رووداو دیجیتاڵ
پارتی بەرەی نیشتمانیی فەرەنسا، کە پارتێکی تووندڕۆی دژە کۆچبەرانە، لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵێنیداوە سەرجەم یاسا و رێکارەکان بۆ کۆچبەران تووند بکات و یاسای دیپۆرتکردنەوەی و دەرکردنی کەسانی بیانیش لە وڵاتەکەیان ئاسانتر بکات.
رۆژی یەکشەممە، 30-06-2024، بە ملیۆنان فەرەنسی روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بەمەبەستی هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فەرەنسا.
بەگوێرەی بەڵێنەکانی پارتی راستڕۆی فەرەنسا، تووندڕۆی بەرەی نیشتمانی، لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە و چوونە سەر دەسەڵات، سەرجەم سیاسەت و رێکارەکانی فەرەنسا بەرامبەر بە کۆچبەران تووندتر دەکات.
بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی پارتە راستڕۆکە بۆ هەڵبژاردن تایبەت بە پرسی کۆچبەران بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە سەرجەم ئەو رێکارانە هەڵدەگرێت دەبێتە هۆی رێگریکردن لە دەرکردن و دیپپۆرتکردنەوەی کەسانی بیانی و کۆچبەران.
هەروەها کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای وەرگرتنی وڵاتینامەی فەرەنسی بۆ ئەو کەسانەی لە فەرەنسا لەدایکبوون و دایک و باوکیان خەڵکی وڵاتی دیکەن، کە سەتان ساڵە ئەو یاسایە لەو وڵاتە هەیە.
هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی یاسای یەکگرتوونەوەی خێزانەکان، بە واتای تووندکردنی پرۆسەی راکێشانی ئەندامانی خێزان لەلایەن کەسوکاریانەوە کە لە فەرەنسا نیشتەجێن. بێجگە لەوەی پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزە تووندتر دەکەن.
بەگوێرەی دوایین راپرسی، پێش هەڵبژاردنەکانی رۆژی یەکشەممە، پێشبینیکراوە پارتی بەرەی نیشتمانیی راستڕۆکان 35٪ بۆ 37٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، هەروەها پێشبینیکراوە 27٪ بۆ 29٪ی دەنگەکان بۆ پارتی بەرەی نوێی گەلی چەپڕۆکان بێت. لە پلەی سێیەمیش پێشبینکراوە بۆ هاوپەیمانی میانرۆکان کە بە هاوپەیمانی ئۆنسۆمبوڵ (پێکەوەیی) بێت و پێشبینیکراوە 20٪ بۆ 21٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی فەرەنسا لە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دێت کە پارتە راستڕۆکە بە جیاوازییەکی زۆر لە هاوپەیمانەکەی ماکرۆنی بردەوە و سەرۆک کۆماری فەرەنساش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختەی دا.
بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فەرەنسا کە دوو گەڕە و بڕیارە رۆژی 7ـی تەممووز، گەڕی دووەم بەڕێوەبچێت، بۆ پێشبڕکێیە لەسەر بەدەستهێنانی زۆرینەی ئەو ئەنجوومەنەی لە 577 کورسی پێکهاتووە و پارتی براوەش پێویستی بە 287 کورسی هەیە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی ئەو ئەنجوومەنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ