رووداو دیجیتاڵ
ناتۆ، یەکێک لە گەورەترین مانۆڕە سەربازییەکانی بە ناوی 'بەرگریی درێژخایەن - ستیتفاست دیفێندا' دەکات، کە لە 22ـی ـی 1-2024 لە باکووری نەرویج دەستیپێکرد و تاوەکو رۆمانیا بەردەوامە.
لە دارستانی پابرادا لە لیتوانیا، لە دووریی تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە سنووری بیلاڕووسیا، لەژێر فەرماندەیی ئەڵمانیا، مەشقەکە بەناوی گڤادریگا 2024 بە هاوبەشیی هۆڵەندا و لیتوانیا دەکرێت.
فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی ئەڵمانیا لەنێو مەشقەکەوە پەیامێک بۆ مۆسکۆ دەنێرێت.
ژەنەرال كارستن برویەر، فەرماندەی هێزی زەوینیی ئەڵمانیایە و دەڵێ "گڤادریگا پشکی ئەڵمانیایە لە مانۆڕە سەربازییەکەدا. گەورەترین مەشق و راهێنانی ناتۆیە لەوەتەی ساڵی 1988. لەکاتی کۆتاییهاتنی جەنگی سارد. گڤادریگا پێشکی ئێمە و وەڵامی بەکۆمەڵی ئێمەیە بۆ هەڕەشە دراماتیکییەکانی رووسیا."
هەروەها گوتی "بەڵام لێرە، لە پابرادا، دەسەڵاتی پووتین تەنیا 15 کیلۆمەتر لێمانەوە دوورە و لە پشت ئەوێ، سنووری بیلاڕووسیا هەیە. لێرە سوپای ئەڵمانیا ئەو پەیمانەی داویەتی، بەجێی دەهێنێت، کە هەموو سانتیمەترێکی سنووری ناتۆ دەپارێزێت."
ژەنەراڵانی ئەڵمانیا، لیتوانیا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ناتۆ، سەردانی مەیدانیی شوێنی بەڕێوەچوونی مەشقی لایەنەکانیان کرد. لیتوانیا بۆ خۆپاراستن، پشتئەستوورە بە ناتۆ.
جەنەرال ڤالدەماراس راپشیس، فەرماندەی سوپای لیتوانیا گوتی "ئێمە زۆر قسە ناکەین، بەڵکو بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدەین، ئەمەش هەر وابووە لە یەکەم رۆژی بەئەندامبوونمان لە ناتۆ. ئێمە هاوپەیمانانی ناتۆ، هەمان روانگە و بەهامان هەیە و متمانەشمان بە یەکتری و یەکگرتوویی هەیە."
تۆڕی میدیایی رووداو وەک دەزگایەکی جیهانیی راگەیاندن بۆ لیتوانیا و بینینی ئەو مانۆڕە کە 90 هەزار سەرباز و ئەفسەری هێزەکانی دەریایی، زەوینی و ئاسمانی تێیدا بەشداربوون، بانگهێشتکرابوو.
مەشق و راهێنان و مانۆڕی ساڵی 2024ـی ناتۆ کە ناوی ستیتفاست دیفێندەیە، بەشێکی کۆتاییهات. مانۆڕەکە سینارۆیەکی هێرشکردنە سەر لیتوانیا لەسەر سنووری بیلاڕووسیا تاقیدەکاتەوە، سوپاکانی ئەڵمانیا، هۆڵەندا و لیتوانیا بەیەکەوە لەو سینارۆیەدا پارێزگارییان لە لیتوانیا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ