی ئاب، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پلانی حکومەتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کۆچبەران سەرکەوتوو بووە. 
 
ئەم شەپۆلی نوێی کۆچبەرییە بۆ بەریتانیا، لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی چاودێریکردنی سنوورەکانی وڵاتانی ئەوروپا ناسراو بە فرۆنتێکس، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە 176 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریاوە روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە کە پشکی شێری چوونی کۆچبەران بەر ئیتاڵیا کەوتووە. 
 
هەروەها بەرپرسانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوە کردووە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران، پێشکێشکردنی داواکاریی مافی پەنابەرێتیش زیادیکردووە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 36 هەزار پەناخواز داوای مافی پەنابەرێتییان لە بەریتانیا پێشکێشکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو، بە درێژایی 12 مانگەکەی، نزیکەی 89 هەزار داواکاری مافی پەنابەرێتی پێشکێشکرابوون.
 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەم ساڵ زۆرترین داواکاری لەلایەن پەناخوازانی ئەفغانییەوە پێشکێشکراون کە سێ هەزار و 366 داواکاری بوون، پاشان پەناخوازی ئێرانی بوو کە ئەم ساڵ سێ هەزار و 200 داواکاری پەنابەرێتیان پێشکێشکردووە. ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەی ئاماری فەرمیی حکومەتی بەریتانیا، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا، هەزار و 671 پەناخوازی عێراقی داوای مافی پەنابەرێتیان پێشکێشکردووە. هەرچی پەناخوازی سوورییە، ئەمساڵ هەزار و 338 داوای مافی پەنابەرێتیان تۆمارکردووە.