هەوڵەکانی حکومەتی کۆڵۆمبیا بۆ نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر شکست دەهێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە باشووی کۆڵۆمبیا، کرێکاران، کچان و ژنان، هەندێکیان لەگەڵ منداڵە ساواکانیان سەرقاڵی لێکردنەوەی گەڵای داری کۆکان. ئەو کرێکارانە زۆربەی کات لە کێڵگەکاندا کار دەکەن، سەرەڕای ئەو مەترسییانەی لەلایەن چەکداران، قاچاخچییەکانی کۆکاین و هێرشەکانی حکومەتەوە دژی قاچاخچییەکان رووبەڕوویان دەبنەوە.
 
دارستانێک لە ناوچەیەکی کۆڵۆمبیا بە "دارستانی پیرۆز" ناوی دەهێندرێت، زیاتر لەبەر ئەوەی کە ماددەی هۆشبەری کۆکاینی لێ بەرهەم دەهێندرێت و بووەتە سەرچاوەی بژێویی ژیانی خەڵکی. ئەوان دەڵێن، "حکومەت لێرە بوونی نییە".
 
ئازایل کابرێرا، سەرۆک هۆز باس لەوە دەکات "کۆکا لەدایکبووە، چونکە دامەزراوەکانی حکومەت خەڵکی ئێمەیان لەبیر کردووە. حکومەت هیچ سیاسەتێکی بۆ پەرەپێدانی ناوچە گوندنشینەکان نییە. خەڵک ناچارن بژێویی خۆیان بە رێگەی جیاواز دابین بکەن. یەکێک لەو رێگەیانە چاندنی کۆکایە کە تۆزێ خەڵکی ئێرەی سەربەرز کردووە".
 
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی کۆڵۆمبیا 50 ساڵە شەڕ دژی قاچاخچییەکانی کۆکاین دەکات، بەڵام ئەو وڵاتە هێشتا گەورەترین بەرهەمهێنەری کۆکاینە لە جیهان و وەکو دەیان ساڵی رابردوو ئەو ماددە هۆشبەرە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا دەگوازرێتەوە.
 
تاوەکو ساڵی 2016 هێزە چەکدارەکانی فارک ناوچەی "کۆکا"یان بەدەستەوەبوو، بەڵام لە ساڵی 2016 رێککەوتنێک لە نێوان حکومەت و چەکدارانی فارک کرا بۆئەوەی چەکدارەکان ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن؛ بەڵام رێککەوتنەکە نەبووە هۆی ئەوەی ناوچەکە بکەوێتەوە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت.
 
رەیناڵدۆ بۆلانۆس، سەرۆک هۆز ئاماژە بەوە دەکات، "هەرچەندە رێککەوتنی هاڤانا کرا، بەڵام سوپا هەرگیز نەهاتە ئێرە. لە دوای ماوەیەکیش گرووپە چەکدارە نایاساییەکان روویان لێرە کرد. ئەمڕۆ ئەم گرووپە چەکدارانە ئیرە بەڕێوەدەبەن".
 
لەبەر بۆشایی دەسەڵات و ئەو زیانانەی کە لە چاندنی بەرهەمەکانی دیکەی وەکو گەنمەشامی و قاوە لە ساڵانی رابردوودا بینییان، جووتیاران پەنایان بردە بەر چاندنی کۆکا.
 
کارێن پالاسیۆس، کرێکاری چنینەوەی کۆکا دەڵێت، "دووگیان بووم کاتێک تەمەنم 18 ساڵ بوو. باوکی کچەکەم ئێمەی جێهشێت و تەنیا ماینەوە. لەگەڵ کچەکەم هاتووم گەڵای دار بچنمەوە. بە بێڵ و داس کار دەکەم. کچەکەم دەهێنمە کێڵگە و شوێنێکم بۆ دروستکردووە، کاتێک کار دەکەم، لەوێ بەجێی دەهێڵم".
 
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2010دا پێنج هەزار و 900 هێکتار زەوی بە داری کۆکا لە ناوچەی کۆکا چێندراوە، کەچی ئێستا ئەو رووبەرە بۆ 16 هەزار و 500 هێکتار زیادیکردووە، واتە لەو ماوەیەدا سێ هێندە زیادیکردووە.
 
ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکا بە تەنیا لە نێوان ساڵانی 2010  بۆ 2016دا 10 ملیار دۆلار هاوکاریی حکومەتی کۆڵۆمبیای کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییانی کۆکاین، بەڵام قاچاخچێتی هەر لە زیادبووندایە.