دادگەی ئایرلەندا: لیزا سمس زانیاریی تەواوی هەبووە و پەیوەندی بە داعشەوە کردووە

30-05-2022
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن داعش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
دادگەیەکی کۆماری ئایرلەندا رایگەیاند، لیزا سمس، ئەندامی پێشووی "هێزەکانی بەرگریی ئایرلەندا" تاوانبارە بەوەی چووەتە سووریا و پەیوەندی بە داعشەوە کردووە.
 
ئەو ژنە ئایرلەندییە ساڵی 2001 تاوەکو 2011 ئەندامی "هێزەکانی بەرگریی ئایرلەندا" بوو، بەڵام ساڵی 2011 بووەتە موسڵمان و ساڵی 2012 چووە مەککە و دواتر لە رێگەی فەیسبووکەوە رایگەیاند، دەیەوێت لە ژێر "دەسەڵاتی شەریعەتدا" بژیت؛ دواتر لە ساڵی 2015دا لە شاری دەبڵینەوە بە فڕۆکە چووە تورکیا  و لەوێوە سنووری بەزاند و چووە رەققە. ئەو کاتە داعش رووبەرێکی زۆری خاکی سووریا و عێراقی لەژێر دەسەڵاتدا بوو.
 
لیزا سمس پێش چوونی بۆ رەققە ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو، بەڵام دوای ئەوەی نەیتوانی هاوژینەکەی رازی بکات بچێتە سووریا، لە ساڵی 2016 لێی جیابووەوە و دواتر لەگەڵ چەکدارێکی داعش ژیانی هاوژینی پێکهێنا. 
 
رۆژی دووشەممە 30-5-2022 دادگەییکردنی ئەو ژنە ئایرلەندییە لە "دادگەی تاوانی تایبەتی دەبڵین" بەڕێوەچوو؛ تۆنی هەنت، دادوەری دادگەکە رایگەیاند، لە دادگەییەکەدا روونبووەوە کە ئەو ژنە زانیاری تەواوی لەبارەی سووریا هەبووە، سەرەڕای ئەوەش ساڵی 2015 چووەتە سووریا و پەیوەندی بە داعشەوە کردووە. 
 
ماوەی 9 هەفتە بوو دادگەییکردنی ئەو ژنە دەستیپێکردبوو؛ رۆژی دووشەممەش کاتێک هەنت بڕیاری دادگەکەی خوێندەوە، لیزا سمس دەستی بە گریان کرد. 
 
لیزا سمس تۆمەتێکی دیکەی درابووە پاڵ، ئەویش پێشکێشکردنی بڕی 900 دۆلاری ئەمریکی بوو بۆ چارەسەریی تەندروستی بە پیاوێکی سووری دانیشتووی تورکیا؛ بەڵام دادگە رایگەیاند، سمس لەو تۆمەتەدا بێتاوان دەناسرێت، چونکە دەکرێت بەو جۆرە لێکدانەوە بۆ ئەو هەنگاوەی بکرێت کە پارەکەی وەک یارمەتی مرۆیی و بۆ بواری تەندروستی کەسێک خەرجکردووە کە پێویستی پێی بووە، نەوەک بەو جۆرەی کە "پارەدارکردنی تیرۆر" بووە. 
 
رەققە لە کانوونی دووەمی 2014دا کەوتە ژێر دەسەڵاتی داعش و دواتر داعش شارەکەی وەک پایتەختی خەلافەتەکەی راگەیاند؛ لە ئۆکتۆبەری 2017دا هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رەققەی کۆنتڕۆڵکرد و دواتریش لە ئاداری 2019دا باغۆزی وەک دوایین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعش لە بەری رۆژهەڵاتی فورات کۆنتڕۆڵکرد. 
 
ئەو ژنە لە 1ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2019دا لە فڕۆکەخانەی دەبڵین لەگەڵ کچەکەی دەستگیرکرا، ئەوەش کاتێک گەڕایەوە ئەو وڵاتە. بڕیارە رۆژی 11ی تەمموزی 2022یش دادگە سزای سمس دیاری بکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە