وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: داوامان کردووە بە زووترین کات رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت

30-05-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، داوایان لە لایەنەکان کردووە "کاتی هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە و شەفاف" بۆ پەرلەمانی کوردستان دیار بکەن. لەبارەی هەڵبژاردنەکانی رۆژئاوای کوردستانیش، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، مەرجەکانی هەڵبژاردن لەو ناوچەیەی سووریادا نین. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی ئایاری 2024، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "ئێمە لەوە تێدەگەین کە کۆمیسیۆنی باڵا پێویستی بە دواخستی هەیە بۆ جێبەجێکردنی هەندێک لەو گۆڕانکارییانەی کە پەیوەندییان بە تەرخانکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی عێراقەوە هەیە".
 
رۆژی 28-5-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران نووسراوی فەرمیی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناردووە بۆئەوەی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی: "ئێمە داوامان لە لایەنەکان کردووە بەخێرایی رێکبکەون بۆ ئەوەی بەزووترین کات، کاتی هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە و شەفاف دیاری بکرێت."
 
'مەرجەکانی هەڵبژاردن [لە رۆژئاوای کوردستان] لەبار نین' 
 
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانی رۆژئاوای کوردستانیش، پاتێڵ گوتی، "هەر هەڵبژاردنێک کە لە سووریا دەکرێت، دەبێت هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە، شەفاف و گشتگیر بێت، هەروەک لە بڕگەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا کراوە. ئێمە پێمان وانییە کە ئێستا ئەو مەرجانە بۆ هەڵبژاردنێکی لەوجۆرە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا هەبێت، هەروەها ئێمە ئەو پەیامەمان بە کۆمەڵێک کەسایەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەیاندووە".
 
رۆژی 28ی ئاداری 2024، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یەکەمین کۆبوونەوەی کرد و بڕیاری دا رۆژی 30ی ئایاری ئەمساڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرێوەبچێت.
 
بەڵام 11-5-2024، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دواخراوە و رۆژی 11-6-2024 بەڕێوەدەچێت.
 
لەدوای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، یەکەمجارە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکرێت. ئامادەکارییەکان لە حەوت کانتۆنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستیپێکردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاندووە، زیاتر لە 3 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بەڕێوەبەرایەتییەکە هەروەها دەڵێت، ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیشتەجێن، مافی دەنگدانیان دەبێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تائێستا 18 لایەنی سیاسیی بەشدار لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هاوپەیمانییەکیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان پێکهێناوە و بڕیاریان داوە بە لیستێکی هاوبەش بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن.
 
بەپێی دابەشبوونی نوێی ئیداری، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە حەوت کانتۆن، شەش شاری گەورە، 40 شار و 105 شارۆچکە پێکدێت. بەم پێیەش، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 151 شار و شارۆچکە دەکرێت
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی: بە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی ئازەربایجان زۆر خەمبار بووم

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "زۆر خەمباربووم بە رووداوی تراجیدیی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەرباجیان لە کازاغستان، هاوخەمم و نزا بۆ ئەوانە دەکەم کە بەهۆی ئەو کارەساتەوە کاریگەر بوون."