پەرلەمانی ئیسپانیا لێبووردنی گشتی بۆ سەربەخۆخوازانی کەتەلۆنیا دەرکرد
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، 30-05-2024 پەرلەمانی ئیسپانیا پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی بۆ سەرجەم سەربەخۆخوازانی کەتەلۆنیا پەسندکرد.
پڕۆژەیاساکە کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی راستڕۆی ئیسپانیاوە، هەردوو پارتی پۆپولار و ڤۆکس دژایەتیی دەکرا، بە 177 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 172 دەنگی نەخێر لە پەرلەمانە 350 کورسییەکەی ئیسپانیا بڕیاری لەسەردرا.
ئەو سەربەخۆخوازانەی کە لێبوردنەکەیان بۆ دەرچووە، رۆڵیان لە گشتپرسییەکەی ساڵی 2017 هەبوو، ئەوکات کەتەلۆنیا ویستی لە ئیسپانیا جیاببێتەوە و ئیسپانیاش ئەو هەنگاوەی بە "نایاسایی و شکستخواردوو" ناوبرد.
پڕۆژەیاساکە بە پشتگیریی حکومەتی چەپی ئیسپانیا، دوو پارتی سەربەخۆخوازی کەتەلۆنی و چەند پارتێکی بچووکی دیکەی ئەو وڵاتە تێپەڕێندرا.
گشتپرسییەکەی کەتەلۆنیا بە سەرکردایەتیی کارلۆس پوگدیمۆنت بەڕێوەچوو؛ بەڵام دوای شکستهێنانی، کارلۆس ئیسپانیای بەرەو بەلجیکا جێهێشت و ئێستا لەوێ دەمێنێتەوە. ئەو پڕۆژە یاسایە دەکرێت رێگە خۆشکەربێت بۆ گەڕانەوەی سەرکردە کەتەلۆنییەکە.
لێبوردنەکە هەروەها یارمەتیی چەند بەرپرسێکی حکومیی شاری بارسێلۆنا، ئەوانەی لە خۆپێشاندانەکان بەشداربوون و چەند ئەفسەرێکی پۆلیسیش دەدات.
سەربەخۆخوازانی کەتەلۆنیا ئەو کەس و گرووپە سیاسیانە دەگرێتەوە کە داوای سەربەخۆییان بۆ هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا کردووە. بەشێک لەو کەس و لایەن دیارانەی کە سەربەخۆخوازن بریتییە لە، پارتی ئی ئار سیی چەپ؛ پارتی جونتسکاتی راستڕۆ؛ پارتی سی یو پی؛ کارلۆس پوگدیمۆنت؛ ئۆریۆل جونکوێراس، جێگری پێشووی سەرۆکی کەتەلۆنیا و کویم تۆرا، سەرۆکی پێشووی کەتەلۆنیا.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە 2018ـەوە لەو پۆستەیە و هەمیشە پشتگیریی لەو یاسایە کردووە، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی تەنگژە سیاسییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی کەتەلۆنیا.
سوودێکی دیکەی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ سانچێز ئەوەبوو، لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا پێویستیی بە یاسادانەرانی سەربەخۆخواز هەبوو بۆ ئەوەی یارمەتیی بدەن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیسپانیا.
کەتەلۆنیا یەکێکە لە هەرێمەکانی ئیسپانیا و دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و شاری بارسێلۆنا پایتەختەکەیەتی. پێرێ ئاراگۆنێس سەرۆکی هەرێمەکەیە و ئانا ئێرا سەرۆکی پەرلەمانە. دانیشتووانی کەتەلۆنیا جگە لە زمانی ئیسپانیا بە زمانی کەتەلۆنی، کە زمانی فەرمیی خۆیانە قسە دەکەن.
پەرلەمانی هەرێمەکە لە 01-10-2017 بڕیاریدا بۆ جیابوونەوە لە ئیسپانیا گشتپرسییەک بکات. لە گشتپرسییەکەدا دوو ملیۆن و 286 هەزار و 217 کەس دەنگیان دا، 177 هەزار و 547 کەس دەنگیان بە نەخێر و 64 هەزار و 632 کەسیش دەنگی پووچەڵیان دا.
میدیای ئیسپانیا و حکومەتی مەدرید ئەوکات ئەو هەنگاوەیان بە "نادەستووری" دانا و رووبەڕوویان بوونەوە. لە 07-10-2017 گشتپرسییەکە لەلایەن دادگەی دەستووریی ئیسپانیاوە رەتکرایەوە و دانی پێدا نەنرا.
پێش دەستپێکردنی گشتپرسییەکە، لە 20-09-2017 دادگەی ئیسپانیا فەرمانی بە پۆلیس کرد کە رێگە لە بەڕێوەچوونی گشتپرسییەکە بگرن. پۆلیس لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی ئانوبیس" هەڵیکوتایە سەر بارەگای سەرەکیی حکومەتی کەتەلۆنیا و 14 بەرپرسی باڵای دەستگیرکرد.