مارک زوکەربێرگ: چاویلکەی زیرەک وەک مۆبایل برەوی پێدەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا رایگەیاند هەر کەسێک کە ئەمڕۆ چاویلکە بەکاردەهێنێت، لە داهاتوودا روو لە بەکارهێنانی چاویلکەی زیرەک دەکات.
 
مارک زوکەربێرگ لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ جێنسێن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئێن ڤیدیا لە کۆنفرانسی داهاتووی ژیریی دەستکرد، گوتی پێیوایە چاویلکەی زیرەک لە داهاتوودا وەک مۆبایلی لێدێت و بەکارهێنانی زیاد دەبێت.
 
زوکەربێرگ رایگەیاند لە داهاتوودا نزیکەی یەک ملیار کەس لەسەر گۆی زەوی روو لە بەکارهێنانی چاویلکەی زیرەک دەکەن.
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکار و دامەزرێنەری کۆمپانیای مێتای خاوەن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام رایگەیاند چاویلکەی زیرەک بۆ یاری ئەلیکترۆنی و مەبەستی دیکە زۆر سەرنجڕاکێشە.
 
چاویلکەی زیرەکی کۆمپانیای مێتا بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای رەی بان دروستکراوە، کە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی تەکنەلۆجی تیدا رەچاو کراوە. لەڕێگەی بەکارهێنانی ئەو چاویلکەیەوە، بەکارهێنەران دەتوانن وێنەی کوالێتیی بەرز بە چاویلکەکەوە بگرن.
 
هەروەها لەڕیگەی دەنگەوە دەکرێت فەرمان بە چاویلکەکە بکرێت داواکارییەکانت بۆ جێبەجێ بکات، بەبێ ئەوەی پێویست بکات دەستی لێ بدەی.
 
چاویلکەی زیرەکی کۆمپانیای مێتا بە ئاسانی پەیوەست دەکرێت بە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و ئینستاگرام و لەڕێگەشییەوە بەکارهێنەر دەتوانێت راستەوخۆی فەیسبووک و ئینستاگرام بکات.