کوڕی موعەمەر قەزافی: ئومێد دەکەم ئیسرائیل حیزبوڵڵا بسڕێتەوە

دوێنێ کاژێر 09:36
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کوڕێکی موعەمەر قەزافی لە کاردانەوەی شەڕ و پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبناندا دەڵێت، ئومێد دەکات ئیسرائیل کۆتایی بە حیزبوڵڵا بهێنێت.
 
ساعیدی موعەمەر قەزافی، هەڵوێستی خۆی لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا نیشان دا، لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "ئومێد دەکەم ئیسرائیل حیزبوڵڵا لەسەر زەوی بسڕێتەوە."
 
ساعیدی کوڕی قەزافی لەدایکبووی ساڵی 1973یە، لە ئاداری 2014 لەلایەن حکومەتی نەیجەرەوە رادەستی دەسەڵاتدانی لیبیا کرا، لە 6ـی ئەیلوولی 2021، دەسەڵاتدارانی لیبیا ئازادیان کرد، بەڵام دواتر ئازادکردنی چووە تورکیا و لەو وڵاتە مافی مانەوەی وەرگرت.
 
ساعیدی کوڕی سێیەمی قەزافییە، هەرچەندە ئازادکرا، بەڵام دەگوترێت ئەو هێزە سەربازییەی ئەو سەرپەرشتی دەکرد دەستی لە کوشتنی راپەڕیوەکانی وڵاتەکەی هەبوو لە 17ـی شوباتی ساڵی 2011، پێشتر یاریزانی تۆپی پێ و بەرهەمهێنەری فیلم و کەسێکی سەربازی بووە.
 
لە ئۆکتۆبەری پارەوە گرژی لەنێوان چەکدارانی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل زیادیکردووە و تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 450 کەس لە لوبنان کوژراون کە زیاتر لە 350یان چەکداری حیزبوڵڵان. لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش  42 کەس لە ئیسرائیل کوژراون کە  18  سەربازن.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە