دەوڵەمەندترین شارەکانی جیهان لە ئەمریکان
رووداو دیجیتاڵ
لە 50 دەوڵەمەندترین شارەکانی جیهان زۆرترینیان لە ئەمریکان، لەدوای ئەویش لە وڵاتانی چین، ئوسترالیا و ئەڵمانیان. تەنیا دوو لەو شارانەش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن.
ماڵپەڕی هێنلی ئەند پارتنەرس بە هاوبەشی لەگەڵ ماڵپەڕی وێلس وۆرڵد نیو، راپۆرتێکی لەبارەی دەوڵەمەندترین شارەکانی جیهان بڵاوکردەوە کە لە کۆی 50 شاریان 11یان لە ئەمریکان، پێنجیان لە چین، چواریان لە ئوسترالیا، سێیان لە ئەڵمانیا.
هەریەک لە ژاپۆن، بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ئیتالیا، هیندستان و سویسرا دوو شاریان لەنێو لیستەکەدا هەیە. هەریەک لە سەنگاپوورە، هۆنگکۆنگ، هۆڵەندا، ئیسپانیا، رووسیا، تایوان، نەمسا، سوێد، ئیسرائیل، ئێرلەندا، نیوزیلاند، کۆریای باشوور، سویسرا و ئیمارات یەکێ شارێکیان لەنێو لیستەکەدایە.
بە گوێرەی ئەو راپۆرتە، نیویۆرک، ناوچەی 'بەی' لە کالیفۆرنیا، تۆکیۆ، سەنگاپوور، لەندەن، لۆس ئەنجلیس، پاریس، سیدنی، هۆنگ کۆنگ و پەکین، 10 دەوڵەمەندترین شارەکانی جیهانن.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، نیویۆرک 349 هەزار و 500 ملیۆنێری تێدایە، ناوچەی بەی لە کالیفۆرنیا 305 هەزار و 700، ژاپۆن بە 298 هەزار و 300، سەنگاپوور 244 هەزار و 800، لەندەن 227 هەزار، لۆس ئەنجلیس بە 212 هەزار، پاریس 165 هەزار، سیدنی 147 هەزار، هۆنگکۆنگ 143 هەزار و 400 و پەکینیش 125 هەزار و 600 ملیۆنێریان تێدایە.
راپۆرتەکە دەڵێ: لەو 50 شارەدا، 852 کەس دەژین کە سەروەتەکەیان لە ملیارێک دۆلار زیاترە. زۆرترین ملیاردێرەکان لە ناوچەی بەیی کالیفۆرنیان کە 68 کەسن. دوای ئەو نیویۆرک بە 60 ملیاردێر، لۆس ئەنجلیس بە 43 ملیاردێر، پەکین بە 42 ملیاردێر، شەنگهای بە 39 ملیاردێر، لەندەن بە 35 ملیاردێر، سەنگاپوور بە 30 ملیاردێر، مومبای بە 29 ملیاردێر، شیکاگۆ بە 24 ملیاردێر و مۆسکۆ بە 23 ملیاردێر لە پلەکانی دووەم تاوەکو 10یەم دێن.
راپۆرتەکە زانیاری لەبارەی زیادبوونی رێژەی دانیشتووانی ئەو 50 شارە کە سەروەتەکەیان لە سەروو یەک ملیۆن دۆلارەوەیە لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2023 خستووەتەڕوو؛ زۆرترین زیادبوونەکانیش لە چین تۆمارکراون. لە شاری شینژێن 140٪ـە. دوای ئەویش هەریەک لە شارەکانی هانگژۆو بە 125٪، گوانگژۆو و ئەوستن 110٪، نیودێلهی 95٪، پەکین 90٪، شەنگهای 84٪، مومبای و ناوچەی بەی لە کالیفۆرنیا 82٪ و دووبەی 78٪.
ماڵپەڕی هێلی ئەند پارتنەرس ماڵپەڕێکی جیهانییە و ساڵانە راپۆرتی خۆی لەبارەی دەوڵەمەندترین شار و کەسایەتییەکانی جیهانەوە بڵاودەکاتەوە. بە گوێرەی ماڵپەرەکە، "ساڵانە، سەدان سەرمایەدار و راوێژکارەکانیان لە تەواوی جیهاندا پشت بە داتاکانی ئەوان" بۆ وەبەرهێنان دەبەستن.