بەرپرسێکی رووسیا بۆ رووداو: کێشەی کورد لە لایەن ئەنگلۆساکسۆنەکانەوە بەمەبەست دروستکراوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پەرلەمانی رووسیا رایگەیاند، کێشەی کورد لەلایەن ئەنگلۆساکسۆنەکانەوە دروستکراوە. دەشڵیت، "ئەو کێشەیە تا رادەیەک هاوشێوەی کێشەی گەلی فەلەستینە."
ئەلێکسی چێپا، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پەرلەمانی رووسیا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کامێز شەدادی، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە رووسیا، باسی هەڵوێستی مۆسکۆ بەرامبەر بە پرسی کورد بە گشتی و رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و دیمەشق کرد.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و دیمەشق، ئەلێکسی چێپا رایگەیاند، هیچ جۆرە لاوازبوونێک لە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و دیمەشقدا نییە، بۆ نموونە، ماوەیەک لەمەوبەر هێزەکانمان لە سووریا بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سووریا ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوویان لە دژی داعش ئەنجامدا.
چێپا گوتی، "بەهۆی پەرەسەندنی ململانێکانی دیکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە ئۆکرانیا، کەمتر گرنگی بە کێشەی سووریا دەدرێت، بۆیەش ئەو کێشەیە هەر ماوەتەوە." گوتیشی، بەهیوایە لە داهاتوویەکی نزیکدا کێشەی سووریا بەرەو چارەسەری بڕوات.
جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پەرلەمانی رووسیا ئاماژە بە کێشەی گەلی کورد دەکات و دەڵێت، "کێشەی گەلی کوردیش وەک خۆی ماوەتەوە کە چەندین ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ئەنگلۆساکسۆنەکانەوە بە شێوەیەکی دەستکرد دروستکراوە."
دەشڵێت، "بە بڕوای من ئەو کێشەیە تا رادەیەک هاوشێوەی کێشەی گەلی فەلەستینە."
بە گوتەی ئەلێکسی چێپا، ئەو کێشەیە بەشێوەیەکی تایبەت دروستکرابوو بۆ ئەوەی "بتوانن لە کاتی پێویستدا لە هەندێک ناوچەدا پشێوی و ململانێ دروست بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لەو ململانێیەدا کاریگەر بن."
داڕشتنەوە: سینا سۆما