رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هاوئاهەنگیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان رایگەیاند، پۆلیسی مۆڵدۆڤا و رۆمانیا، گرووپێکی قاچاخچیی کۆچبەرانیان دەستگیرکرد؛ "بە پێنج هەزار یۆرۆ کۆچبەرانی ئاسیا و ئەفریقایان لە وڵاتانی رۆژهەڵات و باشووری ئەورووپاوە دەبردە رۆژئاوا."
ئاژانسەکە لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: "بەرپرسانی مۆڵدۆڤا و رۆمانیا گرووپێکی قاچاخچیی کۆچبەرانیان دەستگیرکرد کە لە ساڵی 2019ـەوە زیاتر لە 100 کەسیان بردووەتە ناوچەی شینگن." ئەندامانی ئەو گرووپە داوای سێ بۆ پێنج هەزار یۆرۆیان لە هەریەک لەو کۆچبەرانە کردووە.
ئاژانسەکەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژی بەوەش کردووە، دووشەممەی رابردوو، پۆلیسی رۆمانیا 11 ماڵ و ژمارەیەک ناوچە بۆ دۆزینەوەی قاچاخچییەکان گەڕا؛ رۆژی 16ی ئەم مانگەش ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنیان کرد.
لەو دوو گەڕانانەدا، 20 ئەندامی ئەو گرووپە قاچاخچییەکە دەستگیرکراون؛ بەرپرسانی ئاژانسی هاوئاهەنگیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان، رۆمانیا و مۆڵدۆڤا دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەگەڵیان کردووە.
بە گوێرەی ئاژانسەکە، کۆچبەرەکان لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقاوە چووبوونە وڵاتانی هاوسنوور لەگەڵ ناوچەی شینگن، لەوێوە قاچاخچییەکان بە وڵاتانی نەمسا، بولگاریا، کرواتیا، یۆنان، هەنگاریا، مەسەدۆنیای باکوور، رۆمانیا، سڕبیا و تورکیاوە ئەو کۆچبەرانەیان بردوونەتە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا.
بە گوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 27ی ئایار 58 هەزار و 618 کۆچبەر چوونەتە وڵاتانی ئەورووپا کە دوو هەزار و 49یان بە رێگەی وشکانیدا بووە. هەمان ماوەی پار تەنیا 14 هەزار کۆچبەر چووبوونە ئەو کیشووەرە.
ئاژانسی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان یەکێکە لە ئاژانسەکانی یەکێتییەکە و تایبەتە بە رووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانانەی لەسەر سنووری نێوان دوو وڵات یان زیاتردا روودەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ