ئیبراهیم دۆغوش: بەم نزیكانە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەم
رووداو - هەولێر
لە هەڵبژاردنەكانی 2017دا بەربژێر بوو بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا، كەچی دەنگی پێویستی نەهێنا، بەڵام كۆڵی نەدا و ئەمجارەیان خۆی بۆ سەرۆكایەتی شارەوانیی شاری لامبێس پاڵاوت و دەنگی پێویستی هێنا.
ئیبراهیم دۆغوش، تەمەن 38 ساڵ كە بەڕەچەڵەك كوردە و خەڵكی شارۆچكەی ئەلبیستانی سەر بە پارێزگای مەرەش-ی باكووری كوردستانە، لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018ی شارەوانییەكانی بەریتانیا بە سەرۆكی شارەوانیی شاری لامبێس ( Lambeth) ی سەر بە لەندەنی پایتەخت هەڵبژێردرا. ئەو دەڵێت چەند جارێك سەردانی باشووری كوردستانی كردووە، لە چەند مانگی داهاتوودا دووبارە سەردانی كوردستان دەكاتەوە.
دۆغوش لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ بەشی توركی پۆرتاڵی (رووداو) دەڵێت، هاوژینەكەی رایفە ئایتەك كە خەڵی شارۆچكەی لجێی ئامەدە، لەپشت سەركەوتنەكانی بووە.
دۆغوش 30 ساڵە لە ئینگلتەرا نیشتەجێیە. لە تەمەنی 18 ساڵییەوە تێكەڵی سیاسەت بووە و بووەتە ئەندامی پارتی كرێكارانی ئینگلتەرا، كەسێكی چالاكی نێو پارتەكەی بووە، بۆیە ساڵی 2017 یەكێك لە بەربژێرەكانی پارتەكەی بوو بۆ پەرلەمانی بەریتانیا لە بازنەی لەندەن و وێستمینیستەر، توانی 9.25%ی دەنگەكانی پارتەكەی لەو بازنەیە بهێنێ، بەڵام دەنگی پێویستی بۆ گەیشتن بە پەرلەمان نەهێنا.
ئیبراهیم دۆغوش، ماوەی مانگێكە وەك سەرۆكی شارەوانیی لامبێس دەستبەكار بووە. ئەو دەڵێت: "ساڵانێكی زۆرە لە بەریتانیا سیاسەت دەكەم و لەم نێوەندەدا كاریگەریم هەبووە. لە ماوەی كاری بەردەوامی مانگێكدا، توانیم سەركەوتوو بم و بە سەرۆكی شارەوانیی لامبێس هەڵبژێردرێم"، بەڵام دەڵێت ئەو پۆستە جگە لە سەرقاڵی زۆر و زیادبوونی بەرپرسیارێتی و ئەركی سەرشانی گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی لە ژیانی ئەودا نەكردووە.
شێوازی بانگەشەكردن و كۆكردنەوەی دەنگ و گوتارەكانی، سەرنجی سیاسەتڤانان و خەڵكی شاری لامبێسی بۆ لای خۆی راكێشا و ناوبانگێكی باشی بەدەستهێنا. كوردی هەر چوار پارچەی كوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پشتیوانی بوون، بەڵام ئەو دەڵێت بۆ خزمەتكردن جیاوازی لە نێوان هیچ پێكهاتەیەكی شارۆچكەكەی ناكات.
دۆغوش دەڵێت: "وەك سەرۆك شارەوانیی شاری لامبێس، خزمەتی هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی ئەم شارە دەكەم و هەموو تواناكانم دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزارییان پێشكەش بكرێ".
ئیبراهیم دۆغوش، 24 ساڵە خواردنگەیەكی خۆی بەڕێوەدەبات. سەرۆك و دامەزرێنەری ناوەندی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی توركیا CEFTUS بوو كە ساڵی 2011 دایمەزراند. لە رێگەی پانێل و سەمینار و كۆڕ و كۆبوونەوەكانی ناوەندەكەیەوە توانیویەتی، ژمارەیەكی بەرچاو لێكۆڵەر و سیاسەتڤانی تورك و ئینگلیز كۆبكاتەوە.
ساڵی 2017 لە كاتی هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر لەندەن دەرگای خواردنگەكەی بۆ 500 پۆلیس كردەوە و رۆژانە خواردن و خواردنەوەی بێ بەرامبەری پێشكەش دەكردن. بەمەش دەوڵەت بەفەرمی سوپاسی كرد و كۆمەڵگەی لەندەنیش بە بایەخەوە باسیان كرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی وەك كەسایەتییەكی خۆشەویست بناسرێت.
لەم چەند ساڵەی رابردوودا چەندین خەڵاتی جۆراوجۆری بەدەستهێنا بەهۆی ئەوەی خاوەنی خۆشترین و باشترین كەبابە و ناوبانگێكی زۆری لە ئینگلتەرا هەیە، چەندین بەرنامە و راپۆرتیان لەگەڵ ساز كرد و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش باس دەكرا.
ئیبراهیم دۆغوش پێشتریش سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە، لە وەڵامی ئەوەی كە ئایا دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە، لە پلانیدا هەیە سەردانی هەرێمی كوردستان بكاتەوە؟ دۆغوش دەڵێت: "بەدڵنیایەوە بەڵێ، لە بەرنامەمدایە لە چەند مانگی داهاتوودا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەم. ئەگەر پێشهاتێكی چاوەڕواننەكراو نەیەتە پێش بەدڵنیاییەوە سەردانەكەم دەكەم".
ئامانجی سەردانەكەشی بۆ هەرێمی كوردستان رووندەكاتەوە و دەڵێت: "نیازم هەیە پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ شارەوانییەكانی كوردستان بەهێز بكەم".
ئیبراهیم دۆغوش لە تەمەنی 8 ساڵییەوە لە بەریتانیا نیشتەجێیە و تەواو تێكەڵی كۆمەڵگەی بەریتانی بووە، بۆیە ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكات كە روو لە ئەوروپا دەكەن و دەڵێت: "پێویستە تاكی كورد لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا بەشداربن لە كایە و چالاكییە كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، هونەری، ئابووری و سیاسییەكان. هەروەها وەك هاووڵاتییەكی ئەوروپی هەموو ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانیان بەشێوەیەكی كارا بەجێ بگەیێنن و خۆیان ماندوو بكەن و زۆر كار بكەن".
دۆغوش خێزاندارە و باوكی دوو منداڵە، هاوژینەكەی (رایفە ئایتەك) خەڵكی لیجەی سەر بە شاری ئامادە. ئەو زۆر پەسنی هاوژینەكەی دەدات و دەڵێت: "گرنگترین مرۆڤە لای من". ئیبراهیم پێیوایە ئایتەك نهێنی سەركەوتنەكانیەتی لە ژیان.
سەبارەت بە پلان و پرۆژەی داهاتوویان، ئیبراهیم دۆغوش دەڵێت: "هەوڵەكانم چڕ دەكەمەوە بۆ گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاری لەهەموو روویەك بۆ هاوشارانم. بەردەوام دەبم لە خزمەتكردنیان".