ئاگربەستی سوودان درێژکرایەوە؛ دەنگی تەقە بەردەوامە و یارمەتییەکان هێواش دەگەن

30-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن سوودان جەنگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ژەنەڕاڵە شەڕکەرەکانی سوودان رازیبوون ئاگربەستی نێوانیان بۆ پێنج رۆژی دیکە درێژ بکەنەوە، ئاگربەستێک کە چەندین جار پێشێلکرا و نەیتوانیوە رێرەوێکی مرۆیی بۆ گەیشتنی یارمەتییەکان بە خەڵکی سڤیل دروستبکات.
 
خەڵکی خەرتووم دەڵێن، شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، پێش ئەوەی ئاگربەستەکە بە نێوەندگیریی سعودیە و ئەمریکا درێژبکرێتەوە، دەنگی تەقە بیستراوە. بە گوتەی خەڵکی خەرتووم، لە باکووری شارەکە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان هەبووە، هەروەها لە باشووریش، چەند شوێنێک بە تۆپ کراونەتە ئامانج و دووکەڵیان لێ بەرزبووەتەوە. 
 
رۆژێک پێش ئەوە، واتە رۆژی یەکشەممە، نێوەندگیرانی ئەمریکی و سعودی رایانگەیاندبوو، "پێشێلکارییەکانی هەردوولا بە شێوەیەکی بەرچاو" بوونەتە رێگر لە بەردەم ئامانجی ئاگربەستەکە و نەیانهێشت یارمەتییە مرۆییەکان بە ئاسانی بگەنە خەڵکی سڤیل یان خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بخرێنەوەکار.  
 
هەروەها باسیان لەوە کردبوو سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی ژەنەڕال عەبدولفەتاح بورهان و هێزی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد حەمدان دەگەلۆ ناسراو بە حمێدتی، "خۆیان بۆ هەڵچوونی زیاتری گرژییەکان ئامادە دەکەن."
 
بەڵام بە ماوەیەکی کەم پێش کۆتاییهاتنی ئاگربەستە یەک هەفتەییەکە، کاژێر 10:45ی شەو، واشنتن و ریاز رایانگەیاند، "درێژکراوەتەوە."
 
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشیاندا هاتووە: "ئەگەرچی بە ناتەواوی جێبەجێکرا، ئاگربەستەکەی 20ی ئایاری 2023 بووە هۆی ئەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بگەن. درێژکردنەوەکە رێگە بە گەیشتنی یارمەتیی زیاتریش دەدات." 
 
لەو کاتەوەی کە هەفتەیەک لەمەوبەر ئاگربەستەکە راگەیێندرا، هاووڵاتییانی خەرتووم بە ترسەوە هەوڵیانداوە لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە بۆ بەدەستهێنانی ئاو یان خۆراک، کە نرخیان لە سەرەتای شەڕەوە دوو هێندە بووە. 
 
رۆژی دووشەممە، ئاژانسی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە رایگەیاند: "لە وەرچەرخانێکی گرنگدا،" توانیویەتی یارمەتیی مرۆیی بە هەزاران دانیشتووی گیرخواردووی خەرتووم بگەیێنێت. 
 
هێشتا زۆر خێزان ناتوانن بڕۆنە دەرەوە و پێداویستییەکانیان بەدەستبخەن لە کاتێکدا هەموو توانایێکیان بەکاردێنن بۆ ئەوەی خۆیان لە گوللـەی وێڵی شەڕەکە بپارێزێن، لە شارێکدا کە ژمارەی دانیشتووانی پێنج ملیۆن کەس بوو و ئێستا نزیکەی 700 هەزاریان بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵاتوون. 
 
لە هەرێمی دارفۆر، لەسەر سنووری سوودان و چاد، شەڕی بەردەوام "بە زەقی بەڵێنی ئاگربەستی پشتگوێخست،" ئەمە وەک تۆبی هاروارد، یەکێک لە بەرپرسانی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەکات.
 
هاروارد گوتی: "لە چەند رۆژی رابردوو، شەڕی ناوبەناوی نێوان هێزەکانی سوپای سوودان و هێزی پشتیوانیی خێرا لە فاشر لە باکووری دارفۆر" بووەتە هۆی کوژرانی خەڵكی سڤیل، تاڵانکردنی ماڵان و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەسی دیکە. 
 
گیانلەدەستدانی ساوایان لە نەخۆشخانە
 
شەڕەکە بووەتە کێشە بۆ گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بە 25 ملیۆن کەس، کە دەکاتە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکە. 
 
وێڕای ئەوەی کە تاوەکو دێت پێداویستییەکان زیاتر دەبن، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت تائێستا تەنیا 13٪ی ئەو 2.6 ملیار دۆلارەی پێگەیشتووە کە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی سوودان پێویستیەتی.
 
هەفتەیەک لەمەوبەر، شاندەکانی نوێنەرانی بورهان و دەگەلۆ رێککەوتنێکی نووسراویان واژۆ کرد بۆ ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکان، تۆپباران و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بوەستێنن تاوەکو یارمەتیی مرۆیی بتوانێت دەربازبێت.  
 
بەڵام تاوەکو رۆژی حەوتەمی ئاگربەستەکە یارمەتییەکان بە کەمی و هێواشی گەیشتبوونە جێ، لە نێویدا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو چەند نەخۆشخانەیەی کە هێشتا لە پایتەختی وڵاتە عەرەبییە ئەفریقییەکە کاردەکەن. 
 
ئێدی رۆو، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە سوودان باسی لەوە کرد، بۆ یەکەم جار دوای دەستپێکردنی شەڕ، ئاژانسەکەیان رۆژی شەممە، دەستی بە دابەشکردنی خۆراک بەسەر ئەو خێزانانەدا کرد "کە رۆژانە لە دابینکردنی بژێودا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە، لە کاتێکدا کە خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان بەرەو نەمان دەچن."
 
پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە سەرەتای ئایارەوە لە زۆربەی هەرێمەکانی وڵاتەکە کارەکانی زیادکردووە، دەیەوێت لە خەرتووم زیاتریشی بکات، "بەڵام ئەوە بەندە لەسەر لایەنەکانی شەڕەکە و ئەو ئاساییش و رێگەدانەی لە نێو گۆڕەپانەکە زامنی دەکەن."
 
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت 2.5 ملیۆن کەسی دیکە لە سوودان بکەونە نێو برسێتییەوە ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممە، رایگەیاند ئەو وڵاتە بووەتە یەکێک لەو ناوچانەی کە ناسەقامگیریی ئاسایشی خۆراک لە ئاستی هەرە بەرزدایە و پێویستی بە کاری "بەپەلە"ی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە. 
 
کەرتی تەندروستیی سوودان، کە پێش جەنگیش مەترسیی لەسەر بوو، ئێستا دوو هێندە رووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە؛ بەگوێرەی سەندیکای پزیشکانی ئەو وڵاتە، سێ چارەکی نەخۆشخانەکانی ناوچەکانی ململانێ لە کارکەوتوون. 
 
لە هەرێمی دارفۆری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، لەوەتەی شەڕ دەستیپێکردووە، زیاتر لە 30 منداڵی ساوا لە یەک نەخۆشخانەدا گیانیان لەدەستداوە، ئەمە وەک رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاندووە. 
 
بەگوێرەی دامەزراوەی Armed Conflict Location and Event Data Project لە 15ی نیسانەوە، شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم هەزار و 800 کەس. نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە، زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی دیکە لە نێو سوودان ئاوارە بوون و نزیکەی 350 هەزار کەسی دیکە پەنایان بردووەتە بەردەم وڵاتانی دیکە. 
 
شەڕی نێوخۆ
 
وڵاتانی دەوروبەری سوودان، کە زۆریان بەدەست ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنن، دەترسن پریشکی شەڕەکەیان بەرکەوێت. 
 
ئەگەرچی ئاگربەستەکە درێژکراوەتەوە، هەڕەشەیەک وەکو خۆی ماوەتەوە، کە ئەویش وەک نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی لە بارەیەوە دەدات، "زیادبوونی دەنگۆی"ی هەبوونی ماددەی تەقەمەنیی نەتەقیوە لە خەرتووم و شوێنەکانی دیکەی چڕی دانیشتووانی زۆر. 
 
هەروەها نیگەرانی هەیە لەوەی ئەو داواکارییانەی لە خەڵکی سڤیل دەکرێن بۆ ئەوەی چەک هەڵگرن و شەڕ بکەن، تەنیا دەبنە هۆی خراپترکردنی شەڕەکە کە شەش هەفتە لەمەوبەر دەستیپێکرد. یەکێک لەوانەی ئەو داوایەی لە خەڵکی سڤیل کردووە، حاکمی هەرێمی دارفۆرە کە لایەنگری سوپایە. 
 
پارتی ئوممە، کە یەکێکە لە گەورەترین پارتە سڤیلەکانی سوودان، هۆشداریی لە دژی ئەو جۆرە داواکارییانەی دا و بە هەوڵێک بۆ شەڕی نێوخۆی سەرتاسەری ناوی بردن. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.