بە درۆن هێرش کرایەوە سەر مۆسکۆ
رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر مۆسکۆ. سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ دەڵێت، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا چەند باڵەخانەیەک زیانیان بەرکەوتووە.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "لە بەرەبەیاندا، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان زیانێکی کەمی بە هەندێ باڵەخانە گەیاند. شارەوانیی مۆسکۆ دەستبەجێ ئەوەی پێویست بوو لە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و تیمەکانی دیکەی بەرگریی شارستانی، ناردوونی بۆ شوێنی رووداوەکە".
مۆسکۆ، 1000 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکراینا دوورە، لەوەتەی شەڕ لە 22ـی شوباتی 2022ـدا هەڵگیرساوە، زۆر بە دەگمەن هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام چەندین جار بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ناوچە سنوورییەکانی رووسیا کراونەتە ئامانج و پاڵاوگە و بۆریی نەوت تەقێندراونەتەوە.
ئەم هێرشە لەکاتێکدابوو، شەوی رابردوو رووسیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردە سەر کیێڤ و بەگوتەی ڤیتال کلیتشۆکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ، لانی کەم کەسێک گیانی لەدەستداوە.
رۆژی دووشەممە، 29-5-2023 رووسیا ژمارەیەک مووشەکی ئاڕاستەی کیێڤ کرد، ترس و تۆقاندنێکی زۆری لەنێو خەڵکدا بڵاوکردەوە. رۆژی سێشەممە، ئۆکراینا رایگەیاند، لە سنووری ئاسمانیی کیێڤ، لە کۆی 31 درۆن کە رووسیا ئاراستەی کردبوون، 29 درۆنیان خستووەتە خوارەوە.
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند "لە نێوان کاژێر 11:3ـی شەو و کاژێر 04:30ـی بەیانی، هێزە داگیرکارەکانی رووسیا بە 31 درۆنی شاهید 136/131 هێرشیان کرد، 29ـیان خرانەخوارەوە، کە زۆربەیان لە نزیک پایتەخت و لە سنووری ئاسمانیی کیێڤدا بوون".
رۆژێک یەکشەممەی رابردووش ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاندبوو، رووسیا بە 59 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی جۆری شاهید، هێرشی کردووەتە سەر چەندین ناوچە لە ئۆکراینا و لەنێویاندا کیێڤ، گوتیشی 58 فڕۆکەیان خستوونەتە خوارەوە.
سەرەتای مانگی ئایار، دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەسەر کۆشکی کریملین تەقێندرانەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی گەورە بوو لە دەرچوونی پرووشکی ئاگری شەڕی ئۆکراینا بۆ دەرەوەی وڵاتەکە، مۆسکۆ کیێڤی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد و زیلینسکیش تۆمەتەکانی رەتکردەوە.