رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای هەڵبژاردنی بەرازیل بڕیارێکی دەرکرد کە بە گوێرەی ئەو بڕیارە، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە تاوەکو ساڵی 2030 ناتوانێت هیچ پۆستێکی حوکمی وەربگرێت.
دادگەکە رۆژی هەینی 30-6-2023 لە شاری برزیلیا دانیشت و بابەتی سەرەکیش یەکلاکردنەوەی تۆمەتێک بوو کە ئاراستەی جایر بۆڵسانۆرۆ، سەرۆکی پێشووی بەرازیل کرابوو.
تۆمەتەکە ئاماژەی بەوە دەکرد، بۆڵسنارۆ لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ساڵی رابردوودا خراپ دەسەڵاتی بەکارهێناوە و گومانی خستووەتە سەر پڕۆسەی دەنگدانی بەرازیل.
دادگەکە لە 7 دادوەر پێکدێت و لە دانیشتنەکەی رۆژی هەینییدا 5یان جەختیان لەوە کردەوە کە بەڵێ بۆڵسنارۆ خراپ دەسەڵاتی بەکارهێناوە و دووانەکەی دیکەش ئەو تۆمەتەیان رەتکردەوە کە درابووە پاڵی.
بڕیاری دادگەکە بەو جۆرەیە کە بۆڵسانۆرۆ تاوەکو 8 ساڵی دیکە ناتوانێت هیچ پۆستێکی حوکمی هەبێت و ئەوەش واتای ئەوەیە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2026دا بەشداری ناکات.
گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بەرازیل لە 2ی ئۆکتۆبەری 2022 بەڕێوەچوو و گەڕی دووەمیش لە 30ی هەمان مانگدا کرا. لە گەڕی دووەمدا لولا دا سیلڤا 50.90٪ی دەنگەکانی بردەوە و بۆڵسانۆرۆش 49.10٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەو جۆرە دا سیلڤا بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا.
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکە لایەنگرانی بۆڵسانرۆ رژانە سەر شەقامەکانی شارە جیاوازەکانی وڵاتەکەیان و 267 رێگەیان لە شارەکانی 23 هەرێمی وڵاتەکەیان گرت، ئەوە بە گوێرەی پۆلیسی ئەو وڵاتە.
رۆژی 8ی کانوونی دووەمی 2023ش لایەنگرانی بۆڵسنارۆ هەڵیانکوتایە سەر چەند دامەزراوەیەکی وڵاتەکەیان، وەک دادگەی باڵای وڵات، پەرلەمانی وڵات و کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵات، ئەوەش وەک هەوڵێک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تازە دەستبەکاربووی بەرازیل.
بۆڵسنارۆ بە هۆکاری سەرەکی ئەو ناڕەزاییە دادەنرێت، بەڵام رۆژی هەینی 30-6-2023 رایگەیاند، "من هێرشم نەکردە سەر سیستمی دەنگدان، بەڵکو تەنیا هەندێک لە هەڵەکانم پیشاندان. دادگەییەکەش هیچ واتایەکی نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ