ئیلۆن مەسک سەرۆکی ڤەنزوێلا بە 'دیکتاتۆر' ناودەبات و ئەویش چاڵێنچی دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ڤەنزوێلا چاڵێنچی خاوەنی کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس و تێسلا دەکات تاوەکو رووبەڕووی یەکدی ببنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی نیکۆلاس مادورۆ بە براوەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی وڵاتەکەی راگەیێندرا و ئیلۆن مەسکیش بە "دیکتاتۆر" ناویبرد.
 
رۆژی سێشەممە، 30ـی تەممووزی 2024، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس و تێسلا و تویتەری بە "دووژمنێکی سەرەکی ئاشتیی ڤەنزوێلا" ناوبرد. 
 
سەرۆکی ڤەنزوێلا رووی دەمی کردە ئیلۆن مەسک و گوتی، "دەتەوێت شەڕ بکەیت؟ با شەڕ بکەین. ئیلۆن مەسک، من ئامادەم. لێت ناترسم. با شەڕ بکەین لە هەر شوێنێک کە بتەوێت."
 
سەرەتای ئەم ساڵیش مەسک دادگەی باڵای بەرازیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە رێگە لە ئازادیی رادەربڕین دەگرێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە خۆی خاوەندارێتی دەکات. 
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ڤەنزوێلا، مادورۆ براوەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیەیە و 51.2٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، هەروەها ئیموندۆ گۆنزالێسی بەربژێری ئۆپۆزیسیۆنیش 44.2٪ـی دەنگەکانی بردووەتەوە.
 
ئەنجامەکان ناڕەزایەتیی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەی بەدوای خۆیدا هێنا و پێیانوایە بەربژێرەکەیان 70٪ـی دەنگەکانی بردووەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، لایەنگرانی مادورۆ لە کاراکاسی پایتەخت دەستیان بە ئاهەنگگێڕان کرد و لە بەشێکی دیکەی شارەکەش خۆپێشاندان و ناڕەزایی دژی ئەنجامەکە دەستیپێکرد. 
 
پۆلیس لە زۆربەی شەقامەکانی ڤەنزوێلا بڵاوەی پێکراوە و هەوڵی کپکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان دەدات. 
 
بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و خۆپێشاندەران تاوەکو ئێستا لانیکەم 11 هاووڵاتیی سڤیل و ئەفسەرێک کوژراون؛ هەروەها پۆلیس زیاتر لە 750 کەسی دەستگیر کردووە. 
 
چین و کوبا پیرۆزباییان لە مادورۆ کردووە، بەڵام دۆخەکە نیگەرانی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای باشووری لێکەوتووەتەوە.