رووداو دیجیتاڵ
لە خەرتوومی پایتەختی سوودان، قەیرانی ئارد و نان سەریهەڵداوە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی تاوەکو تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ملیۆنێک کەس وڵاتەکە جێدەهێڵن.
لە پایتەختی سوودان لەو کاتەوەی دەرگای شەڕ کراوەتەوە، دەرگای نانەواخانەکان داخراون. ئیدی ئاردیان پێ ناگات. لە بەردەم ئەو ژمارە کەمەشی هێشتا ئاردیان ماوە، خەڵکەکە بۆ ماوەیەکی درێژ نۆرە دەگرن تا نانێک بۆ خێزانەکانیان بەدەستدێنن.
هاووڵاتییەکی سوودانی لە نۆرەی کڕینی نان باس لەوە دەکات، "هەموو نانەواخانەکان داخراون، چونکە ئارد نییە. ئەمە تاکە نانەواخانەیە لەم ناوچەیە کاردەکات و چەندین کاژێر چاوەڕێ دەکەین تا نانمان دەستدەکەوێت."
خەڵکی خەرتووم لەسەر سفرەکانیان، شوێنی نان بە بەرهەمەکانی دیکەی ئارد و دانەوێڵە پڕ دەکەنەوە.
هاووڵاتییەکی دیکەی سوودانییە و دەڵێت، "هەوڵدەدەین جێگرەوەیەک بۆ نان بدۆزینەوە، وەک برنج و مەعکەرۆنی، بەڵام تەنانەت مەعکەرۆنیش دەستناکەوێت. ئەم بەرهەمانە هەموویان بە کەمی هەن."
شەش هەفتەی شەڕی کۆڵان بە کۆڵان، رێگەی گەیشتنی ئاردی بڕیوە، سەرەنجام ئەوانەی لە نێوان ئاگری دوو جەنەراڵی هەرە بەهێزی وڵاتەکەدا گیریانخواردووە، نانی پێویستیان دەستناکەوێت.
ملیۆنێک و 400 هەزار کەسیش لە ترسی شەڕەکە هەڵاتوون؛ شەڕێک کە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم هەزار و 800 کەس.
هەشتەمین رۆژی دوایین ئاگربەستی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرایە، کە بە نێوەندگیریی سعودیە و ئەمریکا راگەیێندراوە بۆ ئەوەی یارمەتیی مرۆیی بگاتە دەستی خەڵکی سوودان کە 25 ملیۆنیان پێویستیان پێیەتی، بەڵام ئاگربەستەکە لەرزۆکە و دەنگی تەقە لە خەرتووم نەبڕاوە. رێگەکان مەترسیدارن و تاڵانیش نەوەستاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ